هەسەدە دەخرێتە سەر وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سوریا و مەزڵوم کۆبانێش دەڵێت: لە ئێستادا گفتوگۆکان لەو بارەیەوە بەردەوامییان هەیە.

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس، رایگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی لە دیمەشق گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی سەبارەت بە میکانیزمی تێکەڵکردنی هێزەکانیان لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سوریا، هاوکات فەرماندەیەکی باڵای هەسەدەش جەختدەکاتەوە، هێزەکانیان دەبنە پارێزەری تەواوی جوگرافیای سوریا.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرایکرد: "لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی گەیشتووینەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی سەبارەت بە میکانیزمی تێکەڵکردنی هەسەدە لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا."

مەزڵوم کۆبانێ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا گفتوگۆکان لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتی لە دیمەشق بەردەوامییان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆهلات عەفرین فەرماندەی گشتیی یەپەژەو ئەندامی فەرماندەیی هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات رایگەیاند: "هەسەدە دەبێتە ئەو هێزەی کە پارێزگاری لە تەواوی جوگرافیای سوریا دەکات."

وتیشی: "مۆدێلی سەربازیی هەسەدە ئەزموونێکی پێشکەوتوو لە رێکخستن و دیسپلین پێکدەهێنێت، دەکرێت پەرەی پێبدرێت بۆ ئەوەی ببێتە بنەمای سوپایەکی نیشتمانیی گشتگیر."

رۆهلات عەفرین جەختی لەوەشکردەوە، ئەو رێکارە ئەمنی و سەربازییانەی هەسەدە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا گرتوویەتیەبەر، رێگەیان لە تەشەنەسەندنی پشێوی و ناسەقامگیری گرتووە.

بە وتەی ئەو فەرماندەیەی هەسەدە، "ئەم رێکارانە هەموو پێکهاتەکان لە عەرەب و کورد و سریان دەپارێزن و پێکەوەژیانی هاوبەشی نێوانیان دەستەبەر دەکەن."