رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە زاری بەرپرسێکی هەواڵگرییەوە بڵاویکردەوە کە پڕۆسەی گەمارۆدان و داگیرکردنی تەواوەتی شاری غەززە و چۆڵکردنی دانیشتووانەکەی، تا رۆژی شەشی ئۆکتۆبەری داهاتوو تەواو دەبێت.

هەمان بەرپرسی هەواڵگری ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەپێی خەمڵاندنەکان، نزیکەی 7500 چەکدار لەناو شاری غەززەدا بوونیان هەیە.

هاوکات، سەرچاوە فەڵەستینییەکان رایانگەیاند کە سوپای ئیسرائیل بە تەواوەتی هێڵەکانی پەیوەندی لە شاری غەززە پچڕاندووە.

پەیامنێری کەناڵەکانی "العربیة" و "الحدث" رایگەیاند کە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باکووری رۆژئاوای شاری غەززەوە لە پێشڕەویدان و سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی باکووری کەرتەکەدا "رۆبۆتی بۆمبڕێژکراو" دەتەقێنێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە پزیشکییەکان ئاشکرایان کرد کە لەماوەی بیست و چوار کاتژمێری رابردوودا، 99 فەڵەستینی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، کە 77 کەسیان لە باکووری کەرتەکە بوون، ئەمەش بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "وەفا".

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هەڕەشەی لە بزووتنەوەی حەماس کرد و بەڵێنی هێرشی گەورەتری لە غەززە دا ئەگەر بێت و حەماس پابەندی مەرجەکانی ئیسرائیل نەبێت.

کاتز رۆژی چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا وتی: "ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات و چەکەکانی دانەماڵێت، ئەوا غەززە وێران دەکرێت و دەبێتە مۆنۆمێنتێک بۆ یادەوەریی ئەو ئەندامانەی حەماس کە دەستدرێژی و کوشتاریان ئەنجامداوە."

سوپای ئیسرائیل دەستی بە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی کردووە، لە کاتێکدا هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی کارەساتێکی مرۆیی نزیک لە کەرتەکەدا بەردەوامن.

لەم هەفتانەی دواییدا سوپا هۆشدارییەکانی بۆ دانیشتووانی شاری غەززە چڕکردووەتەوە و داوایان لێدەکات شارەکە جێبهێڵن و بەرەو "ناوچەی مرۆیی" لە باشووری کەرتەکە بڕۆن.

لە بەرامبەردا، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند کە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل "بەشێکی نوێیە لە شەڕی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی رەگەزیی سیستماتیک دژی خەڵکی غەززە."

هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل زۆربەی شاری غەززەیان کردووەتە وێرانە و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیل بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 64,964 کەس، کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنین.