بەھۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە زیاتر لە ٣٣٠ منداڵ لەکەرتی غەززە کوژراون
کوردسات نیوز
١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
لقی فەڵەستینی جوڵانەوەی نێودەوڵەتی بۆ داکۆکیکردن لە منداڵ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی شەممەی رابردووەوە بەھۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، ٣٢٦ منداڵ لە کەرتی غەززە و شەش منداڵ لە کەناری رۆژئاوا کوژراون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەھۆی نەبوونی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی جەنگ، ئیسرائیل گڵۆپی سەوزی بۆ خۆی ھەڵکردووە بۆ بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و کوشتنی منداڵانی فەڵەستینی.
، لای خۆشیەوە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاندووە، بەھۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە تادێت ئاماری کوژراو و بریندارانی ھاوڵاتییانی فەڵەستین روو لە زیادبوونە و ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە زیاتر لە ھەزار و ٣٥٠ کەس و زیاتر لە شەش ھەزاری دیکەش برینداربوون.