جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا هیچ مانایەکی بۆ ئەوان نیە بەهۆی نەبوونی حکومەتێکی چالاک لە غەززە.
جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا وڵاتەکەی هیچ پلانێکی نیە بۆ داننان بەدەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا و ئەوکارە هیچ مانەیەکەی نیە بەلای ئەمریکاوە, چونکە هیچ حکومەتێکی چالاک لە کەرتی غەززە بوونی نیە، لەوبارەیەوە رۆژی یەکشەمە لەگەڵ دەیڤد لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەو گفتوگۆدەکات.
راشیگەیاند، هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ئامانجەکانی ئاشکرایە، بەردەوامیشدەبێت لەسەر بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڤانس وتیشی، رەنگە بەریتانیا و ئەمریکا جیاوازبن لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی غەززە، بەڵام ئامانجی هاوبەشیان لە ناوچەکەدا هەیە.
زیاتر لە 140 وڵات لە کۆی 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان فەلەستین وەک دەوڵەتێک دەناسن، ئەو وڵاتانەش روسیا و چین و هیندستانیشیان تێدایە، لە کۆی 27 ئەندامی یەکێتی ئەوروپاش تەنها چەند وڵاتێکی کەمیان دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە، کە پێشتر سەر یەکێتیی سۆڤیەتی جارانبوون.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە کۆبونەوەی کابینەی ئەمنی بچووککراوەی ئیسرائیل (کابینێت) پیشنیازیکردوە، رزگارکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان لە دەرەوەی پلانی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە بێت.
ئیال زامیر سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەمیانەی بەشداریکردنی لە کابینەی بچوکراوەی ئەمنی (کابینێت) کە ماوەی 10 کاتژمێری خایاند رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی پلانی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە پێویستیان بە 200 هەزار سەربازی یەدەگ هەیە کە پێشتر خزمەتی زۆریان لە سوپادا کردوە.
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل پێشنیازیکردوە، رزگارکردنی بارمەتە ئیسرائیلیەکان لە دەرەوەی پلانی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە بێت.
راشیگەیاندوە، بۆ شەڕی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی غەززە پێویستیان بە بنیادنانی ژێرخانی مرۆیی هەیە وەک، دروستکردنی نەخۆشخانە بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی و زیادکردنی بڕی هاوکاریە مرۆییەکان بۆ دانیشتوانی غەززە.
لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، ئیسرائیل زۆربەی ناوچەکانی کەرتی غەززەی کۆنترۆڵکردوە، جگە لە چەند ناوچەیەکی کەم، بەپێی وتەی لێپرسراوە ناوخۆییەکانی فەلەستینیش، ئەو ناوچانەی کە ئیسرائیل کۆنترۆڵی نەکردون تەنها 10٪ بۆ 15٪ ی خاکی کەرتی غەززەیە.
ئەمڕۆ لە شاری حەسەکە، کارەکانی کۆنفرانسی "یەکڕیزیی هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا" بە دەرکردنی راگەیەندراوێک کۆتایی کۆتایی هات.
بەشداربووان جەختیان لەسەر پێویستیی چەسپاندنی فرەیی نەتەوەیی، ئایینی و رۆشنبیری لە پێکهاتە سیاسییەکاندا کردەوە و داوای پەیڕەوکردنی دەستوورێکی دیموکراتییان کرد کە لامەرکەزییەت لە حوکمڕانیدا و بەشداریی کارای هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات. هەروەها راگەیەندراوەکە داوای بەستنی کۆنگرەیەکی نیشتمانیی گشتگیری سوری و دەستپێکردنی رێڕەوێکی دادپەروەریی گواستنەوەی کرد بۆ گەڕانەوەی ئارام و شکۆمەندانەی ئاوارەکان، هاوکات گۆڕانکاریی دیمۆگرافیشی رەتکردەوە.
راگەیەندراوەکە، کە لەلایەن حەسەن فەرحان، سەرۆکی هۆزی تەی عەرەبی خوێندرایەوە، ئاماژەی بەوەدا کە کۆنفرانسەکە لە قۆناغێکی نیشتمانیی هەستیاردا و لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی هاوبەشەوە بەرامبەر ئێستا و داهاتووی وڵات بەستراوە، تیایدا نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە لە کورد، عەرەب، سریانی ئاشووری، تورکمان، ئەرمەن، چەرکەس و ئەوانی دیکە کۆبوونەتەوە بۆ دەربڕینی پابەندبوونی هاوبەشیان بە رێڕەوێکی نیشتمانیی دیموکراتیی گشتگیر کە لەسەر بنەمای فرەیی، هاوبەشی و هاووڵاتیبوونی یەکسان دامەزراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو رەفتار و کردەوانەی ئەمڕۆ لەم قۆناغە مێژووییە چارەنووسسازەدا دژی رۆڵەکانی گەلی سوریا ئەنجام دەدرێن، بەتایبەتی ئەوەی بەرامبەر رۆڵەکانمان لە کەناراوەکان، سوەیدا و مەسیحییەکان کرا، دەچنە ئاستی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی بێلایەن و کاری شەفافانە هەیە بۆ دیاریکردنی تاوانباران، هەرکەسێک بن."
