ھەفتەی داھاتوو پارتی چەپی سەوز کۆنگرە دەکات و ناوی خۆی دەگۆڕێت
کوردسات نیوز
١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی تورکیا، رۆژی یەکشەممە ١٥ی تشرینی یەکەم، لە شاری ئەنقەرەی پایتەخت، پارتی چەپی سەوز-یەسەپە کۆنگرەی چوارەمی خۆی دەبەستێت، کە چاوەڕوان دەکرێت ناوی پارتەکە و ھاوسەرۆکان و ھاو وتەبێژان و بەشێکی زۆر لە سەرکردایەتییەکانی پارتەکە بگۆڕدرێن.
ھەر لە کۆنگرەکەدا گۆڕانکاری لە بەشێکی ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی یەسەپە دەکرێت، ھاوکات بانگھێشتنامە بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکان جگەلە ئاکەپە و مەھەپە نێردراوە و پێشبینی دەکرێت رێژەیەکی زۆر میوان بەشداریی کۆنگرەکە بکەن.
لە بەشێکی تری کۆنگرەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پرسی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت و لەو بارەیەوە پەیامێک ئاڕاستەی حکومەتی تورکیا دەکرێت.
پارتی چەپی سەوز-یەسەپە، بە میراتگری پارتی دیموکراتی گەلان-ھەدەپە دادەنرێت، چونکە بەھۆی مەترسیی داخستنی ھەدەپە، ناوەکەی بۆ یەسەپە گۆڕا.