رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وەفدێكی ئەمریكا لەگەڵ ئەحمەد شەرع كۆبوونەوە و نەتەوەیەكگرتوەكانیش داوای رێككەوتنی دەسەڵاتی دیمەشق لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان دەكات.

ناوەندنی فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكا سێنتكۆم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە رۆژی هەینی ئادەم براد كوپەر فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا و تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە كۆشكی سەرۆكایەتی لە دیمەشق كۆبوونەتەوە.

لە پەیامەكەی سێنتكۆمدا هاتوە كە كوپەر و باراك پشتیوانیان دەربڕیوە بۆ تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە بە سوپای سوریا و هاوكات جەختیان لە پشتیوانیكردنی سوریا  بۆ  بەرەنگاربوونەوەی داعش كردووەتەوە.

وەفدەكەی ئەمریكا لەو كۆبوونەوەدا جەختیان لەوە كردوەتەوە كە ئامانجی واشنتۆن سەقامگیریی سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و سوپاسی سەرجەم ئەو لایەنانەی سوریایان كردوە كە پابەندنی ئامانجەكانی ئەمریكان.

 لە لایەكی دیكەوەی ستێفان دوجاریك، وتەبێژی سكرتێری نەتەوەیەكگرتوەكان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەوان پشتیوانی لە یەكپارچەیی سوریا دەكەن و نیگەرانن لە پێكدادانەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتە، بەڵام پێویستە دەسەڵاتی دیمەشق كێشەكانی بە گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا چارەسەر بكات و نەتەوەیەكگرتوەكانیس پشتیوانیی لەو گفتوگۆیانە دەكات.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەوڵە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە مانگی داهاتوودا، رەنگە روبەڕوی بەربەستێک بووبێتەوە: لیژنەی نۆبڵ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە کە ناکەوێتە ژێر هیچ کاریگەرییەکەوە.

لەدوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمەوە، دۆناڵد ترەمپ بە رونی ئارەزووی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە بەناوبانگە ئاشکرا کردووە، کە پێشتر باراک ئۆبامای رکابەری دیموکراتی، لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا لە ساڵی 2009 بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بردییەوە.

ملیاردێرە 79 ساڵانەکە هەموو دەرفەتێکی قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی بڵێت "شایەنی ئەوەیە"، و بانگەشەی ئەوە دەکات کە شەش شەڕی کۆتایی پێهێناوە، سەرەڕای ئەوەی شەڕەکانی غەززە و ئۆکراین—کە دەڵێت دەیەوێت چارەسەریان بکات—هێشتا بەردەوامن.

وەڵامی لیژنەی نۆبڵ:

کریستیان بێرگ هارپڤیکن، سکرتێری لیژنەی نۆبڵ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس لە ئۆسلۆ وتی: "بێگومان تێبینی ئەوە دەکەین کەهەوڵێکی زۆری میدیایی لەسەر کاندیدی دیاریکراو هەیە، بەڵام ئەوە بەڕاستی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو گفتوگۆیانە نییە کە لە لیژنەکەدا بەڕێوەدەچن."

وتیشی: "لیژنەکە هەموو پاڵێوراوێک بەپێی شایستەییەکانی خۆی هەڵدەسەنگێنێت." براوەی ئەمساڵ لە 10ی تشرینی یەکەمدا رادەگەیەنرێت.

ترەمپ بانگەشەکانی خۆی بەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە چەندین سەرکردەی بیانی، لە بنیامین نەتەنیاهۆی ئیسرائیلییەوە تا ئیلهام عەلیێڤی ئازەربایجانی، یان پاڵاوتوویانە یان پشتگیرییان لە پاڵاوتنەکەی کردووە. بەڵام، دەبوو زۆر خێرا بووبن بۆ خەڵاتی ئەمساڵ، چونکە وادەی کۆتایی پێشکەشکردنی ناوی پاڵێوراوەکان 31ی کانوونی دووەم بوو، واتە تەنها ١١ ڕۆژ دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ.

هەر لەم بارەیەوە هارپڤیکن وتی: "پاڵێوراو بوون مەرج نییە دەستکەوتێکی گەورە بێت. دەستکەوتی گەورە ئەوەیە کە ببیتە براوە. لیستی ئەو کەسانەی دەتوانن کەسێک بپاڵێون زۆر درێژە."

فشارەکان کاریگەرییان نابێت:

بەپێی رۆژنامەی دارایی "Dagens Naeringsliv"، ترەمپ لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دارایی نەرویج، یەنس ستۆڵتنبێرگ (سکرتێری پێشووی ناتۆ)، باسی خەڵاتی ئاشتیی کردووە.