کۆنفرانسەکە جەختی لەوە کردەوە کە فرەیی نەتەوەیی، ئایینی و رۆشنبیری لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سەرچاوەی دەوڵەمەندی و هێزە و مۆدێلی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریشی بە ئەزموونێکی بەشداریپێکردنی گەشەسێن و نموونەیەکی زیندووی حوکمڕانیی کۆمەڵایەتیی دیموکراتی لەقەڵەمدا.
بەشداربووان ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ قوربانییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەربڕی و بە بنەمای پێویست بۆ بنیادنانی سوپایەکی نیشتمانیی نوێی سوریایان دانا کە پیشەیی و خۆبەخشانە بێت و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی سوریا بکات.
راگەیەندراوەکە چارەسەری بەردەوامی قەیرانی سوریای بە "دەستوورێکی دیموکراتییەوە گرێدا کە فرەیی نەتەوەیی، رۆشنبیری و ئایینی بچەسپێنێت و دەوڵەتێکی لامەرکەزی دابمەزرێنێت." هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە راگەیاندنە دەستوورییەکەی ئێستا وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەلی سوریا نییە و پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.
لە کۆتاییدا، کۆنفرانسەکە داوای بەستنی "کۆنگرەیەکی نیشتمانیی سوری گشتگیر"ی کرد کە هەموو هێزە نیشتمانی و دیموکراتییەکان بەشداری تێدا بکەن. هەروەها پابەندبوونی خۆی بە "رێککەوتنی 10ی ئادار"ی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا و دەرەنجامەکانی "کۆنفرانسی یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد" دووپاتکردەوە وەک هەنگاوی بنیادنەرانە بەرەو رێککەوتنێکی نیشتمانی. بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا دەقی تەواوی ئەو بەڵگەنامەیەی کە لە کۆنفرانسەکەدا لەسەری رێککەوتوون، ئاشکرا بکرێت.
ئەمڕۆ هەینی، بزووتنەوەی حەماس لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بڕیارەکەی کابینەی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە رایگەیاند، ئەم هەنگاوە "تاوانێکی جەنگی تەواوە" و "پشتڕاستی دەکاتەوە کە بنیامین ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی گوێ بە چارەنووسی بارمتەکانیان نادەن."
حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا چەند خاڵێکی خستەڕوو:
پەسەندکردنی پلانی داگیرکردنی شاری غەززە و دەرکردنی دانیشتوانەکەی، تاوانێکی جەنگیی نوێیە کە سوپای ئیسرائیل بەنیازە دژی شارەکە و نزیکەی یەک ملیۆن دانیشتوو ئەنجامی بدات.
ئەو پلانەی ئەنجومەنی وەزاریی ئیسرائیل پەسەندی کردووە، تاوانێکی جەنگیی تەواوە و بەردەوامییە بە سیاسەتی قڕکردن و کۆچپێکردنی زۆرەملێ و ئەو کردەوانەش دەگرێتەوە کە دەچنە چوارچێوەی پاکتاوی رەگەزییەوە دژی گەلی فەڵەستین.
یاریکردنی ئیسرائیل بە وشەکان و گۆڕینی زاراوەی "داگیرکاری" بۆ "کۆنترۆڵکردن"، تەنها خۆدزینەوەیەکی ئاشکرایە لە بەرپرسیارێتی یاسایی بەرامبەر تاوانەکانی دژی خەڵکی مەدەنی، هەروەها دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆیە بەوەی کە پلانەکەی پێشێلکارییەکی رێککەوتننامەکانی جنێڤە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی نزیکەی یەک ملیۆن فەڵەستینی.
بڕیاری داگیرکردنی غەززە دووپاتیدەکاتەوە کە "تاوانبار ناتانیاهۆ و حکومەتە نازییەکەی" گوێ بە چارەنووسی بارمتەکانیان نادەن، چونکە دەزانن فراوانکردنی دەستدرێژییەکان بە واتای قوربانیکردنە بەوان، ئەمەش بیرکردنەوەی سووکایەتیکردن بە ژیانی بارمتەکان ئاشکرا دەکات لەپێناو وەدیهێنانی خەیاڵی سیاسیی شکستخواردوودا.
ئەم بڕیارە بە روونی هۆکاری کشانەوەی لەناکاوی ئیسرائیل لە دواین گەڕی دانوستانەکان روون دەکاتەوە، کە خەریک بوو بگاتە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان.
دووپاتیدەکەینەوە کە لە پەیوەندییەکانماندا لەگەڵ نێوەندگیرانی میسری و قەتەری، بزووتنەوەکە هەموو نەرمییەک و ئەرێنییەکی پێویستی نواندووە بۆ سەرخستنی هەوڵەکانی ئاگربەست، و ئامادەیە بۆ رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئازادکردنی یەکجارەکیی هەموو دیلەکانی ئیسرائیل، لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە جەنگ و کشانەوەی هێزەکانی.
