رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، وڵاتی پاکستان وەک نێوەندگیری رەسمی بۆ گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن دەمێنێتەوە، هاوکات ئاماژە بەوە دەکەن کە گەیشتن بە ئەنجامی خێرا لەو دانوستانانەدا کارێکی واقیعی نییە.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی هەوڵدەدات لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە بگاتە رێڕەوێک کە تێیدا کۆتاییهاتنی تەواوەتی مەترسییەکانی جەنگ مسۆگەر بکات.

جەختیشی کردەوە، پرۆسەی گفتوگۆکان کاتی دەوێت و چاوەڕوانییەکان بۆ ئەنجامی خێرا لە جێی خۆیاندا نین.

لەلایەکی ترەوە، رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە؛ ئێران لەبەردەم فشارێکی توندی سەربازی و ئابوریدایە و نەیتوانیوە گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی بشکێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیمارات هۆشداری دەداتە هاوڵاتیانی لە گەشت كردن بۆ ئێران و لوبنان و عیراق و داوا دەكات، ئەگەر لەوێن بەزووترین كات بگەڕێنەوە.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە، بڕیاریانداوە بە قەدەغەكردنی گەشتی هاوڵاتییانیان بۆ ئێران و لوبنان و عیراق، داواشی لە هاوڵاتییانی ئیماراتی لەو سێ وڵاتە كردووە بەزووترین كات بگەڕێنەوە وڵاتەكەی خۆیان.

ئەوەشی خستووەتەڕو، پێویستە هاوڵاتییانی ئیماراتی لە ئێران و لوبنان و عیراق لەزووترین كاتدا پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتەوە بكەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی بۆ ئەو هاوڵاتییانە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی كۆتاییهێنان بە گەمارۆكانی سەر گەروی هورمز دەكات و دەڵێت، ئێران و وڵاتانی كەنداو چارەنوسیان هاوشێوەیە.

موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، وڵاتانی زلهێزی جیهان بە چاوچنۆكییەوە لە گەروی هورمز دەڕوانن و ساڵانێكی دورودرێژە چاوی چاوچنۆکییان لەسەر گەرووەكە نەبڕاوە.

دەشڵێت: ئێران و وڵاتانی دراوسێ لە كەنداو چارەنوسیان هاوشێوەیە.

موجتەبا خامنەیی هەڕەشەی كۆتاییهێنان بە دەستدرێژی و گەمارۆكانی سەر گەروی هورمزیش دەكات و دەڵێت: ئەمریكا توانای پاراستنی بنكەكانی خۆی نییە لە ناوچەكە، نەك پاراستنی هاوپەیمان و لایەنگرانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی زیادبوونی فشارەکان و دەنگۆی گەمارۆدانی دەریایی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هێرش دەکاتە سەر راوێژکارانی واشنتۆن و هۆشداری لە گەیشتنی نرخی نەوت بۆ 140 دۆلار دەدات.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکی تونددا وەڵامی ئەو دەنگۆ و پێشنیازانە دەداتەوە کە باس لە گەمارۆدانی دەریایی و هێرشکردنە سەر بیرە نەوتەکانی ئێران دەکەن.

قالیباف بە شێوازێکی تەنزئامێز ئاماژەی بەوەکردووە، سێ رۆژ بەسەر هەڕەشەکاندا تێپەڕی و هیچ بیرە نەوتێک نەتەقییەوەتەوە.

وتیشی: "دەتوانین ئەو کاتە بۆ 30 رۆژ درێژ بکەینەوە و پەخشی راستەوخۆی بیرە نەوتەکانیش نیشان بدەین."

