بایدن هێرش دەکاتە سەر ترەمپ: تۆ بۆ ئێمە کار دەکەیت، نەک تەنها بۆ ملیاردێرەکان
راهۆز
٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بە توندی هێرشی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ و رایگەیاند، ئەو تەنها خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەمەندەکان دەکات نەک خەڵکی ئاسایی.
بایدن دوێنێ هەینی، لە وتارێکیدا لە ئاهەنگێکی حزبی دیموکرات لە شاری ئۆماها لە ویلایەتی نێبراسکا وتی، "تۆ بۆ ئێمە کار دەکەیت بەڕێز سەرۆک. ئێمە بۆ تۆ کار ناکەین. تۆ بۆ ئێمە کار دەکەیت، نەک تەنها بۆ ملیاردێر و ملیۆنێرەکان." بایدن وتیشی، "من توڕەم."
سەرۆکی پێشوو ئاماژەی بە روخاندنی باڵی رۆژهەڵاتی کۆشکی سپی کرد لەلایەن ترەمپەوە بەمەبەستی دروستکردنی هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان بە رووبەری 90 هەزار پێی چوارگۆشە و وتی، "دەمزانی ترەمپ وڵاتەکە بە زەبری روخاندن وێران دەکات، بەڵام دان بەوەدا دەنێم، نەمدەزانی روخاندنی راستەقینەش لە ئارادایە."
بایدن وتیشی، "ئەوە هێمایەکی تەواوە بۆ سەرۆکایەتییەکەی. ترەمپ زەبری روخاندنی نەک تەنها ئاڕاستەی ماڵێک کرد کە موڵکی گەلە، بەڵکو ئاڕاستەی دەستوور، سەروەریی یاسا، و خودی دیموکراسییەکەشمان کرد."
هەروەها بایدن گاڵتەی بە لێدوانە دووبارەکانی ترەمپ کرد کە گوایە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی "سەردەمێکی زێڕین"ی بۆ ئەمریکا هێناوە و، بە ئاماژەکردن بەو زیادکراوە زێڕینانەی ترەمپ بۆ ئۆفیسی شێوە هێلکەیی، وتی، "ئێستا دەڵێت ئێمە لە سەردەمێکی زێڕینداین. تاکە زێڕ ئەوەیە کە بەسەر ئاگردانەکەوە هەڵیدەواسێت."