هەرچەندە لیژنەی نۆبڵ لەلایەن پەرلەمانی نەرویجەوە دیاری دەکرێت، بەڵام لیژنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بڕیارەکانی بە سەربەخۆیی و دوور لە سیاسەتی حیزبی و حکومەتی کاربەدەست دەدات. نموونەی دیاریش ئەوەیە کە خەڵاتی ساڵی 2010ی بەخشییە Liu Xiaoboی دژبەری چینی، سەرەڕای هۆشدارییە نهێنییەکانی حکومەتی نەرویج، کە بووە هۆی ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و ئۆسلۆ بۆ چەندین ساڵ.

بۆچی بردنەوەی ترەمپ دوورە لە چاوەڕوانی؟

شارەزایان لە نەرویج پێیان وایە شانسی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە زۆر کەمە، چونکە سیاسەتی "ئەمریکای یەکەم"ی ترەمپ پێچەوانەی فرەلایەنییەتە کە ئەلفرێد نۆبڵ، دامەزرێنەری خەڵاتەکە، بەرگری لێدەکرد.

هالڤارد لێیرا، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگای نەرویجی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی (NUPI) وتی: "ئەم جۆرە فشارانە زۆرجار دەرئەنجامی پێچەوانەیان دەبێت. ئەگەر لیژنەکە ئێستا خەڵاتەکە بدات بە ترەمپ، بێگومان تۆمەتبار دەکرێت بە ملکەچبوون."

لە مانگی ئابدا، سێ مێژوونووسی نۆبڵ لە وتارێکدا چەندین هۆکاریان خستەڕوو کە بۆچی نابێت سەرۆک ئەو خەڵاتە وەربگرێت، لەنێویاندا سەرسامییەکەی بە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا. ئەوان نوسیبوویان: "پێویستە ئەندامانی لیژنەی نۆبڵ عەقڵیان لەدەست دابێت" (بۆ ئەوەی خەڵاتەکەی بدەنێ).

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، رایگەیاند کە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە زۆربەی پارێزگاکانی تورکیای گرتووەتەوە، 161 کەس بە گومانی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ هەینی، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس"، رایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 161گومانلێکراویان دەستگیرکردووە.

وەزیرەکە ئاماژەی بەوە کرد کە گومانلێکراوەکان چالاکییان لەناو رێکخراوەکەدا هەبووە و پشتیوانیی داراییان پێشکەش کردووە. ئۆپەراسیۆنەکان لە 38 پارێزگای جیاوازی تورکیا ئەنجامدراون، کە دیارترینیان ئەنقەرەی پایتەخت و ئیستەنبوڵی گەورەترین شاری وڵات بوون.

یەرلیکایا وتیشی: "لە میانی هەڵکوتانە سەر شوێنەکانیاندا، دەست بەسەر چەکی بێ مۆڵەت، بەڵگەنامەی تایبەت بە داعش و کەلوپەلی دیجیتاڵیدا گیراوە."

جێی باسە، ڕێکخراوی داعش لە ماوەی دەیەی رابردوودا چەندین هێرشی لەناو تورکیادا ئەنجامداوە، کە خوێناویترینیان تەقینەوە دوانییەکەی سەر گردبوونەوەیەکی سیاسی بوو لە ساڵی 2015، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 کەس و بە کوشندەترین هێرشی تیرۆریستی لە مێژووی تورکیادا دادەنرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، لە لێدوانێکدا، داوای کرد ئەحمەد تورک، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی مێردین، بگەڕێندرێتەوە سەر کارەکەی وەک بەشێک لە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر". هاوکات پشتگیریی خۆی بۆ بەردەوامبوونی ئەردۆغان تا ساڵی 2028 و داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووپاتکردەوە.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "سەباح"ی تورکی، چەندین لێدوانی گرنگی لەسەر ئەمڕۆی سیاسەتی تورکیا دا، کە گرنگترینیان پەیوەست بوو بە سیاسەتمەدارە کوردەکانەوە.

"پێویستە ئەحمەد تورک بگەڕێتەوە سەر کارەکەی"

لە بەشێکی قسەکانیدا کە بە هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراو دادەنرێت، باخچەلی رایگەیاند: "ئاشتی باڵندەیەکی یەک باڵ نییە. بۆ ئەوەی ئاشتی بفڕێت، پێویستی بە باڵی دووەمە. باڵی یەکەمی ئاشتی لەلایەن ئۆجەلانەوە جێبەجێ کرا، پەکەکە هەڵوەشێنرایەوە و چەکەکان دانران. ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغی ئەوەی کە مەرجەکانی پێکەوەژیان چی بن."