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هێرشیکردە، سەر راوێژکارانی ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو جۆرە ئامۆژگارییە بێمانایانەی دەدرێنە واشنتۆن، نرخی نەوتیان گەیاندووەتە 120 دۆلار و لە وێستگەی داهاتووشدا نرخەکەی دەگاتە 140 دۆلار. جەختیشی کردەوە کە کێشەکە تەنها لە تیۆرییەکاندا نییە، بەڵکو لەو عەقڵییەتەدایە کە هاندەری گەمارۆدانی ئێرانە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری ئێران جەختدەکاتەوە، هەوڵەکان بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر تاراندا بێ ئەنجام بووە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی سنوردارکردن و گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و سەرکۆنەکراوە و دان پێدانانە بە شکست.

پزیشکیان ئاماژەی بەوەکرد، "دوژمن" شێوازەکەی گۆڕیوە و پەنای بۆ سەپاندنی فشارە ئابورییەکان و گەمارۆی دەریایی بردووە دژی حکومەت و گەلی ئێران. وتیشی: "ئاوە هەرێمییەکان جێگەی سەپاندنی بڕیاری تاکلایەنە نین، بەڵکو بەشێکن لە سیستمی نێودەوڵەتی و پاراستنی ئاسایشەکەی تەنها لەڕێگەی هەماهەنگییەوە دەبێت."

سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە، بوونی هێزە بیانییەکان لە ناوچەکەدا، تەنها دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و ناسەقامگیرکردنی ئاوە هەرێمییەکان، ئەوەشی خستەڕوو، بوونی ئەو هێزانە هیچ خزمەتێک بە ئاسایشی ناوچەکە ناکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كۆمەڵەی مانگی سووری لیبیا و سەرچاوە ئەمنییەكان رایانگەیاند، تەرمی 17 كۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست دەرهێنراون و 9ی دیكەش بێسەروشوێنن.

بەپێی راپۆرتەكان، بەهۆی پەككەوتنی بەلەمەكەیانەوە بۆ ماوەی هەشت رۆژ، ئەو كۆچبەرانە لەناو دەریادا گیریان خواردبوو، تیمەكانی رزگاركردن توانییان حەوت كەس بە زیندوویی رزگار بكەن.

سەرچاوە ئەمنیەكان دەڵێن، ئەم ئۆپراسیۆنە بە هاوكاری هێزی دەریایی و پاسەوانی كەناراوەكان لە نزیك شاری توبڕوق لە رۆژهەڵاتی لیبیا ئەنجامدراوە.

هاوكات دادگای تەرابلوس سزای 22 ساڵ زیندانیی بەسەر چوار قاچاخچیدا سەپاند كە تێوەگلابوون لە رفاندن و ئەشكەنجەدانی كۆچبەران.

لیبیا وەك وێستگەیەكی سەرەكی كۆچبەرانی ئەفریقا و وڵاتانی ناوچەكە دەبینرێت كە بەهۆی هەژاری و جەنگەوە روودەكەنە ئەوروپا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی ئیسرائیل کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچە سنورییەکانی لوبنان بە بوونی دەسەڵاتێکی کردەیی و خاوەن بڕیار لە لایەن سوپای ئەو وڵاتەوە دەبەستێتەوە.

لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و مەیدانییەکانی دژی حزبوڵا لە لوبنان، گیدۆن سەعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند؛ وڵاتەکەی تەنها ئەو کاتە لە لوبنان دەکشێتەوە کە "دەسەڵاتێکی کردەیی و راستەقینە بۆ حکومەت و سوپای لوبنان لە ئارادا بێت".

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، جەختی لەوەکردەوە، ئیسرائیل "هیچ بەرژەوەندییەکی خاکی لە لوبناندا نییە"، بەڵام حزبوڵا بە پێچەوانەی ویستی حکومەتی لوبنانەوە کار دەکات، وتیشی: "ئیسرائیل بەو شێوەیەی کە بە گونجاوی دەبینێت، وەڵامی هەر هێرشێکی حزبوڵا دەداتەوە".

