عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوا لە هۆزە عەربییەکانی ناوچەی جزیرە، دێرەزور، رەقە و تەبقا دەکات، لەسەر بنەمای سیستمی دیموکراسی پشتگیری لە کورد و هەسەدە بکەن.

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ سەرۆک هۆزە عەرەبییەکانی سوریا بڵاوکرایەوە و تێیدا داوادەکات، هەمووان یەکسان بن و ئازاد بن و پێکەوە خۆیان بەڕێوەببەن.

عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان"پەکەکە" پەیامێکی ئاڕاستەی هۆزەكانی ناوچەی جزیرە، دێرەزور، رەقە و تەبقا کرد و ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر بنەمای سیستمی دیموکراسی پشتیوانی لە کورد و هەسەدە بکەن .

لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا بۆ هۆزە عەرەبەکان هاتووە، یەکێتی و پشتگیریتان لەسەر بنەمای سیستمی نەتەوەی دیموکراسی هەڵگری مانایەکی گرنگە، هەروەها ئێوە بەم یەکێتییەتان پەیوەندی و هاوپەیمانی نێوان گەلانی کورد و عەرەب بونیاد دەنێن.

ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دڵی مێژوو و رابردووتاندا، دۆستایەتی و برایەتی نێوان گەلانی عەرەب و گەلی کورد هەمیشە لە پێشینە بووە، تەنانەت ئەم دۆستایەتییە، لە سەردەمی دەرکەوتنی محمد پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، رێگەی بە زۆربەی کوردەکان داوە بە ئاسانی بەشداری ناو ئاینی ئیسلام ببن.

راشیگەیاندووە، ئەم پەیوەندییە کە ئەمڕۆ ئێوە بەڕێوەی دەبەن لەلایەنێکەوە مێژووییە و لەلایەنێکی دیکەوە کۆمەڵایەتییە، هەروەها خاوەن بناغەیەکی سیاسیشە، هەربۆیە واتا و گرنگییەکی گەورە بەم هەڵوێست و یەکێتییە لە سوریا دەدەن، پشتگیریی لە خوشک-برایەتی و هاوپەیمانی نێوان گەلانی کورد و عەرەب دەکەم، چونکە بناغەیەکی مێژوویی هەیە.

عەبدوڵا ئۆجەلان دەشڵێت، دەبێت هەمووان یەکسان بن، ئازاد بن، پێکەوەبژین، خۆیان بەڕێوەببەن، دەبێت لەسەر ئەم بنەمایە یەکسانی و دادپەروەریی بونیادبنرێت، دەبێت کورد و عەرەب پێکەوەبژین. ئەمەش گرێدراوە بە پشتگیرییتان بە هەسەدەوە، پشتگیریتان بۆ هەسەدە هەڵگری واتایەکی گەورەیە.