لەو چوارچێوەیەدا، بە ئاماژەدان بە ئەحمەد تورک وتی: "ئەحمەد تورک سەرۆکی شارەوانیی مێردین بوو بەڵام لە کارەکەی دوورخرایەوە. ئەو کەسێکە کە بەشداریی کردووە لە دروستکردنی دیالۆگ لەگەڵ پەکەکە بۆ دابینکردنی ئاشتی و ئارامی لە تورکیا. لە دۆخێکی وەهادا، پێویستە ئەحمەد تورک بگەڕێندرێتەوە سەر کارەکەی و بە شارەوانییەکەی شاد ببێتەوە. ئەمە بەشداریی لە گەشەپێدانی هەستی برایەتی و ئاشتیدا دەکات."

باخچەلی هەمان بۆچوونی بۆ ئەحمەد ئۆزەر (سەرۆکی پێشووی شارەوانیی وان) دووپاتکردەوە و وتی: "ئەگەر لە شارەوانیدا گەندەڵی یان رەفتاری نایاسایی هەبێت، ئەوە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام ئەوەی لە رابردوودا هەندێک بۆچوونی پەیوەست بە پەکەکەی لەگەڵ رای گشتیدا باسکردووە، بابەتێکی ترە. ئەگەر تورکیا چووەتە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە، پێویستە ئەحمەد ئۆزەر ئازاد بکرێت."

"پێویستە هەمووان پابەندی بڕیارەکەی ئۆجەلان بن"

سەبارەت بە پرۆسەی "ئاشتی"، باخچەلی ئاماژەی بە راگەیەندراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و وتی: "دامەزرێنەری پەکەکە، ئۆجەلان، لە 27ی شوباتدا راگەیەندراوێکی دەرکرد... پەکەکە هەڵوەشێنراوەتەوە و چەکەکان دانراون. بۆیە پەکەکە و پێکهاتەکانی سەر بەو رێکخراوە لە هەر کوێیەک بن، ناچارن ملکەچی ئۆجەلان بن، رێزی لێبگرن و بەپێی رێنماییەکانی بجوڵێنەوە."

خاڵە گرنگەکانی دیکەی قسەکانی باخچەلی:

  • پشتگیری بۆ ئەردۆغان: رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنی 2028دا بە تەواوی پشتگیریی کاندیدبوونەوەی ئەردۆغان دەکەن.

  • داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: وتی: "پێویستە رەگ و ریشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربهێنرێت. ئەگەر بەدەست من بووایە، لە ماوەی نیو کاتژمێردا هەموویان دادەخەم."

  • لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە: داوای کرد تا مانگی تشرینی یەکەم، ئیدعانامەی سەرۆک شارەوانییە دەستگیرکراوەکانی جەهەپە ئامادە بکرێت و دادگاییکردنەکان دەستپێبکەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەڵگرتنی سزای قەیسەر بەسەر سوریادا لە كۆنگرێسی ئەمریكا تێنەپەڕی و پێدەچێت بەهۆی ناكۆكی نێوان كۆمارییەكان و دیموكراتەكانەوە بێت. 

جۆو وێڵسن ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا لە حزبی كۆمارییەكان پرۆژەیاسای هەڵگرتنی سزای قەیسەری بەسەر سوریادا پێشكەشی كۆنگرێس كرد، بەڵام لیژنەی رێكخراو و فەرمانڕەوایی رەتیكردەوە سزاكان لە ئێستادا لاببرێن.

ئەنجومەنی سوری ئەمریكی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەڵگرتنی سزای قەیسەر بۆ سەر سوریا پەیوەندی بە رەوشی ئێستای سوریاوە نییەوە، بەڵكو مایك جۆنسن سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رێككەوتنی لەگەڵ ئەنجومەنەكە كردووە لە دوای كۆتایی هاتنی ناكۆكییەكان پرۆژەیاساكە تێبپەڕێنرێت.

