میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دوای زیاتر لە دوو مانگی کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروست ببوو، گەڕایەوە ناو هۆڵی دادگا بۆ بەردەوامبوون لە پێدانی وتە لەبارەی دۆسیەکانی گەندەڵییەوە. 

رۆژنامەی (تایمز ئۆف ئیسرائیل) ئاماژەی بەوەکردوە،  هەرچەندە بڕیار بوو دانیشتنەکە دوێنێ دەست پێ بکاتەوە، بەڵام بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە کە پارێزەرەکەی نەتانیاهۆ پێشکەشی دادگای کردبوو، بۆ ئەمڕۆ دواخرا.

 نەتانیاهۆ تا ئێستا 80 جار لەبەردەم دادوەردا قسەی کردووە و لە ئێستادا لە کۆتایییەکانی قۆناغی لێپرسینەوەدایە سەبارەت بەو دۆسیەی، کە تێیدا تۆمەتبارە بەوەی بڕیارێکی رێکخستنی دەرکردووە، کە بە بڕی سەدان ملیۆن شیکڵی ئیسرائیلی سودی دارایی بە شاول ئەلۆڤیچ، خاوەنی کۆمپانیای پەیوەندییەکان گەیاندووە.

بەپێی خەمڵاندنی داواکاری گشتی، نەتانیاهۆ هێشتا چوار بۆ هەشت دانیشتنی تری لەبەردەم ماوە،  کە پەیوەندی بە رێککەوتنێکی گوماناوییەوە هەیە لەگەڵ ئارنون مۆزیس، خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت.

دەستپێکردنەوەی ئەم دانیشتنانە لە کاتێکدایە کە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، داواکارییەکی رەسمی نەتانیاهۆی بۆ لێبووردنی گشتی رەتکردەوە، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فشارێکی زۆری لەو بارەیەوە دروست کردبوو.

لە ساڵی 2019، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە سێ تۆمەتی گەندەڵی تۆمەتبار کرا، یەکێک لەوانە وەرگرتنی نزیکەی 700 هەزار شیکڵە، کە دەکاتە، 210 هەزار دۆلار، وەک دیاری لە بازرگانانەوە و لە ساڵی 2020 دادگایکردنی دەستی پێکردوە.