سەبارەت بە تاران، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکەی دەرفەت دەداتە رێڕەوی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران، بەڵام هۆشداری دا کە ئەگەر دانوستانەکانی ئەمریکا شکستی هێنا، ئیسرائیل جارێکی تر پێداچوونەوە بە بژاردەی سەربازیدا دەکاتەوە.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، بوونی موشەک و درۆن لای حزبوڵا وادەکات کارە سەربازییەکانیان لە لوبنان بەردەوام بێت.

ئەمە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێنجشەممەی رابردوو درێژکردنەوەی ئاگربەستی راگەیاند کە لە 17ـی نیسانی 2026ـەوە دەستی پێکردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێشێلکارییەکان لە هەردوولا بەردەوامییان هەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەواڵگری ئیسرائیل جەختدەكاتەوە، موجتەبا خامنەیی لە ژیاندا ماوە، بەڵام رەوشی تەندروستی  ناجێگیرە.

ماڵپەری ئەكسیۆس لە زاری چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگری ئیسرائیلەوە دواین زانیاری لە بارەی رەوشی موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵای ئێران بڵاوكردەوە، جەختی كردووەتەوە لەوەی موجتەبا خامنەیی هێشتا لە ژیاندا ماوە، بەڵام تەمومژێكی زۆر لەسەر بارودۆخی تەندروستیی هەیە.

ئاماژەیان بەوەشكردوە، رەوشی تەندروستی موجتەبا بە شێوەیەك سەختە، كە ناتوانێت لەناو خەڵكدا دەربكەوێت یان راستەوخۆ فەرمان دەربكات بۆ بە ڕێوەبردنی وڵات.

هاوكات، راپۆرتەكانی ئاژانسی هەواڵگری نیشتمانی ئەمریكا ئاماژە بەوەدەكەن، كە موجتەبا خامنەیی لە ژیاندایە بەڵام تەندروستی رێگای پێنادات كارەكانی وەك رابەری ئەو وڵاتە بەرێبكات.

ئەمە لە كاتێكدایە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەكان رایگەیاندووە، ئێران بە نێوەندگیرانی راگەیاندووە، پێویستی بە چەند رۆژێك دەبێت بۆ راوێژ سەبارەت بە مەرجەكانی ئەمریكا بۆ ئاشتی لە ناوچەكە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە جووڵەی گواستنەوەی دەریایی لە رێگەی گەروی هورمزەوە لە مانگی شوباتەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی نیمچە تەواو وەستاوە.

ستێفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە سەکۆیەکی داتای نوێ کرد کە لەلایەن رێکخراوی (ئۆنکتاد)ەوە دەستپێکراوە بۆ چاودێریکردنی جووڵەی کەشتیوانی، نرخەکانی خۆراک، وزە و بازاڕە داراییەکان کە بەهۆی سنووردارکردنە بەردەوامەکان لە تەنگەکەدا کاریگەر بوون.

دوجاریک رایگەیاند کە داتاکان دەریدەخەن تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانەی پەیوەستن بە گەروی هورمزەوە، لە 28ی شوباتەوە بە رێژەی 95.3٪ دابەزیوە. هەروەها وتیشی: "نرخی کاڵا خۆراکییەکان بە رێژەی 6٪ بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا نرخی نەوتی خاو لە ئەورووپا لەو بەروارەوە تا ئێستا 53٪ زیادیکردووە.

شایەنی باسە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتدا، تاران وەک کاردانەوەیەک تەنگەی هورمزی بە کردەیی داخست، ئەم داخستنەش بووەتە هۆی شڵەژانی گەورە لە بازرگانیی جیهانیدا، بەرزبوونەوەی توندی نرخی وزە و گرتنەبەری رێکاری بەپەلە بۆ رێگریکردن لە کەمیی سووتەمەنی. لە ئێستادا پرسی کردنەوەی گەروەکە یەکێکە لە گرنگترین خاڵە جێناکۆکەکانی ناو دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند کە بڕیاری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کشانەوە لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ئۆپێک، بە "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دادەنرێت.