هۆشداری دەدەینە ئیسرائیل کە ئەم سەرکێشییە تاوانکارییە باجێکی قورسی دەبێت و گەشتێکی ئاسان نابێت، چونکە گەل و بەرخۆدانی ئێمە ناشکێن و خۆیان بەدەستەوە نادەن و پلان و خەونەکانی ناتانیاهۆ تووشی شکستێکی گەورە دەبن.
ئیدارەی ئەمریکا بە بەرپرسیاری تەواوی تاوانەکانی ئیسرائیل دەزانین، بەهۆی پێدانی پشتیوانیی سیاسی و سەربازیی راستەوخۆ بۆ دەستدرێژییەکانی.
داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای نێودەوڵەتیی داد و دادگای نێودەوڵەتیی تاوان دەکەین، کە بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانیان لە ئەستۆ بگرن و بەپەلە بجوڵێن بۆ راگرتنی ئەم پلانە و کاربکەن بۆ لێپرسینەوە لە سەرکردەکانی ئیسرائیل لەسەر تاوانەکانیان دژی گەلی فەڵەستین.
ئەمڕۆ لە شاری حەسەکەی کانتۆنی جەزیرە، کارەکانی کۆنفرانسی "یەکڕیزیی هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا" دەستیپێکرد. کۆنفرانسەکە لە ناوەندی رۆشنبیریی شارەکە و لەژێر دروشمی "پێکەوە لەپێناو فرەییەک کە یەکێتیمان بەهێز دەکات، و هاوبەشییەک کە داهاتوومان بنیاد دەنێت" بەڕێوەدەچێت، بە بەشداریی زیاتر لە 400 کەسایەتی کە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیک، دامەزراوە سیاسی، سەربازی و ئەمنییەکان و پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن.
بەشداربووان نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیک، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە)، پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی ژنان، مەترانی جەزیرە و فورات مارمۆریس عەمسێح، یەکێتیی سریانی، تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤدەم)، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و شێخ مورشد خەزنەوی لەخۆدەگرێت.
هەروەها هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ئەڤین سوەید و حوسێن عوسمان، و هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، لەیلا قەرەمان ئامادەی کۆنفرانسەکەن.
بڕیارە لە میانی کۆنفرانسەکەدا چەندین وتار بە ناوی دامەزراوە سیاسی و سەربازییەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە پێشکەش بکرێن، لەوانە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەسەدە، مەسەدە، ئەنجومەنی ژنانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ وتاری پێکهاتە جیاوازەکان. هەروەها پەیامێکی موەحیدینی درووز و عەلەوییەکانیش بۆ پێکهاتەکانی هەرێمەکە دەخوێندرێتەوە. دواتر بەڵگەنامەی کۆنفرانسەکە و پاشان بەیاننامەی کۆتایی دەخوێندرێنەوە و دەرفەت بۆ پێشکەشکردنی تێبینی و پێشنیازەکان دەڕەخسێنرێت.
ئیلهام ئەحمەد: فرەیی سەرچاوەی هێزە
وتاری دەستپێکی کۆنفرانسەکە لەلایەن ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە پێشکەشکرا. لە وتارەکەیدا ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کۆنفرانسە لە قۆناغێکی چارەنووسساز و هەستیاری مێژووی سوریادا دەبەسترێت، کە لە هەمووان دەخوازێت بەرپرسیارێتییەکی سیاسی و ئەخلاقیی قووڵ لەئاست دۆخی نوێی وڵاتدا لە ئەستۆ بگرن.
ناوبراو روونیکردەوە کە کۆنفرانسەکە دەرخەری ویستی زیندووی ئەو گەلانەیە کە بڕیاریانداوە رووبەڕووی شەڕ ببنەوە بە پێکەوەبوون، رووبەڕووی پەراوێزخستن ببنەوە بە ڕێکخستن، و مۆدێلێکی دیموکراتی دابمەزرێنن کە لەسەر بنەمای دانپێدانانی دوولایەنە، هاوبەشیی راستەقینە، و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بێت.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا کە پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا – لە کورد و عەرەب، سریانی ئاشووری، ئەرمەن و تورکمان، چیچان و چەرکەس، موسڵمان و مەسیحی، و ئێزدی – سەلماندیان کە فرەیی هەڕەشە نییە، بەڵکو سەرچاوەی هێزە. هەروەها پاراستنی راستەقینە لە دەرەوە نایەت، بەڵکو لە ویستی هاوبەشەوە دێت بۆ بنیادنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام. وتیشی، بەردەوامبوونی هزری تاکڕەوی لە حوکمڕانیدا تەنها دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی قەیرانەکان.
بە بڕوای ئەو، ئەم کۆنفرانسە پێویستییەکی سیاسی و جەماوەرییە و ئامانج لێی بەشداریکردنە لە داڕشتنی سیمای داهاتوویەکی نوێی سوریادا، کە لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە، دانپێدانانی دوولایەنە، نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە، هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە، فرەیی و لامەرکەزیەتی دیموکراتی دامەزراوە وەک گەرەنتییەک بۆ یەکپارچەیی و سەقامگیریی وڵات.
