جێرمی کۆربین، پەرلەمانتاری بەریتانیا لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، نیگەرانیی خۆی لە دۆخی کوردانی سوریا دەردەبڕێت و داوا دەکات حکومەتی بەریتانیا پشتیوانی لە داننان بە ناسنامە و زمانی کوردی بکات لە دەستووری ئەو وڵاتەدا.

کۆربین لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حکومەتی نوێی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بەڵام شەڕ دەستیپێکردووەتەوە و هۆشداری دەدات کە "هەر گرژییەکی زیاتر دەبێتە هۆی کوشتن و وێرانکاری و ئاوارەبوونی زیاتر".

پەرلەمانتارە بەریتانییە چوار داواکاریی خستووەتە بەردەم وەزیری دەرەوە:

1- پشتیوانیکردن لە دانوستانی گشتگیر بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی دەستبەجێ.
2- داواکردنی پاراستنی مەدەنییەکان و کەمینەکان.
3- داکۆکیکردن لە دانپێدانانی دەستووری بە ناسنامە و زمانی کوردی و خۆبەڕێوەبەریی ناوخۆیی.
4-. پشتیوانیکردن لە میکانیزمی چاودێریی سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست.

کۆربین لە بەشێکی نامەکەیدا دەڵێت: "کورد یەکێکە لە گەورەترین نەتەوەکانی جیهان کە دەوڵەتی نییە و مافی چارەی خۆنووسینی لێ زەوت کراوە. گرنگە هەموومان دان بە مافی کورددا بنێین لە سوریا، عیراق، ئێران و تورکیا بۆ دیاریکردنی داهاتووی خۆیان".