یاسای قەیسەر بە ناوی ئەو هاوڵاتییە سورییەوە ناونرا كە سەدان وێنەی ئەشكەنجەدانی ناو زیندانەكانی سوریای گەیاندە كۆنگرێسی ئەمریكا، دواتر سزایەك بەناوی قەیسەر لە ساڵی 2020 بەسەر 39 كەس و قەوارەی حكومەتی سوریا سەپێنرا لە ناویاندا بەشار ئەسەد سەرۆكی هەڵاتووی سوریا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دانیشتنێکی نائاساییدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە کۆی دەنگ هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر دۆحەی پایتەختی قەتەری ئیدانە کرد و بە "پێشێلکاریی سەروەریی قەتەر" ناویبرد.
سەرەڕای ئەوەی لە راگەیەندراوە رەسمیەکەدا ناوی ئیسرائیل نەهێنرا، بەڵام زۆربەی وڵاتانی ئەندام، بەتایبەت روسیا و جەزائیر، بە توندی هێرشەکەیان شەرمەزار کرد. ئەمریکاش دڵنیایی دایە قەتەر کە هێرشەکە دووبارە نابێتەوە، بەڵام جەختی لەسەر پێویستیی "لەناوبردنی حەماس" کردەوە.

ئەمشەو پێنجشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی نائاسایی بەپەلەی لەسەر هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر ئەنجامدا، کە تێیدا ئیدانەیەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە.

هەڵوێستی رەسمی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان:

لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، ڕۆزماری دیکارلۆ بریکاری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی، رایگەیاند کە "هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە جیهانی شۆک کرد" و بە "پێشێلکاریی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی قەتەر"ی وەسف کرد. دیکارلۆ هۆشداریدا کە "ئەم هێرشە رەنگە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار بێت لە ململانێ بەردەوامەکەدا."

دواتر، ئەنجومەنی ئاسایش بە کۆی دەنگی هەر 15 ئەندامەکەی، راگەیەندراوێکی پەسەند کرد کە تێیدا ئیدانەی هێرشەکانی کرد و "هاوپشتیی خۆی لەگەڵ قەتەر" و "پشتگیریی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی" دووپاتکردەوە. بەڵام لە راگەیەندراوەکەدا، کە لەلایەن بەریتانیا و فەڕەنساوە داڕێژرابوو، راستەوخۆ ناوی ئیسرائیل وەک ئەنجامدەری هێرشەکە نەهێنرا.

هەڵوێستی جیاوازی زلهێزەکان: ئەمریکا و روسیا

هەڵوێستی زلهێزەکان جیاواز بوو. نوێنەری ئەمریکا، دۆرۆسی شیا، رایگەیاند کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دڵنیایی داوەتە میری قەتەر کە هێرشەکە دووبارە نابێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە "پێویستە حەماس لە غەززە لەناوببرێت."

لەلایەکی دیکەوە، نوێنەری روسیا، ڤاسیلی نیبێنزیا، بە توندی رەخنەی لە ئیسرائیل گرت و وتی: "هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی وڵاتانە. ناتوانرێت دانوستان بکرێت لە کاتێکدا ئیسرائیل چەکی ئاراستەی دانوستانکار کردووە."

شەپۆلی ئیدانەکردنی نێودەوڵەتی

زۆربەی وڵاتانی ئەندام بە توندی هێرشەکەیان ئیدانە کرد:

  • نوێنەری جەزائیر: وتی، "ئەو کارەساتەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لە غەززە دروستیان کردووە بەسیان نەبووە، دەوڵەتێکی نێوەندگیریشیان کردووەتە ئامانج. هێرشکردنە سەر قەتەر بەڵگەی هێز نییە، بەڵکو بەڵگەی شێتییە، و ئەمەش رەفتارێکی توندڕەوانەیە کە نەبوونی سزا پاڵپشتییەتی."

  • نوێنەری پاکستان: رایگەیاند، "بە توندترین شێوە ئیدانەی دەستدرێژییە نایاسایی و بێ پاساوەکەی ئیسرائیل دەکەین. ئەم هێرشە تەنها هێرشکردنە سەر دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری نییە، بەڵکو دەستدرێژییە بۆ سەر دیپلۆماسییەت."

  • نوێنەری سۆماڵ: جەختی کردەوە کە، "دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر زیادبوونی مەترسیەکانە. فراوانکردنی سیستەماتیکیی ململانێ لەلایەن ئیسرائیلەوە ستراتیژییەکی مەبەستدارە."

ئەم دانیشتنە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر غەززە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاکەرێکی تورک توانی دەستی بە ژمارە تەلەفۆنی تایبەتیی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یسرائیل کاتز، بگات و پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی کورتی لەگەڵدا ئەنجام بدات. دوای بڵاوکردنەوەی وێنەی پەیوەندییەکە و ژمارە تەلەفۆنەکەی، وەزیرەکە رایگەیاند هەزاران نامەی رقئامێز و هەڕەشەی کوشتنی پێگەیشتووە.

