هاوسەرۆکی پەیەدە دەڵێت: لایەنە کوردییەکان ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بکەن، بەڵام بانگهێشتكردنی لایەنێك بە تەنها بۆ كۆبونەوە لەگەڵ دیمەشق، هەوڵێكە بۆ دابەشكردنی كورد.

غەریب حەسۆ هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لەمیانی بەشداریکردنی لە ستۆدیۆی 8ـی کوردسات نیوز رایگەیاند، کورد پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە سوریا، دەبێت لە داهاتووی سوریا  پێگەی کورد پارێزراوبێت.

وتیشی، پێویستە کورد بە یەک دەنگ  و یەک هەڵوێستی بچێتە دیمەشق و دەبێت هەموو لایەنەکان پێکەوە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی سوریا بکەن.

غەریب حەسۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لایەن دەیانەوێت رێگری لە یەکدەنگی و یەکدەستی کورد بکەن، ئەمەش زیان بە داهاتووی کورد دەگەیەنێت لە سوریا.

راشیگەیاند، ئێمە داوای یەکگرتووی خاکی سوریا دەکەین، کورد دژی دابەشبوونی خاکی سوریایە، هاوکات دەبێت لە چوارچێوەی دەستور و دیموکراسیدا پرسەکان چارەسەر بکرێت، هەرەوەها نابێت بەرخۆدانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا لە یادبکرێت.

ئەوەشی خستەڕو، کۆبوونەوەی ئەنەکەسە بە تەنها لەگەڵ حکومەتی دیمەشق هیچ ئەنجامێکی نابێت و هیچ دەرئەنجامێکی ئەو کۆبوونەوەیەش قبوڵ ناکرێت، هەروەها ئەنەکەسە تەنها نوێنەرایەتی خۆی دەکات، نەک نوێنەرایەتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.

هاوسەرۆکی پەیەدە دەشڵێت، ئەگەر ئەنەکەسە بە تەنیا بچێتە دیمەشق کێشە لە نێوان هەموو لایەنەکان دروستدەکات و ناکۆکییەکان زیاد دەکات، هەوەرها پێویستە ئەنەکەسە لەسەر ئەو کۆبوونەوە رونکردنەوە بدات.