ئێران مەرج بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا دادەنێت
بڵند
١٨ی نیسانی ٢٠٢٦
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی تەسنیمی ئێران، کە لە سەرچاوە پەیوەندیدارەکانەوە دەستی کەوتووە، ئێران تا ئەم ساتە رەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی خولی داهاتووی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا نیشان نەداوە.
بە گوێرەی ئاژانسە ئێرانییەکە، ئەم هەڵوێستەی ئێران دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێران و بەردەوامیی داواکارییە زیادەکانەی واشنتۆنە لە تاران.
ئێران لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە بە بەرپرسانی ئەمریکای راگەیاندووە، کە مەرجی سەرەکی بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان، وازهێنانی ئەمریکایە لەو داواکارییە زیادانە، چونکە تاران نایەوێت کاتەکانی لە دانوستانی بێسوود و پڕکێشەدا بەفیڕۆ بدات.
ئەمە لە کاتێکدایە، کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردبوەوە، رۆژی دووشەممە، خولێکی نوێی دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەدەچێت.



