لیژنەی بەڕێوەبردنی غەززە: ئامادەین بۆ سەركردایەتیكردنی كەرتی غەززە
لازیا عەلی
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٦
لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە رایگەیاند، ئامادەن بۆ سەركردایەتیكردنی كەرتی غەززە.
لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە لە راگەیەنراوێكدا پێشوازی لە گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی پەیوەست بە نەخشەی رێگا كرد و جەختیكردەوە كە تەواو ئامادەیە بۆ گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتییەكانی لە بەڕێوەبردنی كەرتی غەززەدا.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو پەرەسەندنانە هەنگاوێكی گرنگن بەرەو قۆناغی یەكلاكەرەوە بۆ گەلی فەڵەستین لە غەززە، وتیشی، لیژنەكە لە ماوەی مانگەكانی رابردوودا ئامادەكاری دامەزراوەیی و كارپێكردنی فراوانی ئەنجام داوە.
راشیگەیاند، كارەكان بەگوێرەی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوەدەچن، بە ئامانجی پێشكەشكردنی بەڕێوەبەرییەكی كارا و شەفاف لەسەر بنەمای یەك دەسەڵات، یەك یاسا، و یەك سیستەمی ئەمنی.


