بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران گەیشتوەتە نیوە و کۆگاکانی نەوت نزیکن لە پڕبوون
بڵند
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦
لەگەڵ چونە نێو سێیەم هەفتەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەسەر بەندەرەکانی ئێران، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی "کێپلەر"، کە تایبەتە بە چاودێری هاتوچۆی دەریایی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 1.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بووەتەوە، کە ئەمەش بە واتای نیوەبوونی ئاستی پێش گەمارۆکانی ئەمریکا دێت.
ئەو دامەزراوەیە ئاماژەی بەوەشکردوە، ه توانای بهەناردەکردنی رۆژانەی نەوت لە دوو ملیۆن بەرمیلەوە بۆ تەنها 560هەزار بەرمیل دابەزیوە، ئەمەش نیشانەی کاریگەرییە توندەکانی ئەو گەمارۆیەیە لەسەر هەناردەی نەوتی تاران.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردوەتەوە، تاران هەوڵ دەدات لە رێگەی هێڵی شەمەندەفەرەوە نەوت بۆ چین بگوازێتەوە، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەم هەنگاوە نە ئابورییە و نە دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی کارا بۆ گواستنەوەی دەریایی.
ئەم قەیرانە لە کاتێکدایە کە پسپۆرانی بوارەکە دەڵێن، کۆگاکانی نەوتی ئێران لە ئێستادا 49 ملیۆن بەرمیل نەوتیان تێدا خەزن کراوە، خەریکە توانای وەرگرتنیان نامێنێت و پڕ دەبن؛ ئەمەش مەترسی ئەوەی دروست کردووە کە پرۆسەی بەرهەمهێنان بە تەواوی رابگیرێت.
لە ئەگەری راگرتنی پرۆسەی بەرهەمهێنندا، کە لە دەستپێکی گەمارۆکانەوە دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی پێکرد بوو، دەبێتە هۆی زیانی کوشندە و بۆ ژێرخانە نەوتی ئێران، کە رەنگە قەرەبوکردنەوەی ئەستەم بێت.
بەردەوامی گەمارۆکانی ئەمریکا، کە بەردەوام لێپرسراوانی تاران داوای شکاندنی دەکەن، نەک هەر ئابوری ئێرانیان ئیفلیج کردووە، بەڵکو سەرچاوە داراییەکانی سوپای پاسدارانیشیان بە شێوەیەکی بێپێشینە کردوەتە ئامانج و گوشارێکی زۆریان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی تاران دروست کردووە.