ئیلهام ئەحمەد لە کۆتایی وتارەکەیدا هیوای خواست کە ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی پێشکەوتوو بێت بەرەو سوریایەکی نوێ کە هی هەموو ڕۆڵەکانی بێت بەبێ جیاوازی و جارێکی دیکە مانا ئەخلاقییەکەی بۆ سیاسەت بگەڕێنێتەوە دوای سەردەمێکی درێژ لە ستەمکاری و ئینکاریکردن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، هونەرمەندی ناسراوی میسر، سەید سادق، لە تەمەنی 80 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لؤی، کوڕی هونەرمەند، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک هەواڵی کۆچی دوایی باوکی پشتڕاستکردەوە و نووسیویەتی: "إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّـا إِلَيْهِ رَاجِعونَ.. باوکی خۆشەویستم (سەید سادق) کۆچی دوایی کرد".
هونەرمەند سەید سادق، کە بە رۆڵی کەسایەتی شەڕانگێز و دەرچوو لە یاسا ناسرابوو، بەشداری لە ژمارەیەکی زۆر فیلمی سینەمایی و درامای جۆراوجۆردا کردووە. لە دیارترین کارە هونەرییەکانی بریتین لە فیلمەکانی "ئیمپراتۆر" لەگەڵ ئەحمەد زەکی، "پڵنگ و مێینە" لەگەڵ عادل ئیمام، و "کیدە ڕەزا" لەگەڵ ئەحمەد حلمی.
هەروەها لە چەندین درامای بەناوبانگیشدا دەرکەوتووە، وەک "تیپی ناجی عەتەڵا" لەگەڵ عادل ئیمام، "ڕاستی و سەراب" لەگەڵ فیفی عەبدە، و "لە جل و بەرگی باوکمدا ناژیم" لەگەڵ نوور شەریف، جگە لە دەیان کاری دیکەی سەرکەوتوو و بەناوبانگ.
بەهۆی رۆڵە کاریگەرەکانیەوە لە فیلم و دراما میسرییەکاندا، سەید سادق، وەک عادلی مام و نوری شەریف و ئەکتەرە دیارەکانی تری ئەوکاتی میسر، بەشێکە لە یادەوەری 80کانی عاشقانی سینەما و لە ناو نەوەی پێشوی کوردیشدا ناسراو و دیاربوو.
دوای ئەوەی شەوی رابردوو کابینەی ئیسرائیل پلانی داگیرکردنی غەززەی پەسەند کرد، کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەو بڕیارە بە "کارەسات" ناودەبەن و هۆشداری دەدەن لەوەی کە دەبێتە هۆی کوژرانی بارمتە و سەربازە ئیسرائیلییەکان.
یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "ئەم هەنگاوە کارەساتێکە و رێخۆشکەر دەبێت بۆ کارەساتی گەورەتر". لاپید جەختی لەوەش کردەوە کە بڕیارەکە "بە تەواوی پێچەوانەی بۆچوونی پلە باڵا سەربازی و ئەمنییەکانی ئیسرائیلە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە ئیتا مار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی و بتسلئێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی، "سەرۆک وەزیران بنیامین ناتانیاهۆیان راکێشاوەتە ناو هەنگاوێکەوە کە چەندین مانگ دەخایەنێت و دەبێتە هۆی کوژرانی بارمتەکان و سەربازێکی زۆر، هەروەها دەیان ملیار دۆلار لەسەر باجدەری ئیسرائیلی دەکەوێت و شکستێکی سیاسیشی بەدواوە دەبێت".
لاپید وتیشی: "ئەمە بە تەواوی ئەوەیە کە حەماس دەیەوێت: ئیسرائیل لە گۆڕەپانەکەدا گیری خواردبێت بەبێ هیچ ئامانجێک، بەبێ دیاریکردنی وێنەی رۆژی دواتر، لە داگیرکارییەکی بێسووددا کە کەس نازانێت بەرەو کوێ دەڕوات".
لەلایەکی دیکەوە، ئەڤیگدۆر لیبەرمان، سەرۆکی پارتی "ئیسرائیل بەیتەنو" و وەزیری پێشووی بەرگری، رایگەیاند کە بڕیارەکەی کابینە بۆ داگیرکردنی شاری غەززە سەرەڕای دژایەتیی بەرپرسە باڵاکانی بەرگری "دەیسەلمێنێت کە بڕیارە چارەنووسسازەکان بە پێچەوانەی بەرژەوەندییە ئەمنییەکان و ئامانجەکانی جەنگەوە دەدرێن".
هەروەها یائیر گۆلان، سەرۆکی پارتی "دیموکراتەکان" رایگەیاند کە بڕیارەکە بە واتای "وازهێنان لە بارمتەی زیاتر دێت بۆ ئەوەی بمرن"، وتیشی ئەم هەنگاوە تایبەتە بە ناتانیاهۆ: "ئەو لاوازە، بە ئاسانی دەکەوێتە ژێر فشارەوە، توانای بڕیاردانی نییە، و ناتوانێت پردێک لەنێوان ئەوەی کە ئاستی پیشەیی پێشکەشی دەکات و ئەو گروپە مەسیحییەی کە حکومەت کۆنترۆڵ دەکەن، دروست بکات".