هاککەرێکی تورک ژمارە تەلەفۆنی تایبەتیی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی دەستکەوت و لە رێگەیەوە پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی لەگەڵدا ئەنجامدا. رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" بڵاویکردەوە کە کاتز وەڵامی پەیوەندییە ڤیدیۆییەکەی داوەتەوە، بەڵام کاتێک هاککەرە تورکەکە دەستی بە جنێودان کردووە، وەزیری بەرگری دەستبەجێ هێڵەکەی داخستووەتەوە.

بەڵام هاککەرەکە توانیویەتی "سکرین شۆت"ێکی پەیوەندییەکە بگرێت و لەگەڵ ژمارە تەلەفۆنەکەی کاتزدا لەسەر ئینتەرنێت بڵاوی بکاتەوە.

بەپێی میدیا ئیسرائیلییەکان، وەزیری بەرگری "بە هەڵە دەستی بە دوگمەی وەڵامدانەوەی پەیوەندیی هاککەرە تورکەکەدا ناوە، کە تەنها بۆ چەند چرکەیەکی کەم بووە." دوای ئەم روداوە، کاتز هەزاران نامەی رقئامێز و هەڕەشەی کوشتنی پێگەیشتووە.

رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" ئاماژەی بەوەش کردووە کە کاتز بۆ ماوەی چەندین ساڵە هەمان ژمارە تەلەفۆن بەکاردەهێنێت، سەرەڕای ئەوەی پێشتریش ژمارەکەی دزەی پێکرابوو.

لەسەر ئەم روداوە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا وتی: "گرووپی (توندڕەوی) رێکخراو لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهانەوە پەیوەندی بە تەلەفۆنی تایبەتیی و نا-نهێنیی منەوە دەکەن و نامەی رقئامێز و هەڕەشە بەجێدەهێڵن."

لە کۆتاییدا بە هەڕەشەوە وەڵامی دانەوە و وتی: "با ئەوان بەردەوام بن لە پەیوەندیکردن و هەڕەشەکردن، منیش بەردەوام دەبم لە دەرکردنی فەرمانی لەناوبردنی سەرکردە تیرۆریستەکانیان."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر دەوڵەتی قەتەر کرد و هاوسۆزی و پشتیوانیی تەواوی عیراقی بۆ دەوڵەت و گەلی قەتەر دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شێخ تەمیم کوڕی حەمەد ئال سانی، میری دەوڵەتی قەتەر، ئەنجامدا و تیایدا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەوە کرد.

لە میانی پەیوەندییەکەدا، سەرۆک کۆمار بە توندی ئیدانەی دەستدرێژیی ئیسرائیلی بۆ سەر قەتەر کرد و هەموو جۆرە هەڕەشەیەکی بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی ئەو وڵاتە رەتکردەوە. هەروەها جەختی لەسەر هاوسۆزی و پشتیوانیی عیراق کردەوە بۆ "برایانی قەتەر" لە روبەروبوونەوەی ئەم دەستدرێژییەدا.

سەرۆک کۆمار رایگەیاند: "دەستدرێژی بۆ سەر دەوڵەتی قەتەر پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە." ناوبراو داوای یەکخستنی هەوڵەکانی کرد بۆ راگرتنی ئەم پێشێلکارییانە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ کۆتاییهێنان بەم تاوانانە.

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆک کۆمار پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.

هەروەها، هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عیراق و قەتەر کرد و گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبەشیان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلیان دووپات کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، میری قەتەر پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێست و پشتیوانییەکانی عیراق دەربڕی و بە رەنگدانەوەی پەیوەندیی پتەوی نێوان هەردوو وڵاتی وەسف کرد.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئیمزای لەسەر پلانی فراوانخوازیی نیشتەجێبوونی "E1" کرد لە کەرتی رۆژئاوا. هاوکات جەختیشی کردەوە کە هیچ کاتێک رێگە بە دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینی نادات و بەرەی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی بە دۆڵی ئوردن دادەنێت.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە فەرمی پلانی "E1"ی ئیمزا کرد کە ئامانج لێی فراوانکردنی نیشتەجێبوونەکانە لە کەرتی رۆژئاوای لە نزیک قودس.

