یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەڕێوەچوو، وتەبێژی دادگای سلێمانیش دەلێت، "هیچ کەسێک دەستێوەردانی لە کەیسەکەدا نەکردووە و دۆسیەکە یاساییە".
حاکم سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند: پڕۆسەی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەپێی یاسای سزادانی عیراقی بەڕێوەدەچێت و هەموو مافێکی تۆمەتبار پارێزراوە.
"هیچ جیاوازییەک لەنێوان تۆمەتبارەکاندا نییە، دادگا بێلایەنی خۆی لەدەستنادات"، وتەبێژی دادگای سلێمانی وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشدا: هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ کەس و لایەنێک دەستێوەردانی لە کەیسی شاسوار عەبدولواحید دا نەکردووە، دۆسیەکە یاساییە و هەموو ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەر بەپێی یاسا و مادەی یاسایی بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی 8ـی 2025، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، بەڵام دادگاییکردنەکە بۆ رۆژی 25ـی ئەم مانگە دواخرا.
شاسوار عەبدولواحید رۆژی 12ـی 8ـی 2025 بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 431 دەستگیرکرا.