گۆلان لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی سوپا وتی: "ئەم بڕیارە کارەساتێکە بۆ نەوەکان". "کوڕ و نەوەکانمان هێشتا لە کوچە و کۆڵانەکانی غەززەدا پۆلیس دەبن، بە درێژایی ساڵان سەدان ملیار دۆلار دەدەین، و هەموو ئەمانە لە پێناو مانەوەی سیاسی و دیدگای مەسیحیدا". ناوبراو پرسیاری ئەوەشی کرد کە حکومەت چۆن پلانی هەیە کەرتەکە لە چەک دابماڵێت: "ئایا ئێمە بەناو تونێلەکاندا بخزێین و دواین کڵاشینکۆفەکان بهێنینەوە؟"
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کابینەی ئەمنی بچووککراوەی ئیسرائیل (کابینێت) پلانی داگیرکردنی غەززەی پەسەند کردووە، ئەمەش سەرەڕای دژایەتیی سەرکردایەتی سوپای ئەو وڵاتە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی ناتانیاهۆ، سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی غەززە و لە هەمان کاتدا هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە دانیشتووانی مەدەنی لە دەرەوەی ناوچەکانی شەڕ دەکات.
بڕیارەکە دوای کۆبوونەوەیەکی چەندین کاتژمێریی کابینەی ئەمنی هات کە تا درەنگانی بەرەبەیان بەردەوام بوو.
پەسەندکردنی ئەم پلانە، کە بەشێکە لە پێشنیازی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ "تێکشکاندنی حەماس"، پەرەسەندنێکی نوێیە لە هێرشی 22 مانگەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.
وردەکاریی و کاردانەوەکان
بە گوێرەی رۆژنامەی "جورازەلیم پۆست"، حکومەتی ئیسرائیل پێشنیازەکەی ناتانیاهۆی بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتەکە پەسەند کردووە. هەروەها رۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم" بڵاویکردەوە کە دوای 10 کاتژمێر گفتوگۆ، کابینەکە پێشنیازەکەی نەتەنیاهووی پەسەند کردووە.
پەیامنێری ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی، باراک راڤید، لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بڵاویکردەوە کە پلانەکە ئاوارەکردنی "هەموو هاووڵاتیانی مەدەنی فەڵەستینی لە شاری غەززەوە بۆ کەمپەکانی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکە تا 7ی ئۆکتۆبەر" لەخۆدەگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، سەرکردایەتی سوپای ئیسرائیل دژایەتی خۆی بۆ ئەم پلانە دەربڕیوە. رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" ئاشکرایکردووە کە سوپاسالار ئیال زامیر دژی پلانەکە وەستاوەتەوە و هۆشداری داوە کە لەوانەیە دوو ساڵ بخایەنێت و ژیانی سەربازان و بارمتەکان بخاتە مەترسییەوە.
نیگەرانییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان
خێزانی بارمتەکان لە غەززە ترسیان هەیە کە ئەم پەرەسەندنە ببێتە هۆی کوژرانی کەسوکارەکانیان و هەندێکیان لە دەرەوەی کۆبوونەوەکەی کابینەی ئەمنی لە قودس خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. هەروەها، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمنی پێشووی ئیسرائیلیش دژایەتی خۆیان بۆ پلانەکە راگەیاندووە و هۆشدارییان داوە لەوەی کە ئەم هەنگاوە سوودێکی سەربازیی کەمی دەبێت و ئیسرائیل تووشی کێشەی سەربازی دەکات.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان "مەترسی دەرئەنجامی کارەساتباری بۆ ملیۆنان فەڵەستینی لێدەکەوێتەوە و دەکرێت ژیانی بارمتەکان لە غەززە زیاتر بخاتە مەترسییەوە."
هەڵوێستی ناتانیاهۆ و حەماس:
پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" رایگەیاندبوو کە ئیسرائیل نیازی کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززەی هەیە، بەڵام نایەوێت وەک دەسەڵاتێکی حوکمڕان لەوێ بمێنێتەوە، بەڵکو دەیەوێت "دەوروبەرێکی ئەمنی" دروست بکات و دواتر بەڕێوەبردنی کەرتەکە بسپێرێتە لایەنێکی سێیەم یان هێزێکی عەرەبی.
لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاندووە کە لێدوانەکانی ناتانیاهۆ "کودەتایە" بەسەر رێڕەوی دانوستانەکانی ئاگربەستدا و بەردەوامییە بە سیاسەتی "قڕکردن و کۆچپێکردن".

لە ماوەی هەفتەیەكدا چەكدارانی داعش حەوت كردەوەی تیرۆستیان لە كانتۆنی دێرەزور لە رۆژهەلاتی سوریا ئەنجامداوە، لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە زیاتر لە 120 كردەوەی تیرۆستیان لەو ناوچەیە ئەنجامداوە.
ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوز بلاویكردەوە، لەسەرەتای ئەم مانگەوە چەكدارانی گروپی تیرۆرستی داعش حەوت كردەوەی تیرۆرستیان لە ناوچە جیاوازەكانی كانۆتنی دێرەزور ئەنجامداوە كە بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی مەدەنی و دوو شەرڤانی هەسەدە گیانیان لە دەستداوە و چوار ئەندامی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆش برینداربوون.
