حکومەتی بەریتانیا وردەکاریی پلانی نوێی چاکسازی لە سیستمی پەنابەراندا بڵاوکردەوە
راهۆز
١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
حکومەتی بەریتانیا وردەکاریی پلانی نوێی چاکسازی لە سیستمی پەنابەریدا بڵاوکردەوە، کە ئامانج لێی توندکردنەوەی مەرجەکان و خێراکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەیە، ئەمەش ناڕەزایەتیی لەناو بەشێک لە پەرلەمانتارانی پارتی کرێکاراندا لێکەوتۆتەوە. هاوکات، راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بیر لە پێدانی مافی پەنابەری سیاسی بەو چالاکوانە بەریتانیانە دەکاتەوە کە بەهۆی "تاوانی بیرکردنەوە" دادگایی دەکرێن.
گرنگترین گۆڕانکارییەکانی پلانی حکومەتی بەریتانیا:
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دۆسیەیەکی 38 خاڵیی بڵاوکردۆتەوە کە ئامانج لێی قورسترکردنی مانەوەی هەمیشەیی پەنابەران و ئاسانکردنەوەی دەرکردنی ئەو کەسانەیە کە مافی مانەوەیان نییە. گرنگترین خاڵەکان ئەمانەن:
-
زیادکردنی دیپۆرتکردنەوەی خێزانەکان، بە منداڵەکانیشەوە: بەپێی دۆکیۆمێنتەکە، پێشتر گەڕاندنەوەی خێزانەکان کاری لەپێشینە نەبووە، بەڵام حکومەت ئێستا دەڵێت ئەم "دوودڵییە" هاندەرێکی خراپ دروست دەکات. پلانی نوێ ئەوەیە کە سەرەتا هاوکاریی دارایی پێشکەش بە خێزانەکان بکرێت بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، ئەگەر رەتیانکردەوە، ئەوا بە زۆر دیپۆرت دەکرێنەوە.
-
لاوازکردنی پێگەی پەنابەری: شەبانا مەحمود، وەزیری ناوخۆ، رایگەیاندووە کە وەرگرتنی مافی پەنابەری "بە کردەوە بە مانای وەرگرتنی توانای ژیانکردنە لەم وڵاتەدا بۆ هەمیشە" و دەبێت ئەمە بگۆڕدرێت. بۆ ئەم مەبەستە، ماوەی چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە 5 ساڵەوە بۆ 20 ساڵ زیاد دەکرێت.
-
بڕینی هاوکاریی دارایی: حکومەت چیتر پابەند نابێت بە پێدانی هاوکاریی دارایی بە هەموو پەنابەران. بەپێی پلانی نوێ، ئەو پەنابەرانەی مافی کارکردنیان هەیە بەڵام کار ناکەن، هیچ هاوکارییەکی داراییان پێنادرێت.
-
دامەزراندنی دەستەیەکی نوێ بۆ خێراکردنی تانەکان: دەستەیەکی نوێ بۆ تانە لێگرتن دادەمەزرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی بڕیاردان لەسەر رەتکردنەوەی داواکارییەکانی پەنابەری خێراتر بکرێت. ئامانج لێی ئەوەیە ئەو پەنابەرانەی داواکارییەکانیان رەتدەکرێتەوە زووتر دیپۆرت بکرێنەوە.



