دەستەی ئاماری ئەوروپی (یۆرۆستات) رایگەیاند: وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ماوەی ٢٠ مانگی رابردودا لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ تا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، ٦١ ملیار مەتر سێجا غازییان لە ئەمریکا کڕیوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەھای غازە فرۆشراوەکەی ئەمریکا بە یەکێتی ئەوروپا ٦٦ ملیار و ٧٠٠ ملیار یۆرۆ بوە و بە تێکڕایی لە مانگێکدا زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا غاز لە ئەمریکاوە بە بەبەھای سێ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن یۆرۆ ھاوردەکراوە.
یۆرۆستات دەشڵێت، پێش دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراین، ئەمریکا تەنیا یەک ملیار مەتر سێجا غازی بۆ ئەوروپا ھەناردە دەکرد کە بەھاکەی ٧٢٥ ملیۆن یۆرۆ بووە و بەھۆی جەنگەکەوە ئەمریکا غازی زیاتری ھەناردە کردوە و ٥٢ ملیار یۆرۆی دەستکەوتوە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری دەسەڵاتدارانی فەرەنساوە رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی شەممە لە نزیک بورجی ئیڤڵ لە پاریس کەسێک بە چەقۆ ھێرشی کردوە لە ئەنجامدا کەسێک کە بەرەگەز ئەڵمانیە کوژراوە و دووانی تریش کە فەرەنسین بە سەختی برینداربوون.
راشیگەیاند، ئەو کەسەی ھێرشەکەی کردووە لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٧ دایک و باوکی لە ئێران لە دایکبووە، وتیشی لە ئێستادا ھێرشبەرەکە دەستگیرکراو خۆی وەک ئیسلامی توندڕەو ناساندوە لێکۆڵینەوەکانیشان لە رووداوەکە بەردەوامە.
ھاوکات، جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا لە شوێنی ھێرشەکە رایگەیاند، تۆمەتبارەکە لە ساڵی ٢٠١٦دا بەھۆی ئەوەی ویستویەتی ھێرشێکی دیکە ئەنجام بدات، سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا ھۆشداری دایە ئیسرائیل سەبارەت بە پاراستنی ھاوڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززەو رایگەیاند، پاراستنی گیانی ئەوان ئەرکێکی ھەم ئەخلاقیەو ھەم پێویستیەکی ستراتیجیە.
وتیشی، ناکرێت ھاوڵاتیانی مەدەنی بکرێنە ناوەندێکی ھەڕەشەکردن لە شەری ئیسرائیل دژی حەماس.
داواشیکرد، بەرپرسانی ئیسرائیل لێدوانی نابەرپرسیارانە ڕابگرن و ڕێگری لە توندوتیژیی بگرن دژی ھاوڵاتیان کەناری ڕۆژئاوا، ھۆشداریشیدا ئەوکارانە دەبێتە ھۆی ئەوەی مەترسیی کردەوە توندرەوەییەکان زۆر زیاتربیبێت.
پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەردانەکەیەدا بۆ تەلئەبیب رایگەیاندبوو، ھەموو ھەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و پاراستنی گیانی مەدەنییەکان.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاویکردەوە، لە ماوەی رۆژانی ھەینی و شەممە، کە ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتایی ھاتووە، ٢٤٠ کەس لە غەززە بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و زیاتر لە ٦٥٠ کەسیش برینداربوون، راشیگەیاند، لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانەوە، ١٥ ھەزار و ٢٠٧ کەس کوژراون و ٤٠ ھەزار و ٦٥٢ کەسیش برینداربوون.
رۆژانی ھەینی و شەممە، ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە ھێرشیکردە سەر چەندین ناوچەی غەززە، بە تایبەت لە کەمپی جەبالیا و بەھۆی بۆردومانەکانیشەوە بە دەیان کەس کوژران.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا داوای لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوە پابەندی بەڵێنەکەی بێت بۆ پاراستنی سەرجەم دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق.
بلینکن داواشی لە سودانی کردوە، لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە ھێرشیان کردوەتەسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھەردولا تاوتوێی شەڕی حەماس و ئیسرائیلیان کردوە و بە ئاراستەیەک ھەنگاو بنرێت بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزی بۆ ناوچەکە.
فەرھاد عەلادین راوێژکاری سودانیش بۆ کاروباری دەرەوە رایگەیاند، عێراق پێی وایە ناوچەکە دوچاری ئاڵۆزی دەبێتەوە ئەگەر جەنگ لە غەززە بەردەوام بێت.
