ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، بەڵگەنامەی کۆتاییهێنانی شەڕی کەرتی غەززەیان لە لووتکەی ئاشتی شەرم شێخ ئیمزا کرد.

دوای رێوڕەسمی واژۆکردنی بەڵگەنامەکە، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی بەدەست هاتووە کارێکی نایابە و سوپاسی سەرجەم سەرکردە بەشداربووەکانی لووتکەکەی کرد. هەروەها دووپاتیکردەوە کە پێش کاندیدبوونیشی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، گرنگیی ئەم رێککەوتنەی دەزانی.

رێوڕەسمی ئیمزاکردنی بەڵگەنامەی رێککەوتنی غەززە لە میانەی دانیشتنی کردنەوەی لووتکەکەدا بەڕێوەچوو، کە بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی سیسی و ترەمپ و بە ئامادەبوونی سەرکردە و بەرپرسانی زیاتر لە 31 وڵات و رێکخراوی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.

ئەم ئیمزاکردنە وەک کۆتاییهاتنی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان دادەنرێت کە لەلایەن میسر و ئەمریکاوە بۆ راگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە و کردنەوەی رێگایەکی نوێ بەرەو ئاشتی و سەقامگیری لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستیپێکردبوو.

پێشبینی دەکرێت ئەم بەڵگەنامەیە میکانیزمەکانی جێگیرکردنی ئاگربەست، دڵنیابوون لە بەردەوامیی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان و دەستپێکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی گشتگیری کەرتی غەززە دیاری بکات.