ئەکسیۆس: ترەمپ بەجدی بیر لە لێدانی کەرتی وزەی ئێران دەکاتەوە
ساکۆ سمکۆ
١ی ئابی ٢٠٢٦
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی راپۆرتێکی شیکاری بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئەو ئەگەرە گریمانەییانە دەخاتەڕوو کە ئاماژەیەن بۆ بڕیارێکی نوێی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی زنجیرەیەکی هێرشی نوێ و روخێنەری واشنتۆن بۆسەر تاران.
لێپرسراوێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەمەبەستی ناچارکردنی تاران بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی ئاگربەست، بە جدی بیر لە لێدانی کەرتی وزە و ژێرخانی ئێران لە چەند رۆژی داهاتوو، دەکاتەوە.
ئەکسیۆس ئەوەشی ئاشکراکردووە، ترەمپ لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتدا هۆشداری دا کە "بە توندی لێیان دەدەین" و جەختیکردەوە کە ئێران لە ژێر چاودێری ئەودا نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هەنگاوەی واشنتۆن، کە رەنگە سوپای ئیسرائیلیش لە هێرشە نوێیەکاندا بەشدار بێت، وەک وەڵامێکە بۆ هێرشە موشەکییەکەی رۆژی چوارشەممەی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردن.
هاوکات، لێپرسراوێکی ئەمنی ئێران بە ئاژانسی تەسنیمی راگەیاندووە، هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وڵاتەکەی کارێکی شێتانەیە و ئەوان پلانی وەڵامدانەوەیان بۆ لێدانی بنکەکانی وزەی ئەمریکا و ژێرخانی ئیسرائیل ئامادە کردووە.