بەپێی بەدواداچونەكەی ئاژانسی هەواڵی هاوار، لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەكدارانی داعش 123 كردەوەی تیرۆرستیان لە كانتۆنی دێرەزور ئەنجامداوە كە بەهۆیوە 29 شەڕڤانی هەسەدە و 10 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
لە دیدارێکدا کە تایبەت بە کاروباری سوریا-تورکیا لە شاری ئەستەنبوڵ رێکخرابوو وەزیری دارایی سوریا ئاماژەی بەوەکرد، رێژەی بێکاری لە وڵاتدا رێژەی 50٪ی تێپەڕاندووە.
محەمەد نزال ئەلشەعار وەزیری دارایی سوریا رایگەیاند، بەهۆی وێران بوونی دامەزراوە ئابورییەکانەوە لەماوەی جەنگی ناوخۆی سوریا، رێژەی بێکاری گەشتووەتە 60٪ و زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو گەنجی نەخوێندەوار لە سوریا بونیان هەیە.
راشیگەیاند، ئەوەی سەبارەت بە وێرانکاریەکانی سوریا پێی وتراوە 15٪ بووە، بەڵام پاش گەرانەوەی بۆ سوریا زۆربەی ژێرخان و دامەزراوە ئابورییەکان وێران بوون.
وەزیری دارایی سوریا ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت سیاسەتی "ئابوری کراوە و ئازاد"ی بەشێوەیەکی هاوسەنگ گرتوەتە بەر بۆ بوژاندنەوەی ئابوری سوریا و رەخساندنی هەلی کار بەتایبەت لە نێو چینی گەنجاندا.
پۆڵ مۆرقس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران وتی: "رەزامەندیمان نیشاندا لەسەر کۆتاییهێنان بە بوونی چەکداری لەسەر تەواوی خاکی لوبنان، بە حزبوڵڵاشەوە، و بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان لە ناوچە سنوورییەکان."
وەزیری راگەیاندنی لوبنان روونیکردەوە، حکومەت رەزامەندی نیشانداوە لەسەر بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان لە ناوچە سنوورییەکان و دەستپێکردنی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بۆ دیاریکردنی هێڵی سنووری وشکانی.
مۆرقس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی وەزیران هێشتا باسی لە وردەکاریی خشتەی کاتیی نێو پێشنیازە ئەمریکییەکەی نەکردووە و حکومەت چاوەڕوانی پلانێک لە سوپا دەکات سەبارەت بە میکانیزمی رادەستکردنی چەک، پێش ئەوەی بچێتە ناو گفتوگۆ وردەکانەوە.
لەلایەکی دیکەوە، مۆرقس باسی لە کشانەوەی پێنج وەزیر لە کۆبوونەوەکە کرد و جەختی کردەوە کە دەرچوونیان بە مانای دەستلەکارکێشانەوە نییە لە حکومەت و هەوڵەکان بۆ پاشگەزکردنەوەیان لە بڕیارەکەیان شکستی هێناوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبوڵڵا لە لێدوانێکدا بە "سکای نیوز عەرەبییە" راگەیاندووە، کشانەوەی وەزیرەکانی حیزبەکە لە کۆبوونەوەی حکومەت وەک یەکەم هەنگاو دێت لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە تاوتوێکردنی "پێشنیازەکەی باراک"، و جەختی کردەوە کە "هەموو ئەگەرەکان کراوەن" ئەگەر ئەم پێشنیازە پەسەند بکرێت.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی وتووە، حزبوڵڵا پێیوایە "تاکە رێککەوتن کە دەبێت لە قۆناغی ئێستادا جێبەجێ بکرێت، رێککەوتنی ئاگربەستە" و داوای لە لایەنی ئیسرائیلی کردووە کە بە تەواوی پابەندی بڕگەکانی ئەو رێککەوتنە بێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان سوپای وڵاتەکەی راسپاردووە کە پلانێک دابنێت بۆ کۆکردنەوە و مۆنۆپۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا، ئەمەش وەک بەرەنگاربوونەوەیەکە بۆ ئەو گروپەی کە داواکارییەکانی چەکداماڵین رەتدەکاتەوە.
پێشتر لە رۆژی چوارشەممە، حزبوڵڵا رایگەیاندبوو کە حکومەت "گوناهێکی گەورەی" کردووە بە دەرکردنی بڕیارێک کە لوبنان لە چەک دادەماڵێت، و وتیشی: "مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا دەکەین وەک ئەوەی بوونی نەبێت."
شایەنی باسە، حزبوڵڵا داوا دەکات پێش گفتوگۆکردن لەسەر چارەنووسی چەکەکەی لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی بەرگریدا، ئیسرائیل لە 5 بەرزایی باشووری لوبنان بکشێتەوە کە دوای رێککەوتنی ئاگربەست هێزەکانی تێدا هێشتووەتەوە و هێرشەکانی رابگرێت.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، تەلئەبیب نیازی هەیە کۆنترۆڵی سەربازیی تەواوەتی بەسەر کەرتی غەززەدا بسەپێنێت و دواتر رادەستی هێزێکی چەکداری "دیارینەکراو"ی بکات کە بە شێوەیەکی "باش" ئیدارەی بکات.
ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئیسرائیل کۆنترۆڵی کەناراوەکە دەکات کە درێژییەکەی نزیکەی 42 کیلۆمەترە، وتی: "نیازمان هەیە ئەو کارە بکەین". وتیشی: "نامانەوێت بیهێڵینەوە. دەمانەوێت پشتێنەیەکی ئەمنی دروست بکەین. نامانەوێت حوکمڕانی بکەین. نامانەوێت وەک لایەنێکی حوکمڕان لەوێ بین".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە سروشتی ئەو هێزە چەکدارە نەکرد کە نیازی وایە دوای کۆنترۆڵکردنی، حوکمڕانی کەرتی غەززەی پێ بسپێرێت، یان ئەوەی کە ئایا هێزەکە خۆجێی دەبێت یان دەرەکی.
هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، کابینەی ئەمنی ئیسرائیل کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتی غەززە و داگیرکردنی بە تەواوی.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەنجومەنی ئاسایش گفتوگۆیەکی درێژ ئەنجام بدات و پلانێکی سەربازیی فراوان پەسەند بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززە یان ئەو بەشانەی کە هێشتا لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئیسرائیلدان.
بەپێی خەمڵاندنەکان، ئۆپەراسیۆنی نوێ بۆ داگیرکردنی ناوچەی زیاتر لە ناوەڕاستی غەززە، بە شاری غەززەشەوە، لانیکەم چەند مانگێکی دەوێت و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی فەڵەستینی. هەروەها، هێزەکانی ئیسرائیل پێشڕەوی دەکەن بۆ ئەو ناوچانەی کە ئیسرائیل پێیوایە هاوڵاتییە دیلەکانی تێدا راگیراون، کە ئەمەش لەوانەیە ژیانیان بخاتە مەترسییەوە.
ناتانیاهۆ خۆی بۆ فراوانکردنی جەنگ ئامادە دەکات، سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییە زۆرەکان بۆ راگرتنی شەڕ و گرنگیدان بە قەیرانی مرۆیی لە کەرتەکە، و لەگەڵ دژایەتی فەرماندە باڵا سەربازییەکانی خۆی.
وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئایشەگوڵ دۆغان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێکهێنانی "کۆمیسیۆنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا، وەرچەرخانێکی مێژوویی و گرنگە و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بە جددی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.
ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمیسیۆنەکە بە تەنها ناتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام دەستپێکردنی کارەکانی هەنگاوێکی گرنگە و دەبێتە دەروازەیەک بۆ بنیاتنانی تورکیایەکی دیموکراتیک و دادپەروەر کە لەسەر بنەمای هاووڵاتی یەکسان دامەزرابێت.
پێشنیازی پڕکردنەوەی کورسییەکانی "ئیی پارتی"
وتەبێژی دەم پارتی ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی "ئیی پارتی" بڕیاریدا بەشداری لە کۆمیسیۆنەکەدا نەکات، ئەوان پێشنیازیان کردووە ئەو سێ کورسییە بەتاڵە بەسەر پارتەکانی تردا دابەش بکرێت. دۆغان وتی: "پێشتر داوامان لە ئیی پارتی کرد ئەگەر رەخنە و تێبینییان هەیە، بێنە ناو کۆمیسیۆنەکەوە و لەوێ دەریببڕن، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە."
وتیشی، "ئەگەر کۆمیسیۆن پێشنیازەکەمان قبووڵ بکات، ئێمە وەک دەم پارتی، جەلال فرات، پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵ و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی دەزگای غەریب دەدە، وەک نوێنەری خۆمان پێشنیاز دەکەین، چونکە بەلای ئێمەوە گرنگە نوێنەرایەتی عەلەوییەکانیش لەم کۆمیسیۆنەدا هەبێت."
"توندوتیژی دژی ژنان و گەندەڵی نیشانەی داڕزانی ئەخلاقین"
دۆغان بە توندی رەخنەی لە زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان گرت و ئاماژەی بە کوژرانی کارمەندێکی پەرلەمان بەناوی ساڵحە ئۆزان کرد و وتی: "ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت کارمەندێکی خۆی بپارێزێت، چۆن ژنانی تر دەپارێزێت؟" و داوای کرد جارێکی دیکە تورکیا بگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی ئەستەنبوڵ.
هەروەها باسی لە ئابڕووچوونی بەڵگەنامە و دیپلۆمی ساختە کرد و وتی: "وڵات لە رووی ئەخلاقییەوە داڕزاوە. ئەم تۆڕە گەورەیەی تاوان بێگومان پەیوەندیی سیاسیی لەپشتە و دەبێت ئاشکرا بکرێت. ئێمە وەک دەم پارتی بەدواداچوونی بۆ دەکەین."
وتەبێژی دەم پارتی رەخنەشی لە مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ زیندانیانی نەخۆش و ئەو زیندانیانە گرت کە سزاکانیان تەواو کردووە بەڵام ئازاد ناکرێن و بە "درێژەدان بە سیاسەتی ئەشکەنجە و زوڵم" ناویبرد.
