باڵیۆزخانەی چین داوا لە هاووڵاتیانی دەکات بەپەلە خاکی ئێران جێبهێڵن
بڵند
٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦
باڵیۆزخانەی چین لە تاران لە رێگەی راگەیەندراوێکی رەسمییەوە داوای لە تەواوی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە، کە لە زووترین کاتدا خاکی ئێران جێبهێڵن و روو لە ناوچە ئارامەکان بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژێک پێش دەستپێکردنی جەنگەکە هەمان داواکاریان هەبوو.
لە راگەیەندراوەکەدا هۆشداری دراوە بەو هاووڵاتیانەشی کە لە ئێران دەمێننەوە، کە بە تەواوی لە شوێنە هەستیارەکان وەک دامەزراوە حکومی و سەربازییەکان دوور بکەونەوە؛ هاوکات داواشی لێکردوون لە کاتی هەر رەوشێکی نائاساییدا، پەیوەندی بە لێپرسراوانی ناوخۆیی و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی چینەوە بکەن بۆ وەرگرتنی هاوکاری.
ئەم هۆشدارییە نوێیەی پەکین لە کاتێکدایە کە پێشتریش رۆژێک پێش هێرشکردنە سەر ئێران، هۆشدارییەکی هاوشێوەی دەرکردبوو.
ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەک بۆ زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەکان و ئەگەری پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا دەبینرێت، کە وای لە چین کردووە رێکاری خێرا بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی لە ناوخۆی ئێران بگرێتەبەر.