ناتانیاهۆ لە وتارێکدا بە رایگەیاند: "پێشتر بەڵێنمان دابوو کە دەوڵەتی فەڵەستینی نابێت، و بە دڵنیاییەوە هیچ دەوڵەتێکی فەڵەستینی دانامەزرێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە پلانیان هەیە بۆ دروستکردنی شارۆچکەی دیکەی نیشتەجێبوون و وتی: "چەندین شاری هاوشێوەی مەعالیە ئەدومیم لەسەر خاکەکەمان دروست دەبن."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە: "بەرەی رۆژهەڵاتی ئیسرائیل مەعالیە ئەدومیم نییە، بەڵکو دۆڵی ئوردنە."

نەتەنیاهۆ ئاشکرای کرد و وتی: "ئێمە بە سووربوونەوە لە هەموو بەرەکاندا کاردەکەین بۆ بەدەستهێنانی یەک شت، ئەویش ئەبەدییەتی ئیسرائیلە."

سەبارەت بە شەڕی غەززە، نەتەنیاهۆ بەڵێنی سەرکەوتنی دا و وتی: "ئەوەی لە غەززە دەستیپێکرد، لە غەززە کۆتایی دێت و ئێمە حەماس دەشکێنین."

لە کۆتاییدا، ئاماژەی بە هێرشەکەی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کرد و رایگەیاند: "کاتێک لە ئێرانمان دا، توانیمان هەڕەشەیەکی وجودی لەسەر خۆمان لابەرین."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە وتارێکدا، فەوزی بەرهوم، سەرکردەی باڵای بزوتنەوەی حەماس، هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر دۆحەی پایتەختی قەتەر بە "تاوانێکی تەواو" و "راگەیاندنی جەنگ" دژی هەموو نەتەوەی عەرەبی و ئیسلامی وەسف کرد. ناوبراو جەختیشی کردەوە کە ئەم کردەوەیە هەوڵێکی ئیسرائیلە بۆ تێکدانی رێڕەوی دانوستانەکان و بەدەستهێنانی "سەرکەوتنێکی وەهمی".

ناسنامەی کوژراوەژانی ئاشکرا کرا:

  • جیهاد لەبەد (ئەبو بیلال)

  • هومام حەییە

  • عەبدوڵا عەبدولواحید

  • موئمین حەسونە

  • ئەحمەد عەبدولمالک

  • وەکیل عەریف بەدر سەعد محەمەد دۆسەری

"هێرشێک بۆ سەر هەموو نەتەوە"

سەرکردەکەی حەماس جەختی کردەوە کە ئەم شەڕە تەنها شەڕی غەززە، حەماس، یان فەڵەستین نییە، بەڵکو "شەڕی هەموو نەتەوەکەیە."

وتیشی: "ئێمە لەبەردەم تاوانێکی تەواوداین کە نەک تەنها سەروەریی وڵاتێکی عەرەبی دەکاتە ئامانج، بەڵکو هەموو ئەو بەهایانە دەکاتە ئامانج کە قەتەر وەک بەشێک لە بەهاکانی عەروبە و ئیسلام نوێنەرایەتییان دەکات. ئەمە راگەیاندنی جەنگێکی ئاشکرایە دژی هەموو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکانمان."

ئامانج لێی تێکدانی دانوستانەکانە:

بەرهوم ئاماژەی بەوە دا کە "هەوڵە شکستخواردووەکەی تیرۆرکردنی وەفدی دانوستانکاری بزوتنەوەکە لە دۆحە، رەنگدانەوەی هەوڵی ئیسرائیلە بۆ دروستکردنی وێنەیەکی وەهمی سەرکەوتن، لە پاش شکستی لە غەززە و نەگەیشتن بە ئامانجەکانی.

رونیشی کردەوە کە "کردەوەی تیرۆرکردنی وەفدی دانوستان لە کاتێکدا کە تاوتوێی پێشنیازە نوێیەکانی دەکرد، ئامانجگرتنێکی قێزەون و بێشەرمانەی رۆڵی رێزلێگیراوی نێوەندگیری قەتەرە. بۆردومانەکە ماڵی سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری کردووەتە ئامانج، کە خێزانەکەی تێیدا نیشتەجێ بوون و لە ئەنجامدا هاوسەری، و نەوەکانی بریندار بوون."

بەرهوم ئەم هێرشەی بە "بۆردومانکردن و تیرۆرکردنی تەواوی رێڕەوی دانوستان" و "ئامانجگرتنێکی مەبەستدار" بۆ رۆڵی نێوەندگیرانی وەک قەتەر و میسر دانا.