"ئامانجی کۆمیسیۆنەکە بنیاتنانی برایەتییەکی یەکسانە"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داواکارییەکانیان لە کۆمیسیۆنەکە، ئایشەگوڵ دۆغان جەختی کردەوە: "ئێمە چاوەڕوانییەکی تایبەتمان لە کۆمیسیۆنەکە نییە، بەڵکو چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی تێدا دەبینینەوە. کۆمەڵگە پێویستی بە ئازادی، دیموکراسی و برایەتییەکی یەکسان هەیە و دەبێت کۆمیسیۆنەکە کار بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانە بکات کە ئەمە مسۆگەر دەکەن. دیموکراسیی خۆجێی بۆ تورکیا زۆر گرنگە و دەبێت بەهێز بکرێت."
وتیشی، "کۆمیسیۆنەکە لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا دامەزراوە و هەموو لایەنەکان، لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، دەبێت عەقڵییەتی کۆن بەجێبهێڵن و بوێرانە کار بۆ سەرخستنی بکەن."
بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی کەرتی غەززە زیاتر لە 30 کەس کوژراون و رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەلێت سەدان قوتابخانە لە غەززە بە ئامانج گیراون.
وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ هێرشیکردەوەتە سەر ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون و خێوەتگەی پەنابەران لەناوچەکانی خان یونس و چەند ناوچەیەکی دیکە کە بەهۆیەوە 35 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە تائێستا سوپای ئیسرائیل 500 قوتابخانەی بۆردومان کردوە، کە خەڵکی ئاوارەی غەززەی تێدانیشتەجێبوون بەهۆیەوە سەدان هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، رێکخراوەکە ئەو هێرشانەی ئیسرائیلی بۆ سەر قوتابخانەکان و کوشتنی هاووڵاتی مەدەنی بەنایاسای وەسفکردوە.
بەرەێوەبەری کۆمەڵگەی تەندروستی شیفا لە غەززە ئاشکرایکرد، بەهۆی هێرشکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە 70٪ی ژێرخانی تەندروستی لەکارکەوتوون، تەنها دوو نەخۆشخانەی منداڵان کاردەکەن و توانی کارکردنیشیان سنوردارە.
لە کاتێکدا حکومەتی لوبنان ئامادەکاری دەکات بۆ تاوتوێکردنی پلانێکی ئەمریکی بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا، وەزیرەکانی سەر بە حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کشانەوە، ئەمەش گرژییەکانی نێوخۆی وڵاتەکەی زیاتر کردووە.
حکومەتی لوبنان رایگەیاند، تاوتوێی پلانێکی چوار قۆناغی ئەمریکا دەکات کە ئامانج لێی چەکداماڵینی حزبوڵڵایە تا کۆتایی ئەمساڵ.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەپێی پلانە ئەمریکییەکە، لە بەرامبەر چەکداماڵینی حزبوڵڵادا، ئیسرائیل کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان دەهێنێت و لە پێنج پێگەی باشووری وڵاتەکە دەکشێتەوە.
رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، قۆناغی کۆتایی پلانەکەی ئەمریکا، پشتیوانیکردنی ئابووری و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی لوبنان لەخۆدەگرێت.
لەکاردانەوەیەکدا، حزبوڵڵای لوبنانی پەیامێکی ئاراستەی نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان کردووە و رایگەیاندووە: "هەوڵەکان بۆ چەکداماڵینمان، خزمەتکردنی ئیسرائیلە." ئەمەش ئاماژەیە بۆ رەتکردنەوەی تەواوەتی ئەو پلانە لەلایەن حزبوڵڵاوە.
ئافرەتێک لە ئێران زیاتر لە 35 جار هاوسەرگیری کردوە وەک خۆی دەلێت زیاتر لە 10 هاوسەری پیشوتری کوشتووە.
میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، ئافرەتێک بەناوی کەلسوم ئەگبەری لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا پاش داننان بەتاوانەکەیدا ئاشکرایکردوە 11 هاوسەری پێشووی بە بەکارهێنانی ژەهر و کەرەستە کوشتووە.
لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایانکردوە، ئەو ئافرەتە ئێرانیە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسە بەتەمەنەکان و پەککەوتەکان ئەنجامداوە و دواتریش ژەهرخواردیکردون و یاخود بەبەکارهێنانی کەرەستە کوشتونی.
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوەکردوە، کەلسوم ئەکبەری 19 جار هاوسەرگیری هەمیشەی ئەنجامداوە و 18 جاریش هاوسەرگیری کاتی ئەنجامداوە.
بەپێی دانپیانانەکانی ئەو ئافرەتە، جگە لە کوشتنی ئەو 11 هاوسەرەی هەوڵی کوشتنی چەند هاوسەرێکی دیکەی ئەنجامداوە بەڵام شکستیهێناوە.
لە ئێستادا کەیسی کەلسوم ئەکبەری، رەوانەی دادگای دووەمی شۆڕش کراوە لە شاری ساری باکوری ئێران و بەتۆمەتی کوشتن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بەشێک لە کەسوکاری قوربانیان داوەی لە سێدارەدانی ئەو تاوانبارەیانکردوە.