ئەبوزەبی دەبێتە چەقی نوێترین گەڕی دانوستانەکانی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ
محەمەد رزگار
١ی شوباتی ٢٠٢٦
لە گۆڕانکارییەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراودا، سەرۆکی ئۆکراین رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی ئامادەیە جارێکی دیکە لەگەڵ روسیا بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، بڕیارە لە رۆژانی 4 و 5ـی ئەم مانگەدا، پایتەختی ئیمارات ببێتە میوانداری گەڕێکی نوێی دانوستانە سێ قۆڵییەکانی نێوان (ئۆکرانیا، روسیا و ئەمریکا).
سەرۆکی ئۆکراین جەختی لەوەکردووە، تیمی دانوستانکارەکەیان راپۆرتی کۆتاییان ئامادەکردووە و ئامانجیان گەیشتنە بە رێککەوتنێک کە "شکۆی ئۆکراینییەکان" بپارێزێت.
ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرایانکردووە، ئەم پێشهاتە سیاسییە دوای کۆبوونەوەیەکی نهێنی و "گرنگ" دێت کە لە ویلایەتی فلۆریدا لە نێوان نێردەی تایبەتی ئەمریکا و نوێنەری ڤلادیمێر پوتین ئەنجامدرا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەکردووە کە "کەشێکی ئەرێنی" لە ئارادایە و روسیا ئارەزووی بۆ ئاشتی نیشانداوە.
ئەو کەسایەتییانەی مێزی گفتوگۆکە بەڕێوە دەبەن:
جارید کوشنەر: زاوای ترەمپ و یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی پشت پەردەی ئەم ڕێککەوتنە.
سکۆت بێسێنت: وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، کە ئاماژەیە بۆ رەهەندە ئابورییەکانی رێککەوتنەکە.
کییەریل دمیتریێڤ: نوێنەری تایبەتی روسیا بۆ گفتوگۆکان.
چاودێرانی سیاسی لەسەر ئاستی جیهان، چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەبوزەبی دەکەن، کە ئایا دەبێتە خاڵی کۆتایی بۆ جەنگێک کە زیاتر لە سێ ساڵە ئەوروپای هەژاندووە، یان تەنها وێستگەیەکی دیکەی ململانێ دیپلۆماسییەکان دەبێت.