دوای ئەوەی بەیانی دوێنێ ئاگربەستە مرۆییەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتایی ھات، شەڕ لەنێوان ھەردوولا دەستیپێکردەوە و سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، شەڕیان لەدژی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە دەستپێکردووەتەوە، چونکە حەماس مووشەکی ئاڕاستەی خاکی ئیسرائیل کردووە.
میدیاکانی فەڵەستینیش بڵاویانکردووەتەوە، ئیسرائیل مووشەک و ھاوەنی ئاڕاستەی ماڵی ھاووڵاتیان کردووە لە خۆرئاوای غەززە، تەندروستی غەززەش دەڵێت، لەدوای کۆتایی ھاتنی ئاگربەستەکە و لەماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ١٨٤ کەس کوژراون و زیاتر لە ٦٠٠ کەسیش برینداربوون.
میدیای نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، دوو سەربازی سوپای پاسدارانی وڵاتەکەی، بەھۆی بۆردومانێکی ئیسرائیلەوە لە سوریا کوژراون، دەشڵێت، ئەو دوو سەربازەیان لە سوریا وەک راوێژکار کاریان کردووە.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی سوریا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی رۆژی شەممە ئیسرائیل دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی بۆردومان کردووە، بەڵام زیانی گیانیی نەبووە.
تیدرۆس ئەدھانۆم بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی رایگەیاند، جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی رێککەوتنی پاریس تایبەت بە کەشوھەوا، یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی تەندروستی و ھەسارەی زەوی، چونکە پیسبوونی ھەوا کە بووەتە ھۆی گۆڕانی کەشوھەوا، پەیوەندی بە گیانلەدەستدانی نزیکەی حەوت ملیۆن کەس لە ھەیە ساڵێکدا.
وتیشی، تەندروستی خاڵی وەرچەرخانە لە گۆڕانی کەشوھەوادا، چونکە لە جیھانێکدا کە بەدەست زنجیرەیەک دووبارەبوونەوەی شەپۆلی گەرمای زۆر و ئاگرکەوتنەوە و لافاو و وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت، پاراستنی تەندروستییەک باش بەدی نایەت.
ھۆشداریشیدا وتی، ئالودەبوون بە نەوت و غاز و خەڵوز، تەنھا نابێتەھۆی تێکدانی ژینگە، بەڵکو لە رووی تەندروستییەوە وەک خۆکوشتن وایە.
د.لەتیف رەشید لە لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوھەوا لە دوبەی رایگەیاند، باوەڕی تەواویان ھەیە دەرئەنجامەکانی ئەو کۆنفرانسە گشتگیر و ھاوسەنگ و یەکسان دەبێت بۆ ھەموو وڵاتان.
وتیشی، عیراق و وڵاتانی دراوسێی لە کەنداو لە ھێڵی پێشەوەن بۆ روبەڕوبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا. باسی لەوەشکرد، لەئێستادا بەدەست بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، زریانی خۆڵبارین، کەمی ئاوەوە دەناڵێنن و ھیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە بەشداریکردنی پێکەوەیی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا.
سابیرینا سینگ جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای ھێرشەکەی رۆژی سێشەممەی رابردوو کە لە سوریا کرایە سەر ھێزەکانی ئەمریکا و ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبوو، کۆی ژمارەی ھێرشەکان لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە تائێستا لە عێراق و سوریا بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە ٧٤ ھێرش.
وتیشی، لە دوای راگەیەندنی ئاگربەستە مرۆییەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل، ھێرشەکەی رۆژی سێشەممەی رابردوو لە سوریا یەکەم ھێرش بووە کە لەو وڵاتە و عێراق کرابێتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا.
بەیانی ئەمڕۆ، ئەو ئاگربەستەی لە رۆژی ٢٤ی مانگی رابردووەوە راگەیەندرا لەنێوان حکومەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان، کۆتاییھات.
لەگەڵ کۆتاییھاتنی ئاگربەستەکە، شەڕ لەنێوان ھەردوولا دەستیپێکردەوە و سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەڕیان لەدژی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە دەستپێکردووەتەوە، چونکە حەماس مووشەکی ئاڕاستەی خاکی ئیسرائیل کردووە.
میدیاکانی فەڵەستینیش بڵاویانکردووەتەوە، ئیسرائیل مووشەک و ھاوەن ئاڕاستەی ماڵی ھاووڵاتیان دەکات لە خۆرئاوای غەززە.
ئەگەرچی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تەلئەبیب داوایکردبوو ئەو ئاگربەستە درێژبکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ ئاماژەیەک بۆ درێژکردنەوەی یاخود راگەیاندنی ئاگربەستی نوێ نییە.