لە راپۆرتەکەی ئاژانسەکەدا هاتووە: چوونە دەرەوەی ئیمارات لە ئۆپێک سەرکەوتنە بۆ دۆناڵد ترەمپ، کە لە وتارەکەیدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا، رێکخراوەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی نرخی نەوتەوە سوود لە جیهان وەردەگرێت.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە کە ترەمپ پێشتر پەیوەندی دروستکردبوو لە نێوان پشتگیرییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی کەنداو و ئاستی نرخی نەوت، کاتێک وتبووی: لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرگری لە ئەندامانی ئۆپێک دەکات، ئەوانیش سوود لەوە وەردەگرن و نرخی بەرز بۆ نەوت دەسەپێنن.

چاودێران بەپێی ئاژانسەکە پێیان وایە کە کشانەوەی بەرهەمهێنەرێکی سەرەکی وەک ئیمارات لە ئۆپێک، توانای رێکخراوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕە جیهانییەکان لاواز دەکات، ئەمەش لەگەڵ خواستی ئیدارەی ئەمریکا دەگونجێت بۆ دابەزاندنی نرخی وزە.

شایەنی باسە، ئاژانسی هەواڵی ئیمارات (وام) بەیانی ئەمڕۆ، سێشەممە رایگەیاند کە دەوڵەتی ئیمارات بە رەسمی لە یەکی ئایاری ساڵی داهاتووەوە (٢٠٢٦) کۆتایی بە ئەندامێتی خۆی لە رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس دەهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی بەریتانیا بە رەسمی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە لەندەن بانگێشت کرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەکی توند بەرامبەر بەو زنجیرە پۆست و لێدوانانەی کە باڵیۆزخانەی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردوونەتەوە و بەریتانیا بە "هاندەر بۆ توندوتیژی" وەسفیان دەکات.

هامیش فالکۆنەر، وەزیری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەریتانیا، لە بەیاننامەیەکی رەسمیدا رایگەیاند کە لێدوانەکانی باڵیۆزخانەی ئێران "بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین".

ناوبراو هۆشداریی دایە دیپلۆماتکارانی ئێرانی و جەختی کردەوە کە دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بەو جۆرە گوتارانە بهێنن کە دەکرێت وەک هاندان بۆ ئەنجامدانی کاری توندوتیژی لە ناوخۆی خاکی بەریتانیا یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکبدرێتەوە.

ئەم گرژییە نوێیەی نێوان لەندەن و تاران لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕن، و بەریتانیا هۆشداری دەدات کە رێگە نادات هیچ لایەنێکی بیانی لە رێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە ئاسایشی ناوخۆیی و سەقامگیری نێودەوڵەتی بخاتە مەترسییەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حكومەتی ئێران كۆتوبەندەكانی سەر هێڵی ئینتەرنێتی بۆ كۆمپانیا بازرگانییەكان كەمكردەوە و دەشڵێت، لەگەڵ ئاسایبوونەوەی رەوشی ناوچەكە ئینتەرنێت بۆ هاوڵاتییانی مەدەنیش بەردەست دەبێتەوە.

فاتیمە مەهرەجانی، وتەبێژی حكومەتی ئێران رایگەیاند، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر پلانی " ئینتەرنێت پرۆ"، كە تایبەتە بە كەمكردنەوەی كۆتوبەندەكانی سەر هێڵی ئینتەرنێت بۆ كۆمپانیا بازرگانییەكان، ئەویش لەپێناو راییكردنی كاروبارەكانیان لەكاتی قەیراندا.

ئەوەشی خستەڕو، هەركاتێك لایەنی پەیوەندیدار ئاساییبوونەوەی رەوشی ناوچەكەی راگەیاند، رەوشی ئینتەرنێت ئاسایی دەبێتەوە و جارێكی تر بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی بەردەست دەبێتەوە.

