بڕیارە بەرەبەیانی رۆژی سێشەمە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی بەڕازیل کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە کە بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکەش، ئەنجومەنی ئاسایشی سەرەڕای ئیدانەکردنی ھێرشەکان بۆ سەر ھاووڵاتییانی مەدەنی فەڵەستینی و ئیسرائیلی، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی دیلەکان و دەستەبەرکردنی سەلامەتی ژیانیان دەکات.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای دابینکردنی بەپەلەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەکات بۆ خەڵکی مەدەنی کەرتی غەززە و داواش لە کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەرتی غەززە دەکات، دەستبەجێ ئەو ناوچەیە بەرەو باکووری کەرتەکە جێبھێڵن.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەشدا، ئەنجومەنی ئاسایشی داوای ئاگربەستێکی مرۆیی دەکات بۆ گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە و جەخت لە گرنگی بەردەوامی ھەوڵەکانیش دەکاتەوە بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندی زیاتری شەڕەکە.