ئەو ئاگربەستە کە ماوەی حەوت رۆژ بەردەوامبوو، ئاڵوگۆڕی دەیان بارمتەی لە بەرمبەر سەدان زیندانیکراوی فەڵەستینی لێکەوتەوە، ھەروەھا ئاسانکاری کرا بۆ گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.
لە دەستپێکی لوتکەکەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، جیھان پێویستی بە بڕیارێکی سیاسییە بۆ روبەڕوبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا، نەبوونی سەرچاوەی داراییش کێشەی سەرەکییە.
ھاوکات شا چارڵزی سێیەم پادشای بەریتانیا رایگەیاند، ھەوڵی جدی پێویستە بۆ روبەڕوبوونەوەی قەیرانی کەشوھەوا و زانایانیش ماوەیەکی دوورودرێژە ھۆشدارییان داوە.
سەرۆکی بەرازیلیش وتی، مرۆڤایەتی روبەڕووی لافاو و زریان و وشکەساڵی بووەتەوە.
بڕیارە نیوەڕۆی ئەمڕۆش د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق وتارێک سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق، پێشکەش بکات.
نوسینگەی راگەیاندنی حکومەتی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سوپای ئیسرائیل لە ھێرشەکانیدا بە ئەنقەست و بەشێوەیەکی دڕندانە شوێنی نیشتەجێبوون و خانووی ھاووڵاتیان بۆردومان دەکات و ژن و منداڵ و خەڵکی بەساڵاچوو دەکوژێت و دانیشتووانی غەززەش مافی خۆیانە بە ھەموو رێگە و شێوازەکان بەرگری لەخۆیان بکەن.
راشیگەیاندووە، بەرپرسیارێتی کوژرانی ژن و منداڵان و بەردەوامی شەڕ و کۆمەڵکوژییەکان لە کەرتی غەززە دەکەوێتە ئەستۆی کۆمەڵەتی نێودەوڵەتی، چونکە لەئاست دڕەندەیی و تاوانەکانی سوپای ئیسرائیل بێدەنگە و ھیچ ھەڵوێستێکی نییە.
رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ لە بریان نیڵسۆن بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و ھەواڵگری دارایی بڵاویکردووەتەوە، دوای سەردانەکەی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە پێی راگەیاندوون ئەمریکا نیگەرانە لە بەردەوامی ھاوکارییەکانی ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ئەمریکا بۆ بزوتنەوەی حەماس و روسیا بۆئەوەی کاریگەری سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا لەسەری زۆر نەبێت و زاڵ بێت بەسەریاندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو لێپرسراوەی ئەمریکا وتویەتی دەیانەوێت ئەو بابەتە لەگەڵ تورکیا بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن و چیتر لەو وڵاتەوە ھاوکاری روسیا و حەماس نەکرێت، بەڵام ئەگەر نەگەنە ئەنجام لە داھاتوویەکی نزیکدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکانی تورکیا دەخرێنە لیستی سزاکانەوە و سزای توندیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
پێشتریش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر ١٢ کۆمپانیا و چەند کەسایەتییەکی تورکیادا سەپاند بەتۆمەتی ھاوکاریکردنی روسیا بۆ دەربازبوون لەسزاکان و ھاوکاریکردنی بزوتنەوەی حەماس کە لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کامەران ڕەزایی، تەمەن ٣٣ ساڵ، کە یەکێک بووە لەو خۆپیشاندەرانەی ساڵی ٢٠١٩ لە میانی خۆپیشاندانەکان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستگیرکراوە و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، لە زیندانی عادل ئابادی شاری شیرازی ئێران سزای لەسێدارەدانەکەی جێبەجێکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، کامەران ڕەزایی زیاتر لە حەوت مانگ لە زیندانی تاکەکەسیدا زیندانی کراوە و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدا دانی بەو تۆمەتانەدا ناوە، کە ئاڕاستەی کراون.
ھاوکات، مەحمود ئەمیری، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، لە زیندانەکانی ئێران، ژیانی ئەو خۆپیشاندەرانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە لە مەترسیدایە.
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو، لە مانگی رابردوو ھەشت کۆڵبەر گیانیانلەدەستداوە و ١١٠ کۆڵبەریش برینداربوون، ئەوەش ٩٣.٢٪ حاڵەتەکان بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان بووە.
ھەر بەپێی ئامارەکە منداڵێکی کۆڵبەری خوار ١٨ ساڵ کوژراوە و ١٤ کۆڵبەری مێردمنداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ برینداربوون، زۆرترین تۆمارکراوەکانیش لە پارێزگای سنەبوون.
بە بەراوورد بە مانگی تشرینی یەکەمی رابردووش ٢٩٪ حاڵەتەکان زیادیکردووە، کە لەو مانگەدا ٣٠ کۆڵبەر بوون بە قوربانی.