ئیدارەی ئەمریکا بە هاوبەشی تاوانەکە ناوبرد:

فەوزی بەرهوم بە توندی رەخنەی لە ئەمریکا گرت و وتی: "ئیدارەی ئەمریکا هاوبەشێکی تەواوەتییە لەم تاوانەدا."

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: "خوێنی سەرکردەکانی بزوتنەوەکە لە خوێنی منداڵان و ژنانی غەززە و قودس و کەرتی رۆژئاوا بەهادارتر نییە. هیچ هێزێک لەسەر زەوی ناتوانێت ڕێگری لە مافی ڕەوای گەلەکەمان بکات بۆ بەرگریکردن لە خاک و پیرۆزییەکانی."

هەروەها هاوسۆزیی خۆی بۆ وڵاتی قەتەر دەربڕی و ستایشی هەموو ئەو هەڵوێستانەی کرد کە پشتیوانیی قەتەر دەکەن و دژی دەستدرێژییەکەی ئیسرائیلن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، قەتەر ئەو راپۆرتەی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکات دۆحە پێداچوونەوە بە هاوبەشییە ئەمنییەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەکات و بە "تەواو ناڕاست" وەسفی کرد.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەی راگەیاندنی نێودەوڵەتیی قەتەرەوە دەرچووە، دۆحە جەختی کردەوە کە پەیوەندییە ئەمنی و بەرگرییەکانی لەگەڵ واشنتن "لە هەموو کاتێک بەهێزترە و بەردەوامە لە گەشەکردن."

راگەیەندراوەکە راپۆرتەکەی "ئەکسیۆس"ی بە "هەوڵێکی ئاشکرا و شکستخواردوو بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان قەتەر و ویلایەتە یەکگرتووەکان" ناوبرد. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو لایەنانە لەپشت ئەم جۆرە هەواڵانەوەن کە سوود لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە وەردەگرن و دژی ئاشتی دەوەستنەوە."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەردوو وڵات بۆ ماوەی چەندین ساڵە پشتیوانیی یەکتریان کردووە و ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردنی پێکەوەیی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا."

ئەم رونکردنەوەیەی قەتەر دوای ئەوە هات کە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرکردەکانی حەماس لە دۆحە، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، بە نێردەی کۆشکی سپی، ستیڤ ویتکۆفی، راگەیاندووە کە وڵاتەکەی پێداچوونەوە بە هاوبەشییە ئەمنییەکەی لەگەڵ واشنتن دەکات و "رەنگە بەدوای هاوبەشی دیکەدا بگەڕێت" کە بتوانن بیپارێزن.

هاوکات، رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" رۆژی چوارشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە بڵاوی کردەوە کە بەرپرسێکی باڵای قەتەری لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ویتکۆف، گومانی خۆی لە هاوبەشییەکەی دۆحە لەگەڵ ئەمریکا دەربڕیوە.

بەپێی سەرچاوەکە، "بەرپرسە باڵاکەی قەتەر ئاماژەی بە هێرشەکەی ئیسرائیل و هێرشەکەی مانگی حوزەیرانی رابردووی ئێران کردووە کە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە قەتەر کردبووە ئامانج" و "نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە شکستی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پاراستنی وڵاتەکەی." 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەسەدە بەرپەرچدانەوەی هێرشێكی گروپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشقی بۆ سەر هێزەكانی لە ریفی حەڵەب راگەیاند .


ناوەندی راگەیاندنی هیزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە ، هێزەكانیان رێگرییان لە هەوڵێكی دزەكردن و تۆپباران كردووە كە لەلایەن گروپەكانی سەر بە حكومەتی دیمەشق لە ناوچەی دێرلبلح لە ریفی حەلەب ئەنجامدراوە و بە تەواوی ئەو هەوڵانەیان شكستپێهێناوە . 


دوپاتیشكراوەتەوە كە هەسەدە بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو پێشهاتە دەخاتە ئەستۆی ئەو لایەنەی دەستپێشخەر بووە بۆ دروستكردنی ئالۆزی و ئەنجامدانی پێشێلكاری كە هەرەشە لەسەر سەقامگیری گشتی دروست دەكات ، لە هەمان كاتیشدا دڵنیایی دراوە لەوەی كە لە ئێستادا رەوشەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە و هەسەدە ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ رێگریكردن لە هەر پێشێلكارییەك و بە تەواوی پابەندە بە بەرگریكردن لە خاك و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 30 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی حوسیەکان رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و مەدەنیەکان لە سەنعای پایتەخت و ناوچەی جەوف، 35 کەس کوژراون و 131 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئێوارەی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل لەڕێگەی 10 فڕۆکەی جەنگی و ئاڕاستەکردنی 30 موشەکەوە، ژمارەیەک دامەزراوەی سەربازی و مەدەنی لە ناوچەکانی سەنعا و جەوف بۆردومانکرد، لەنێویاندا، باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری و ژمارەیەک پاڵاوگە و کۆگای نەوت و بنکەی سەربازی سەربە حوسیەکانی بەئامانجگرت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل وەزارەتی بەرگری و چەند پێگەیەكی حوسییەكانی یەمەنی لە ناوەڕاستی سەنعا كردە ئامانج و ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتووەتەوە.

