حکومەتی تورکیا و عیراق بە مەبەستی کاراکردنەوە و بەکارهێنانی بۆری نەوتی خاوی نێوان هەردوو وڵات، رێککەوتنێکی نوێیان بۆ گواستنەوەی 750 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە ئیمزا کرد.

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە نوێترین بڵاوکراوەیدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: وەک دەستکەوتێکی ستراتیژیی گرنگ بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی هەناردەی نەوت و بەهێزکردنی هەماهەنگی ئابوری نێوان هەردوو وڵات، ئەمڕۆ عیراق و تورکیا رێککەوتنێکیان بۆ گواستنەوە و بارکردنی نەوتی خاوی عیراق لە رێگەی بۆری نێوان هەردوو وڵاتەوە بۆ بەندەری جەیهان ئیمزا کرد.

هاوکات ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، هەریەکە لە کۆمپانیای "بۆتاش"ـی تورکی و کۆمپانیاکانی "سۆمۆ" و "نەوتی باکور"ـی عیراقی، رێککەوتنێکی یەک ساڵەیان ئیمزا کردووە، ئەم هەنگاوەش وەک رێکخستنێکی کاتی دەبێت تا ئەو کاتەی هەردوو وڵات دەگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی و درێژخایەن.

ئەوەشی راگەیاند، رێورەسمی ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە بە ئامادەبوونی باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عیراق بەوەکالەت بەڕێوەچوو.

لای خۆشییەوە، ئالپ ئەرسەلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند: ئەم بۆرییە لە کاتی قەیرانەکانی گەروی هورمزدا، دەبێتە رێگەیەکی جێگرەوەی ستراتیژی و گرنگ بۆ گواستنەوەی نەوتی ناوچەکە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی دەخوازێت سود لە تەواوی توانای بۆرییەکە وەربگرێت کە دەگاتە 1.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

وتیشی، لە پلانی داهاتوودایە کە جگە لە نەوتی عیراق، نەوتی کوەیت و وڵاتانی دیکەی کەنداویش لە رێگەی ئەم بۆرییەوە روانەی دەرەوە بکرێت.

بۆری نەوتی عیراق - تورکیا، ماوەی نزیكەی 50 ساڵە نەوت لە ناوچەی سلۆپییەوە بۆ بەندەری جەیهان دەگوازێتەوە و بڕبڕەی پشتی هەناردەی نەوتی ناوچەکەیە و لە ئێستاشدا هەماهەنگییەکانی بەغداد و ئەنکەرە بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک لە فراوانبووندایە.