شەرم شێخ، گەورەترین شاری پارێزگای سینای باشورە لە میسر، خاوەنی شوێنێکی ستراتیژی ناوازەیە، کە دەکەوێتە نێوان چیاکانی نیمچە دوورگەی سینا و ئاوەکانی دەریای سور. ئەم شارە گەشتیارییە ناسراوە بە بوونی کەناراوێکی زەردی درێژ کە چەندین هۆتێل و ناوەندی غەواس و یاریگای گۆڵفی لەسەر دروستکراوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە بەناوبانگترین شارە گەشتیارییەکانی میسر.

لە شەڕی نسکۆی ساڵی 1967دا ئیسرائیل داگیری کرد و کۆمەڵگەیەکی بچوکی تێدا دروستکرد، بەڵام لە ساڵی 1982 میسر وەریگرتەوە و گرنگییەکی تایبەتی پێدا. شەرم شێخ میوانداری چەندین گەڕی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکانی کردووە و چەندین رێککەوتنیشی لە نێوان هەردوو لادا بەخۆوە بینیوە.

شوێن و کەشوهەوا:
شاری شەرم شێخ لە پارێزگای سینای باشور لە کۆماری میسری عەرەبیدا هەڵکەوتووە، بە دیاریکراوی لە نێوان چیاکانی نیمچە دوورگەی سینا و ئاوەکانی دەریای سور، لە خاڵی یەکگرتنەوەی کەنداوەکانی عەقەبە و سوێس. بەهۆی نزیکیی لە بیابانی سیناوە، کەشوهەوایەکی بیابانی هەیە و بارانبارینی کەمە، تێکڕای بارانبارین نزیکەی 4 ملم و تێکڕای پلەی گەرمای ساڵانە 23 پلەی سەدییە.

رووبەر و دانیشتوان:
روبەری شاری شەرم شێخ نزیکەی 480 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و بە گەورەترین شاری پارێزگای سینای باشوور دادەنرێت. ژمارەی دانیشتوانی شەرم شێخ لە ساڵی 2024دا نزیکەی 28 هەزار کەس بووە، بەپێی دەزگای ناوەندیی ئامار و سەرژمێریی میسری.

ناونیشان:
چەندین گێڕانەوە هەیە سەبارەت بە هۆکاری ناونانی شارەکە بەم ناوە. وشەی "شەرم" لە زمانی عەرەبیدا بە واتای کەنداو یان گەرووی بچووک دێت، کە شێوە جوگرافییەکەی شارەکە دەردەخات. بەشی دووەمی ناوەکە "شێخ"، دەگەڕێتەوە بۆ شێخی هۆزێکی بێدەو کە لە سەردەمە کۆنەکاندا تێیدا نیشتەجێ بووە. گێڕانەوەیەکی دیکەش دەڵێت وشەی "شەرم" لە بنەڕەتدا عیبرییە و بە واتای درز لە شاخدا دێت.

مێژوو:
سەرچاوە مێژووییەکان دەریدەخەن کە شارەکە بیابانێکی وشک بووە و تەنها ژمارەیەکی کەم لە بەدەوییەکان تێیدا دەژیان. لە شەڕی حوزەیرانی 1967دا ئیسرائیل شارەکەی داگیرکرد و نیشتەجێگەی "عۆفێرا"ی تێدا دروستکرد و وەک بنکەی هێزی ئاسمانی خۆی بەکاری هێنا. ئیسرائیل گرنگییەکی زۆری بە شەرم شێخ دا بەهۆی سروشتە جوانەکەی و هەڵکەوتنەکەی لەسەر کەناراوەکانی دەریای سور. داگیرکاریی ئیسرائیل تا 21ی نیسانی 1982 لە شەرم شێخ بەردەوام بوو، بەپێی پەیماننامەی کامپ دەیڤد کە لە ساڵی 1979 لە نێوان میسر و ئیسرائیلدا واژۆکرا.

دوای گەڕاندنەوەی تەواوی سینا، حکومەتی میسر پلانێکی بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری لە وڵاتدا بە گشتی و لە سینای باشور بە تایبەتی دانا، شەرم شێخ یەکێک بوو لە گرنگترین شارەکانی ناوەڕاستی پلانەکە بەهۆی دەوڵەمەندیی سروشتییەوە. لەو کاتەوە شارەکە بە خێرایی گەشەی کرد و بووە یەکێک لە بەناوبانگترین شارە گەشتیارییەکانی میسر و جیهان، و بە یەکێک لە جوانترین شارەکانی جیهان پۆلێن دەکرێت.

شەرم شێخ بەهۆی گۆڕانکارییەکانی لە ژێر کاریگەری سیستەمە مۆدێرنەکانی بیناسازی، کات بەسەربردن و خزمەتگوزاری هۆتێلیدا، توانی خەڵاتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و کلتوور (یونسکۆ) بەدەستبهێنێت، وەک یەکێک لە پێنج باشترین شاری ئاشتی لە جیهاندا لە نێو 400 شاردا هەڵبژێردرا.

ئابووری:
گەشتیاری لە شاری شەرم شێخدا سەرچاوەیەکی گرنگی دراوی بیانییە بۆ گەنجینەی میسر. بەهۆی تواناکانی سروشتییەوە، نازناوی "ریڤێرای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی" لێنراوە و خەڵاتی شارەکانی ئاشتی بۆ ساڵانی 2000 و 2001 بەدەستهێناوە. لە تەممووزی 2004، رۆژنامەی "سەندەی تایمز"ی بەریتانی ئامارێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا باشترین 15 شاری گەشتیاری لە جیهاندا پۆلێن کرابوو، شەرم شێخ پلەی چوارەمی بەدەستهێنا.

شوێنە دیارەکان:
شاری شەرم شێخ چەندین شوێنی مێژوویی و گەشتیاری دیاری تێدایە، کە گرنگترینیان بریتین لە:

  • پارکی نەتەوەیی راس محەمەد:
    دەکەوێتە نزیکەی 12 کیلۆمەتر لە شاری شەرم شێخەوە و لە ساڵی 1983 وەک دووەم گرنگترین پارکی نەتەوەیی لە جیهاندا پۆلێن کرا بەهۆی سروشتە جوانەکەی و پاشماوە مێژووییەکانییەوە.
  • کەناراوەکانی کەنداوی نەعمە:
    دەکەوێتە خاڵی یەکگرتنەوەی کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقیا لە ناوەڕاستی شاری شەرم شێخدا، بە یەکێک لە گرنگترین ناوچە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی دادەنرێت و دەوڵەمەندە بە ڕیفی مەرجانی و ماسی ڕەنگاوڕەنگ و لمە نەرمەکان. گەشتیاران بۆ مەلەوانی و خلیسکێنەی ئاو و سکیتەری ئاو ڕووی تێدەکەن.