لێپرسراوانی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا رایانگەیاندووە، لافاو چەندین شەقامی باشوری خۆرئاوای شارەکەی نقوم کردووە و بارانبارین و ھەورە بروسکەش ناوچەکانی باشور و خۆرھەڵاتی بەریتانیای گرتووەتەوە و ئاو چووەتە وێستگەکانی میترۆ و ھۆیەکانی گواستنەوەی گشتیش راگیراون.
کەشناسی ئەو وڵاتەش ھۆشداریداوە لە روودانی کارەساتی سروشتی و پێشبینی کردووە لە چەند ناوچەیەک ئاستی بارانبارین بگاتە سەروو ئەو ئاستەی ساڵانە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە، بەریتانیا دەگرێتەوە.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی کردوە بەوەی، رەخنەکانی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ دەستوەردانە لە کاروباری وڵاتەکەی و بێئەزموونییانە بەرامبەر بە بەرێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوی ئێران.
خەتیب زادە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، کە قسەکردن لەسەر دۆسیەکە ئێران لە چوارچێوەی کاری کۆمسیۆنەکەدا نییە.
کاردانەوەی نێودەوڵەتی دوای ئەوە ھات، کە لە پارێزگای خوزستان دژ بە نەبوونی ئاوی خواردنەوە خۆپیشاندانی بەرفراوان کراو ھێزە ئەمنییەکانیش بە توندی رووبەرووی خۆپیشاندەران بوونەوە، کە بەھۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر بوونە قوربانی.
وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، بەھۆی زیادبوونی رێژەی توشبووانی کۆرۆنا و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی خێرا، داوا لە ھەموو زانکۆ پزیشکییەکان و نەخۆشخانە حکومی و ناحکومییەکانی کەرتی تایبەت کردووە، بۆ ماوەی دوو ھەفتە ھەموو مۆڵەتێکی پزیشک و پەرستار و کارمەندەکانی کەرتی تەندروستی رابگرن و لەو ماوەیەدا لە ئامادەباشی تەواودا بن، بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و بەھاناوەچوونی توشبووانی کۆرۆنا.
ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی ئامارەکانی وەزاەتی تەندروستی ئێران، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٦٩١ ھەزار و ٤٣٢ کەس، ھاوکات بەھۆی ڤایرسەکەوە ٨٨ ھەزار و ٨٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بڕیارە لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی ڤایمەر بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بدرێت بە سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە.
ئەنجومەنی شارەوانی ڤایمەری ئەڵمانیا داوایکردوە، کەسێک بە نوێنەرایەتیی دەمیرتاش لە رێوڕەسمەکە ئامادە دەبێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە.
ئەوەش لە کاتێکدایە "سەڵاحەدین دەمیرتاش" لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ەوە دەستگیرکراوە و لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدێرنە لە تورکیا زیندانیکراوە.
تاڵیبان رایگەیاند، ئاشتی لە ئەفغانستان بەدی نایەت تا حکومەتێکی نوێ پێکدەھێنرێت و بە رۆشتنی ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان ئاشتی دەگەڕێتەوە بۆ وڵات.
لایخۆشیەوە حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، کۆنتڕۆڵکردنی ٩٠% سنورەکان لەلایەن تاڵیبانەوە دوورە لە راستییەوە.
چەند بەرپرسێکی عێراقی و ئەمریکی بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت بەغداد و واشنتن رۆژی دووشەممە ھاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی مستەفا کازمی و جۆ بایدن لە کۆشکی سپی، راگەیەندراوێک بڵاوبکەنەوە و تیایدا داوای کشانەوەی ھێزە ئەمریکییەکان بکەن تا کۆتایی ئەمساڵ.
لە ھەواڵەکەدا ئەوەش ھاتووە، لەگەڵ داوای کشانەوەی ھێزەکاندا، بەرپرسانی عێراق و ئەمریکا لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە دەکەن، بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ھێشتا پێویستە تا ھاوکاری ھێزە عێراقییەکان بکەن لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراقیش بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، عێراق پێویستی بە ھێزی شەڕکەری زیاتر نییە، بەڵکو پێوستیان بە ھاوکاری ھەواڵگری و راھێنان و ھاوکاری ئاسمانیی ھەیە، بەپرسێکی باڵای ئەمریکاش وتویەتی، بەشێک لە ھێزە ئەمریکییەکان بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو لە عێراق دەمێننەوە.
رەوا بابان نوێنەری یەکێتی لە یۆنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئێوارەی پێنج شەممە بەلەمێک بە ٤٥ کۆچبەرەوە، کە زۆرینەیان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن لە تورکیاوە بەرەو یۆنان بەڕێکەوت و لە نزیک دورگەی "کریتی" سەر بە یۆنان بەھۆی شەپۆلی ئاوەوە یەختەکەیان ژێر ئاو کەوت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەو ٤٥ کۆچبەرە نۆ کەسیان تا ئێستا بێسەروشوێنن و ٣٦ کەسی تریشیان رزگارکراون، ژمارەیەک لە رزگارکراوەکان کوردی شارەکانی ھەرێمن و تا ئێستا نازانرێت لەناو بێسەروشوێنەکان کورد ھەیە یاخود نا.
نوێنەری یەکێتی لە یۆنان وتیشی، گەڕان بە دوای بێسەروشوێنەکان بەردەوامە و ئەمڕۆش پۆلیسی دەریاوانی یۆنان بە کۆپتەر و کەشتی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە ئەنجام دەدات.
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ھیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران ھێزی لە رادەبەدەریان دژی خۆپیشاندەرانی پارێزگای خوزستان بەکارھێناوە، کە دژی بێئاویی لە ناوچەکانیان دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە.
رێکخراوەکە داوای لە تاران کردووە وردەکاری کوشتنی سێ خۆپیشاندەری خوزستان بڵاوبکاتەوە و لێپرسینەوەش لە بەرپرسانی کوشتنی خۆپیشاندەران بکات، ھاوکات پێویستە حکومەت کێشەی بێئاویی لە ناوچەکەدا چارەسەر بکات.
ماوەی چەند رۆژێکە خەڵکی پارێزگای خوزستان کە زۆرینەیان عەرەبن، لە دژی بێئاوی رژاونەتە سەرشەقامەکان و رۆژانەش گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا دروستدەبێت.
ھاوپەیمانیی نیشتمانیی ھێزە شۆڕشگێرەکانی سوریا کە نوێنەرایەتی زۆرینەی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکەن، کاردانەوەی نیشاندا بەرامبەر کۆبوونەوەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا، لەگەڵ ئەندامانی وەفدی ئیدارەی خۆسەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا، و ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، ئەو ھەنگاوە کردنەوەی دەرگایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەیەدە.
ھاوپەیمانیی نیشتمانیی ھێزە شۆڕشگێرەکانی سوریا ئەوەشیان رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە پێشێلکارییە بەرامبەر یەکپارچەیی خاکی سوریا.