دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا پێشنیازی سزادانی ئیسرائیلی کرد، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکەی "وەڵامێکی گونجاو"ـی یەکێتی ئەوروپا دەداتەوە ئەگەر بەردەوام بن لە سزادانی ئیسرائیل.

ئەمڕۆ چوارشەممە، گیدۆن سەعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پۆستێکیدا لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس؛ هۆشداری داوەتە یەکێتی ئەوروپا لە ئەگەری بەردەوام بونیان بۆ سزادانی ئیسرائیل.

ناوبراو جەختی کردوەتەوە لەوەی هەر کارێک لە دژی ئیسرائیل زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا دەگەیەنێت،  وتوشیەتی؛ "هەر کردەوەیەک دژی ئیسرائیل وەڵامێکی گونجاوی دەبێت و هیوادارن ناچار نەبن ئەو کارە بکەن".

ئەم لێدوانانەی وەزیرەکەی ئیسرائیل لە کاتێكدایە لە رۆژی دووشەممەوە ئیسرائیل بە چڕی هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر غەززە دەستپێکردوە و کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئیدانەی هێرشەکانی کردوە و  سەپاندنی سنووردارکردنی بازرگانی بەسەر تەلئەبیب و سەپاندنی سزای بەسەر دوو وەزیری ئەو وڵاتەدا وەک پێشنیاز خستبوە ڕوو.