سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای خوزستانی باشوری خۆرئاوای ئێران ماوەی ھەفتەیەکە دژی نەبوونی ئاو و کارەبا دەستیپێکردوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکردوە، لەنزیکەوە چاودێری خۆپیشاندانەکان دەکات بەتایبەتی تەقەکردنی ھێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندەران.
رونیشیکردۆتەوە، پێویستە ئێرانییەکان توانای ئەوەیان ھەبێت بەئازادی گوزارشت لەخۆیان بکەن بەبێ ترس و توندوتیژی و دەستگیرکردن.
سەرچاوەکانی ھەواڵی چین ئاشکرایان کردوە، تا ئێستا تەرمی ٣٣ کەس دۆزراوەتەوە بەھۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و ھەشت کەسیش بێ سەرو شوێنن.
شەپۆلی لافاوەکە کاریگەری لەسەر نزیکەی سێ ملیۆن کەس دروستکردوە، ٣٧٦ ھەزار کەسیش لە ناوچەکانیان گواستراونەتەوە بۆ ناوچە پارێزراوەکان، بە وتەی لێپرسراوانی چین، جگە لە زیانە گیانییەکان لافاوەکە زیانی ماددی ھەبوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن زانکۆی جۆنز ھۆپکنزی ئەمریکییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئامارەکانی کۆرۆنا لە جیھاندا گەیشتۆتە ١٩٢ ملیۆن و ٨٩٩ ھەزار و ٤٤ کەس و کۆی گشتی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتۆتە ٤ ملیۆن و ١٤٣ ھەزار و ٧٦٤ کەس.
تا ئێستاش ئەمریکا لە پلەی یەکەمی وڵاتانی جیھاندایە لە رووی ئامارەکانی کۆرۆناوە و زیاتر لە ٣٤ ملیۆن و ٢٢٦ ھەزار کەس لەو وڵاتە توشی کۆرۆنا بون و ٦٠٩ ھەزار و ٨٦١ توشبوی ڤایرۆسەکەش لە ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە، بەرازیلیش لە پلەی دوەمی وڵاتانی جیھاندایە و ئامارەکانی گیانلەدەستدان بەھۆی کۆرۆناوە لەو وڵاتە ٥٤٥ ھەزاری تێپەڕاندوە، ھندستانیش لە پلەی سێیەمی وڵاتانی جیھاندایە و کۆی گشتی حاڵەتەکانی توشبوون لەو وڵاتە ٣١ ملیۆنی تێپەڕاندوە و لەو ژمارەیە ٤١٨ ھەزار و ٤٨٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لێپرسراوانی باڵای چین رایانگەیاند، بەھۆی مەترسی دووبارە تەشەنەکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی نوێ، پەتاکە لەناو ژمارەیەک کرێکاری پاککەرەوەی شارەوانی، شاری نانجینگ، کە دانشیتوانەکەی نزیکەی نۆ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار کەسە، بۆ ماوەی ٤٨ سەعات کەرەنتین کراون.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، بڕیارە لە ماوەیەکی زۆر کورتی دیاریکراودا، پشکنینی کۆرۆنا بۆ دانیشتوانی ئەو شارە بکرێت و رێگە بە چوونە ناو شارەکە و ھاتنەدەرەوەش نادرێت.
وەزارەتی تەندروستی سعودیە ڕایگەیاند، پلانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی حەج سەرکەوتوو بووە و ھیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ھیچ نەخۆشییەکی تریش تۆمار نەکراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کەمکردنەوی ژمارەی حاجیان بۆ ٦٠ ھەزار، ڕۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە سەرکەوتنی پلانەکەدا و کارمەندانی کەرتی تەندروستیش بە شێوەیەکی باش توانیوویانە خزمەتی حاجیان بکەن.
(ئەنگێلا مێرکڵ) ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، سیاسەتی یەکگرتووی مافی پەنابەریەتی لە ئەوروپا ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە و تا ئێستاش یەکێتییەکە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت بۆ کۆتایھێنان بە قەیرانی ھاتنی کۆچبەرانی نایاسایی بە لێشاو. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەسەر سنورەکان بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە ھەڵکشاندایە.
ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرزیش ڕایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا پاکێجێکی نوێی ھاوکاری دارایی بۆ ئەفغانستان و دراوسێکانی وەک (پاکستان و تورکیا و ئێران) ھەڵدەسەنگێنێت، تا یارمەتیدەر بێت بۆ سنووردارکردنی لێشاوی پەنابەران لە ئەفغانستانەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا.
لە دوای ڕاگەیاندنی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان، لە مانگی ئایارەوە بزوتنەوەی تاڵیبان ھێرشەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکانی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە و بە پێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانیش، تا ئێستا ڕێژەی ٥٠٪ی ھەرێمەکانی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنترۆڵکراون.
(ماریا زاخارۆفا) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، مۆسکۆ بەڵگەی پێویستی لەسەر ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ گروپەکانی سەر بە داعش لە ناوچەکانی باکوری ئەفغانستان لە بەردەستە، کە لە ساڵی (٢٠١٧)ەوە ئەو پەیوەندییانە گرێدراون.
وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەمریکا بە نھێنی ڕێڕەوی بۆ تیرۆریستانی داعش کردووەتەوە بۆ گواستنەوەی بریندارەکانیان و وەرگرتنی چەک و جبەخانەی سەربازیی، ئەو کاتەی کە ئەو گروپە تیرۆیستییە لە ژێر فشاری ھێزی ئاسمانی ئەفغانستاندا بوون.
جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە سەردانەکەی کازمیدا بۆ ئەمریکا، لێپرسراوانی واشنتۆن تەواوی دۆسییە گرنگەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوتوێ دەکەن.
وتیشی، تا ئێستا ھەڕەشەکانی داعش مەترسین لەسەر عێراق و ئۆپراسیۆنەکانیشیان لەو وڵاتە بۆ لەناوبردنی شانە نووستووەکانی ئەو گروپەیە.
وتەبێژی کۆشکی سپی ڕاشیگەیاند، کازمی داوایکردووە ھاوکارییە لۆجستی و ھەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان بۆ بەغداد بەردەوام بێت و مانەوەی ھێزەکانیشیان لەو وڵاتە لەسەر داوای حکومەتی عێراقە.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) ڕایگەیاند، سەردانەکەی (سلێمان سۆیلو) وەزیری ناوخۆی تورکیا بۆ عەفرین، پیشێلکاری سەروەریی خاکی سوریایە، و پێویستە دیمەشق کاردانەوەی ھەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە بێ کشانەوەی تورکیا و گروپە چەکدارە بەکرێگیراوەکان لەو ناوچانەی داگیریان کردوون، ئارامی و سەقامگیری بۆ سوریا ناگەڕێتەوە.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ئاماژەی بەوەشکرد، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕووسیا، بەرپرسیارن لە ھەڵسوکەوتەکانی تورکیا لە سوریا.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێنتاگۆن بڵاویکردەوە، رۆژی سێ شەممە ھێزەکانی وڵاتەکەی ھێرشێکی سەربازیان کردۆتە سەر چەکدارانی بزوتنەوەی شەباب لە شاری گالکایۆ سۆماڵ.
پینتاگون راشیانگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ئەنجامی ئەو ھێرشە بەردەوامە, بە پێی ئەنجامە سەرەتایەکانیش ھیچ کەسێکی سیڤیل بەر ئەو ھێرشانە نەکەوتوە، ئەوەش بە یەکەم ھێرشی سەربازی دادەنرێت لە ئیدارەکەی بایدندا.
بەرێوەچوونی ڕێوڕەسمی مونا لە ژێر چاودێری توندی تەندروستییدا بوو، کە بۆ ھەر حاجییەکە ناوچەیەک بۆ وەستان دیاریی کرابوو.
دوابەدوای ئەوەش حاجیان ئاژەڵیان کردە قوربانی و بۆ قبوڵبوونی حەجەکەیان پارانەوە. حاجیان لە دوای کۆتاییھاتنی مەراسیمی حەج جەژن دەکەن و پاشان ئامادەکاریی دەکەن بۆ گەرانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
ئەمساڵ ٦٠ ھەزار حاجی بەشداری ڕێوڕەسمی حەج دەکەن و تەنھا ھاووڵاتیانی ناوخۆی سعودیەش ڕێگەیان پێدراوە حەج بکەن.