چوار مەرجەکەی دۆناڵد ترەمپ کە داوای جێبەجێکردنی دەکات لە ئێران
بڵند
٤ی شوباتی ٢٠٢٦
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە سوڵتاننشینی عومان دەستپێبکات، بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چوار مەرجی سەرەکی و بنەڕەتی دیاری کردووە کە بە هیچ شێوەیەک پاشەکشەیان لێ ناکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم" داواکرییەکانی دۆناڵد ترەمپ لە ئێران بریتییە لە وازهێنانی تەواو لە بەرنامەی ئەتۆمی، راگرتنی پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی، کۆتایهێنان بە پشتگیریکردنی گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکە و باشترکردنی مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ناوخۆی ئێران.
سەرەڕای ئەم داواکاریانەی سەرۆکی ئەمریکا، ئێران بەردەوام رەتی کردوەتەوە دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییە کەی و بەرنامە موشەکییەکانی ببێت، رۆژنامە ئیسرائیلییەکە رایگەیاندوە، ئێران هەوڵ دەدات گفتوگۆکان تەنها لە چوارچێوەی دۆسیە ئەتۆمییەکەدا بمێننەوە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ترەمپ لە رێگەی ئەم داواکارییە قورسانەوە دەیەوێت شەرعییەتی پێویست کۆبکاتەوە تاوەکو لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکاندا، زەمینە بۆ بژاردەی سەربازی دژی تاران خۆش بکات و ئاژانسی رۆیتەرزیشی رایگەیاندوە، ئێران ئەمریکای ئاگادار کردوەتەوە تەنها گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکان دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، کۆشکی سپی رایگەیاند، کە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەم هەفتەیەدا ئەنجام دەدرێن، سەرەڕای ئەو گۆڕانکاریانەی کە تاران سەبارەت بە شوێنەکەی داوای کردووە.



