وەزیری دەرەوەی پاكستان: لوبنان خاڵی ناكۆكی نێوان واشنتۆن و تارانە
لازیا عەلی
١٨ی نیسانی ٢٠٢٦
پاكستان بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ لێكنزیككردنەوەی تێڕوانینە جیاوازەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و دەشڵێت لوبنان بووەتە خاڵێكی گەورەی ناكۆكیی.
محەمەد ئیسحاق وەزیری دەرەوەی پاكستان رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لێپرسراوانی باڵای پاكستان بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئێران و ئەمریكا بە مەبەستی گەیشتن بە لێكتێگەیشتن و زیاتر لێكنزیككردنەوەیان، بەڵام لوبنان یەكێكە لە دیارترین خاڵەكانی ناكۆكی نێوان ئەو دوو وڵاتە، جەختیشیكردووەتەوە، واشنتۆن و تاران لە دانوستانەكانی ئیسلام ئاباددا زۆر نزیكبوون لە گەیشتن بە رێككەوتنێكی رەسمی.
ئەو هەوڵانەی ئیسلام ئاباد بۆ نێوەندگیری لە كاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، خواستی خۆی بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی لوبنان و ناوچەكە دەربڕیوە و لەگەڵ بژاردەی هێوركردنەوەی رەوشەكەدایە، بەڵام پێداگریی ئیسرائیل لەسەر بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی لە لوبنان، دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆنی ئاڵۆزتر كردووە.