وتەبێژی حكومەتی ئێران جەختیلەوەشكردەوە، حكومەتی ئێران بە هانای داواكارییەكانی گەلی ئێرانەوە دەچێت و باوەڕی تەواوی بەوە هەیە دەستگەیشتن بە هێڵی ئینتەرنێت یەكێك لە مافەكانی هاوڵاتیانی مەدەنی.
ئەوەش لەكاتێكدایە، بەهۆی جەنگی ئەمریكا و ئێرانەوە نزیكەوەی دوو مانگە هێڵی ئینتەرنێت لەناوخۆی ئێران بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی قەدەغەكراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دوای زیاتر لە دوو مانگی کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروست ببوو، گەڕایەوە ناو هۆڵی دادگا بۆ بەردەوامبوون لە پێدانی وتە لەبارەی دۆسیەکانی گەندەڵییەوە. 

رۆژنامەی (تایمز ئۆف ئیسرائیل) ئاماژەی بەوەکردوە،  هەرچەندە بڕیار بوو دانیشتنەکە دوێنێ دەست پێ بکاتەوە، بەڵام بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە کە پارێزەرەکەی نەتانیاهۆ پێشکەشی دادگای کردبوو، بۆ ئەمڕۆ دواخرا.

 نەتانیاهۆ تا ئێستا 80 جار لەبەردەم دادوەردا قسەی کردووە و لە ئێستادا لە کۆتایییەکانی قۆناغی لێپرسینەوەدایە سەبارەت بەو دۆسیەی، کە تێیدا تۆمەتبارە بەوەی بڕیارێکی رێکخستنی دەرکردووە، کە بە بڕی سەدان ملیۆن شیکڵی ئیسرائیلی سودی دارایی بە شاول ئەلۆڤیچ، خاوەنی کۆمپانیای پەیوەندییەکان گەیاندووە.

بەپێی خەمڵاندنی داواکاری گشتی، نەتانیاهۆ هێشتا چوار بۆ هەشت دانیشتنی تری لەبەردەم ماوە،  کە پەیوەندی بە رێککەوتنێکی گوماناوییەوە هەیە لەگەڵ ئارنون مۆزیس، خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت.

دەستپێکردنەوەی ئەم دانیشتنانە لە کاتێکدایە کە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، داواکارییەکی رەسمی نەتانیاهۆی بۆ لێبووردنی گشتی رەتکردەوە، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فشارێکی زۆری لەو بارەیەوە دروست کردبوو.

لە ساڵی 2019، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە سێ تۆمەتی گەندەڵی تۆمەتبار کرا، یەکێک لەوانە وەرگرتنی نزیکەی 700 هەزار شیکڵە، کە دەکاتە، 210 هەزار دۆلار، وەک دیاری لە بازرگانانەوە و لە ساڵی 2020 دادگایکردنی دەستی پێکردوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە بۆسەر باشوری لوبنان 55 كەس كوژران برینداربوون و داوای گرەنتی چەكداماڵینی حزبوڵاش دەكرێت.

وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند، بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچەكانی باشوری لوبنان، كوژرانی چوار كەسی لێكەوتووەتەوە كە یەكێكیان ژن بووە و 51 كەسیش برینداربوون كە سیانیان منداڵن.

سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، ژێرخانی حزبوڵایان لە رۆژهەڵات و باشوری لوبنان كردوەتە ئامانج، لە رۆژانی رابردووشدا زیاتر لە 50 ژێرخانی حزبوڵایان لە باشوری لوبنان لەناوبردووە و لە نێویاندا بارەگایەك كە لە ژێر زەویدا بووە و بۆ ئەنجامدانی هێرش بەكارهێنراوە.

