سزای لەسێدارەدان بۆ سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەنگلادیش دەرچوو
بڵند
١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای تاوانەکانی داکا، کە پایتەختی بەنگلادیشە سزای لە سێدارەدانی بۆ شێخ حەسینە، سەرۆک وەزیرانی پێشوی وڵاتەکەی دەرکرد بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و ناوبراویش کە لە ئێستادا لە هیندستانە تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە.
لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە؛ سەرۆک وەزیرانی پێشوو بە سێ تاوان تۆمەتبارە، هاندان بۆ کوشتن، فەرمانی کوشتن و هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانێک بۆ سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەران، بە تاوانبار ناسێندراوە.
دادگا دەشڵێت؛ هەموو ئەو هۆکارانەی کە پێویستن بۆ دەستنیشانکردنی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لەم تاوانانەدا هەیە و دادگا پابەندە بە دەرکردنی یەک سزا ئەویش لە سێدارەدانە.
شێخ حەسینەی تەمەن 78 ساڵ، هاوینی رابردوو دوای چەند هەفتەیەک نائارامی، وەک سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش بەرەو هیندستان هەڵات و لە ئێستادا لەوێ پەنابەرە.
ناوبراو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و رایگەیاندوە؛ ناترسێت لە دادگایەکی دروست و بێ لایەندا رووبەڕووی تۆمەتەکان ببێتەوە کە دراونەتە پاڵی و حکومەتی کاتی وڵاتەکەشی خستوەتە ژێر پرسیارەوە و پێی وتون؛ با کەیسەکەی ببرێتە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهای.
ئەو شانازی بە کارەکانیەوە دەکات لە حکومەتەکەیدا لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدان، دەڵێت؛ لەو بوارەدا زۆرترین کاریان کردوە.



