دوابەدوای رەتکردنەوەی لیژنەی باڵای یاسایی لە سوەیدا بۆ نەخشە رێگای "سوریا-ئوردن" کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، هەڵەمەتێک بە ناونیشانی  کەمپەینی "مافی چارەی خۆنووسین"  لە شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکە ئەنجامدرا سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسین، جا چ سەربەخۆیی تەواو بێت لە دەوڵەتی سوریا، خۆبەڕێوەبردن یان لامەرکەزییەت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چەند ناوەندێکی پارێزگاکە و  شارۆچکەکانی ئەو پارێزگایە هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی واژۆی بە مەبەستی دیاریکردنی چارەنوسی پارێزگاکە بەڕێوەچو، داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پشتگیری لە ڕیفراندۆمێکی جەماوەری بۆ دانیشتوانی پارێزگاکە بکەن.

بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ داواکاری مافی چارەی خۆنووسین بەشداربوانی ئەو هەڵمەتە بە راستەوخۆ و بە  ئۆنلاینیش لە ناوخۆ و  لە دەرەوەی سوریاش دەنگیان داوە.

بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، لە هەڵمەتەکەدا 19 سەنتەر هەبوون و زیاتر لە دوو هەزار خۆبەخش بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە.

تا ئێستا دیمەشق هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەوە نەداوە کە لە سوەیدا رویداوە، بەڵام لای خۆیەوە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا جەختی لە "گرنگی نەخشەڕێگاکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سوەیدا" کردووەتەوە.

ئەمە لە کاتێكدایە  حكومەتی كاتیی سوریا دەیەوێت بەپشتیوانی ئەمەریكا و ئوردن چارەسەری قەیرانی پارێزگای سوەیداو كێشەی دروزەكانی وڵاتەكەی بكات .