تائێستاش چەندین جار حزبوڵا و ئیسرائیل یەكتریان بە پێشێلكردنی ئاگربەست تۆمەتبار كردووە، لە دواین لێدوانیشدا یسرائیل كاتز وەزیری بەگری ئیسرائیل داوای گرەنتی چەك داماڵینی حزبوڵای لە حكومەتی لوبنان كردووە و رایگەیاندووە، دەتوانن هاوكاربن لە پرۆسەی چەكداماڵینی حزبوڵادا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ چونە نێو سێیەم هەفتەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەسەر  بەندەرەکانی ئێران، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

بەپێی داتاکانی دامەزراوەی "کێپلەر"، کە تایبەتە بە چاودێری هاتوچۆی دەریایی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 1.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بووەتەوە، کە ئەمەش بە واتای نیوەبوونی ئاستی پێش گەمارۆکانی ئەمریکا دێت.

ئەو دامەزراوەیە ئاماژەی بەوەشکردوە، ه توانای بهەناردەکردنی رۆژانەی نەوت لە دوو ملیۆن بەرمیلەوە بۆ تەنها 560هەزار بەرمیل دابەزیوە، ئەمەش نیشانەی کاریگەرییە توندەکانی ئەو گەمارۆیەیە لەسەر هەناردەی نەوتی تاران.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردوەتەوە، تاران هەوڵ دەدات لە رێگەی هێڵی شەمەندەفەرەوە نەوت بۆ چین بگوازێتەوە، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەم هەنگاوە نە ئابورییە و نە دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی کارا بۆ گواستنەوەی دەریایی. 

ئەم قەیرانە لە کاتێکدایە کە پسپۆرانی بوارەکە دەڵێن، کۆگاکانی نەوتی ئێران لە ئێستادا  49 ملیۆن بەرمیل نەوتیان تێدا خەزن کراوە، خەریکە توانای وەرگرتنیان نامێنێت و پڕ دەبن؛ ئەمەش مەترسی ئەوەی دروست کردووە کە پرۆسەی بەرهەمهێنان بە تەواوی رابگیرێت.

لە ئەگەری راگرتنی پرۆسەی بەرهەمهێنندا، کە لە دەستپێکی گەمارۆکانەوە دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی پێکرد بوو،  دەبێتە هۆی زیانی کوشندە و بۆ ژێرخانە نەوتی ئێران، کە رەنگە قەرەبوکردنەوەی ئەستەم بێت.

بەردەوامی گەمارۆکانی ئەمریکا، کە بەردەوام لێپرسراوانی تاران داوای شکاندنی دەکەن، نەک هەر ئابوری ئێرانیان ئیفلیج کردووە، بەڵکو سەرچاوە داراییەکانی سوپای پاسدارانیشیان بە شێوەیەکی بێپێشینە کردوەتە ئامانج و گوشارێکی زۆریان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی تاران دروست کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەباس عراقچی، ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیا رایگەیاند، هیواخوازە گەلی ئێران ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و ئاشتی سەربگرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، هەفەتی رابردوو پەیامێکی لە رێبەری  باڵای ئێرانەوە پێگەیشتوە.

 فالدیمیر پوتنی سەرۆکی روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە زووترین کات و  لەو جەنگەی دروست بووە، گەلی ئێران ئازایانە و قارەمانانە لە پێناو سەروەری خۆیان دەجەنگن.

سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەشکرد،  لەسەر رەوشی ناوچەکە هەفتەی رابردوو نامەیەکی لە موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێرانەوە پێگەیشتوە، بەبێ ئەوەی باسی ناوەڕۆکی نامەکە بکات بۆ میدیاکان.

لای خۆشیەوە عەباس عراقچی، وەزیر دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پەیوەندی نێوان روسیا و ئێران هاوبەشییەکی ستراتیژییە، بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی.

عەراقچی جەختیکردەوە،  گەلی ئێران بە ورەی خۆیان توانیویانە روبەڕویی دەستدرێژی ئەمریکا و ئیسرائیل ببنەوە و بە خۆڕاگری دەمێننەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...5960616263...187