سیسی ستایشی ترەمپ دەکات: ئەو تاکە کەسە دەتوانێت ئاشتی بێنێتە دی

سیسی، سەرۆکی میسر، ستایشی ترەمپی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی غەززە و بە "دەستکەوتێکی گەورە" ناوی برد، رایگەیاند ترەمپ تاکە سەرکردەیە کە دەتوانێت ئاشتی لە ناوچەکەدا بێنێتە دی.

هاوکات ترەمپیش رۆڵی سیسی لە پرۆسەی ئاشتیدا بە "زۆر گرنگ" وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا حەماس رێز لە میسر دەگرێت.

لێدوانەکانی ترەمپ لە میسر:

ترەمپ رایگەیاند: "بە قۆناغێکی زۆر نایابدا تێدەپەڕین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سیسی رۆڵێکی زۆر گرنگی بینی لە پڕۆسەی ئاشتیدا، چونکە حەماس رێز لە میسر دەگرێت."

سەبارەت بە ئێران، ترەمپ وتی: "ئێران زەبرێکی زۆر سەختی بەرکەوتووە و پێویستی بە یارمەتییە و پەیوەست دەبێت (بە رێککەوتنەکە). ئێران ناتوانێت لە ژێر گەمارۆکاندا بەردەوام بێت و پێم وایە ئەوان دەیانەوێت رێککەوتنێک ئەنجام بدەن."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد: "پێشبینی دەکەین پێشکەوتنێکی زۆر گەورە و بەرچاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببینین" و جەختی لەوە کردەوە کە "گفتوگۆکانی قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکەی غەززە دەستیان پێکردووە."

لێدوانەکانی سیسی:
سیسی، سەرۆکی میسر، ستایشی ترەمپی کرد و وتی: "بەڕێز سەرۆک کارێکی نایابت ئەنجامدا." هەروەها رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ تاکە کەسە کە دەتوانێت رێککەوتنەکەی غەززە ئەنجام بدات و ئاشتی لە ناوچەکەماندا بەدی بهێنێت."

سیسی داوای کرد: "پێویستە پاشماوەی تەرمەکان بە زووترین کات رادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە و هاوکارییەکان بگەیەنرێن و قۆناغەکانی دیکەی رێککەوتنەکە تەواو بکرێن."

ترەمپیش دووپاتی کردەوە کە "سیسی رۆڵێکی زۆر گرنگی لەگەڵ حەماسدا بینیوە و حەماس رێز لە میسر دەگرێت."