تەلەفزیۆنی مەسیرە سەر بە حوسیەكان بڵاویكردەوە، فڕۆكە سەربازییەكانی ئیسرائیل وەزارەتی بەرگری و بارەگای فەرماندەیی گشتی و چەند كۆگایەكی سووتەمەنی و بەشی راگەیاندنی حوسیەكانی لە ناوچەی باب و تەحریر لە ناوەڕاستی سەنعا بۆردومانكردووە و كوژراو و ژمارەیەك برینداری لێكەوتووەتەوە.

هاوکات وەزارەتی تەندروستی حوسییەکان ئاشکرایکرد، 9 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون و زیاتر لە 118 کەسیش برینداربوون.

ئاماژە بەوەشكراوە، هەر لەو بۆردومانەدا بۆ یەكەمجار سەكۆی هەڵدانی مووشەكیی كراوەتە ئامانج.

هێرشەكە یەكەمجارە لە دوای 28ی ئابەوە كە ئیسرائیل سەرۆكی حكومەتی حوسیەكان و ژمارەیەك وەزیری لە بۆردومانێكی چڕدا لە سەنعا كوشت.

بۆ بینینی ساتی بۆردومانەکە کلیک لێرە بکە.....

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری بەرگری ئیسرائیل بەئامانجگرتنی ژمارەیەک پێگەی حوسیەکانی لە پایتەختی یەمەن راگەیاند، وتەبێژی سەربازی حوسیەکانیش ئاماژە بە رێگریکردن لە فرۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل دەکات.

یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی ژمارەیەک پێگەو دامەزراوەی حوسیەکانی لە سەنعای پایتەختی یەمەن بۆردومانکردوە، لەنێویشیاندا وەزارەتی بەرگری حکومەتی حوسیەکان و کۆگا و پاڵاوگەی نەوت.

راشیگەیاند، تیرۆرستان لە هەرجێگەیەک مەترسی یاخود هەرەشە بۆسەر هاووڵاتیانی ئیسرائیل دروستبکەن لەناویدەبەن.

لەلایەکی دیکەوە یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازی حوسیەکان لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، لە رێگەی ژمارەیک موشەکەی زەمین بۆ ئاسمان توانیویانە رێگری لە ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیل بکەن، پێش دەستپێکردنی هێرشەکانیان.

بەپێی میدیاکانی ولاتانی کەنداویش، 10 فڕۆکەی جەنگی سەربە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل 15 پێگەی حوسیەکانی لە سەنعای پایتەختی یەمەن بۆردومان کردوە و ژمارەیک کەسیش کوژراو برینداربوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە بۆ یەكەمجار جگە لە دەم پارتی نوێنەری چوار پارتی تری توركیا سەردانی ئیمرالی بكەن و لەگەڵ ئۆجەلان كۆببنەوە.

پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان دەم پارتی رایگەیاند: جگە لە وەفدی ئیمراڵی نوێنەری ژمارەیەك پارتی توركیا لە هەفتەی داهاتودا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی كۆدەبنەوە.

بڕیارە لەگەڵ وەفدی دەم پارتی، هەر یەكە لە نوێنەری پارتی هەرێمە دیموكراتەكان دەبەپە و پارتی سۆسیالیست و پارتی شۆشگێڕ و پارتی بونیاتنانەوەی سۆسیالیست و پارتی چەپی سەوز لەگەڵ ئۆجەلان كۆببنەوە.

وەزیر جۆشكون، پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی دەم پارتی، رایگەیاندوە لە كۆبونەوە لەگەڵ ئۆجەلان تاوتوێی  پلان بۆ بەرفراوانكردنی پرۆسەی ئاشتیی لە توركیا دەكرێت و هاوكات یەكێك لەو پرسە گرنگانە كە بە ئەگەری زۆر قسەی لەسەر بكرێت پرسی خۆسەریی لباكور و رۆژهەڵاتی سوریایە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...110111112113114...175