توێژینەوەیەكی ئیسرائیلی: بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد لە شەڕی غەززەدا كوشتاری مەدەنییەكانی زیاد كردووە
سەعید
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٦
توێژینەوەیەكی ئیسرائیلی ئاشكرایدەكات، بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد لەلایەن تەلئەبیبەوە لە شەڕی غەززەدا، كوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی و ئاستی كاولكارییەكانی زیادكردووە.
توێژینەوەیەكی زانستی نوێی زانكۆی كراوەی ئیسرائیل ئاشكرایكردووە، بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد بەشێوەیەكی بەرفراوان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە شەڕی غەززەدا، بەشێوەیەكی بەرچاو كوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنیی فەلەستینی زیاد كردووە و ئاستی كاولكارییەكانی شارەكانی كەرتی غەززەی بەرزتر كردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، تا ئێستا لێپرسراوانی ئیسرائیل هیچ روونكردنەوەیەكیان لەبارەی مەترسییەكان و دەرئەنجامەكانی ئەو پڕۆسەیە نەداوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئیسرائیل لە سەرچاوەی جیاوازەوە زانیاریی دەربارەی كەسەكان و شوێنەكان كۆدەكاتەوە و بە ژیریی دەستكرد تێكەڵیان دەكات، دواجاریش بۆ دیاریكردنی ئامانجە هەواڵگرییەكان بەكاریدەهێنێت بەتایبەت لەڕێگەی هێرشە ئاسمانییەكانەوە.
روونیشی كردووەتەوە، ئیسرائیل لەڕێی ژیریی دەستكردەوە شێوازی بەرهەمهێنانی زانیاری گۆڕیوە و تێچووی دیاریكردنی ئامانجەكانی كەم كردووەتەوە، بەڵام ئەوەش بووەتە هۆی هەڵە و شكست لە پێكانی وردی ئامانجەكان.

