دەستەی تەندروستی گشی سعودییە لە راگەیەندراوێکدا ھۆشداری دەداتە ھاوڵاتییانی سعودییە، خۆیان لە گەشتکردن بۆ عێراق وسوریا و سودان بەدووربگرن، بەھۆی بڵاوی نەخۆشییە گوازراوەکان و خراپی کەرتی تەندروستی لەو وڵاتانە.
دەستەی تەندروستی گشی سعودییە راشیگەیاندووە، نەخۆشی پەتای کۆلێرا لە عێراق و سوریا بەربڵاوە و لەھەمانکاتیشدا بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەژێر چاودێریدایە لەو دوو وڵاتە، ھەروەھا لە سودان نەخۆشی پەتای کۆلێرا و تای خوێنبەربوون بەربڵاوە و کۆرۆناش لەژێرچاودێریدایە.
ھێرزی ھالێڤی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دەستپێکی قۆناغی سێیەمی ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانی سوپاکەی لە کەرتی غەززە راگەیاند و وتی، لە چەند رۆژی ڕابردوودا چەند مۆڵگەیەکی حەماسیان لە کەرتی غەززە کۆنترۆڵکردووە و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی ئەو گروپەیان لەناوبردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، سوپای ئیسرائیل لە پێشڕەوییەکانی بۆ گەمارۆدانی ناوچەی خان یونس لە کەرتی غەززە بەردەوامە و لە ھەوڵدایە بۆ زیادکردنی دەستکەوتەکانی لە باکووری کەرتی غەززە.
ھاوکات، جەنەڕاڵ یارۆن فینکڵمان، فەرماندەی فەرماندەیی باشووری سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ توندترین شەڕیان کردووە دژی چەکدارانی حەماس لەسەرەتای ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانەوە بۆ سەر کەرتی غەززە تا ئێستا.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی غەززە، لەئاکامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە بۆ ١٥ ھەزار و ٨٩٩ کوژراو بەرزبووەتەوە و لەو ژمارەیەش رێژەی ٪٧٠یان ژن و منداڵن.
رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کەسوکاری دیلەکانی ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە، کە لە ئێستادا ھیچ ئەگەرێک بۆ ئازادکردنی تەواوی دیلەکانی کەرتی غەززە نییە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کەسوکاری دیلەکانی کەرتی غەززە نیگەرانن لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و داواکارن دیلەکان ئازادبکرێن پێش ئەوەی لەئاکامی شەڕ و پێکدادانەکانی کەرتی غەززە گیانلەدەستبدەن.
ھاوکات، ئوسامە حەمدان سەرکردە لە بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، تا ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە نەوەستێت، ئیسرائیل بە بەرپرسیارە لە گیانی دیلەکان و ھیچ دانوستانێکیش ناکرێت تا ئاگربەست رانەگەیەنرێت.
دەشڵێت، پێچەوانەی بانگەشەکانی ئەمریکا ھیچ ناوچەیەکی پارێزراو لە کەرتی غەززە نییە و ھۆشدارییانداوە لە ئاوارەبوونی تەواوی خەڵکی کەرتی غەززە.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتیی ڕووسیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، سبەی چوارشەممە ڤلادیمیر پوتن بە سەردانێکی یەک رۆژە سەردانی ئیمارات و سعودیە دەکات.
ڕوونیشی کردەوە، پوتن باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس و سیاسەتی نێودەوڵەتی دەکات، جگە لە کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس، کە ڕووسیا پەیوەندیدارە بەو بابەتەوە.
لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە کە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە تۆمەتی تاوانی جەنگ،فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پوتن دەرکردووە، گەشتەکانی بۆ دەرەوەی وڵات کەمکردووەتەوە.
ھەروەھا کرێملین ڕایگەیاند، ئیبراھیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی پێنجشەممە بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ پوتن سەردانی ڕووسیا دەکات و ھەر لەو رۆژەوە گفتوگۆی ڕووسیا و ئێران دەستپێدەکات.
عەبدوڵاھیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ھاوتا عومانییەکەی رایگەیاند، بۆردوومان و ھێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لەگەڵ سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ تەلئەبیب دەستیپێکرد، ھۆشداریشیدا لە فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە و رایگەیاند، ناوچەکە لەڕێی ھێزە بەرگریکارەکانەوە پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران داواشی لە میسر کرد دەروازەی رەفەح بکاتەوە، بۆ ئەوەی پیلانەکانی ئیسرائیل لەڕێی ئەو دەروازەیەوە پوچەڵ بکرێنەوە، کە لە ئێستادا ئەو دەروازەیە تەنھا بۆ ناردنی ھاوکارییە مرۆییەکان و گواستنەوەی برینداران بەکاردێت.

کۆشکی سپی کار بۆ گەڕاندنەوەی ئیسرائیل و حەماس بۆ سەر مێزی دانوستان دەکات و دەڵێت، لەم کاتەدا دەسەڵاتی فەڵەستین ناتوانێت ئیدارەی کەرتی غەززە بگرێتە ئەستۆ.
وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا ھەوڵی رازیکردنی ئیسرائیل و حەماس دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، بە ئامانجی وەستاندنی شەڕ و ئاڵوگۆڕی زیاتری بارمتەکان.
لای خۆیەوە، جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاند، باوەڕیان وایە دەسەڵاتدارانی فەڵەستین لەئێستا لە دۆخێکدا نین کە بە شێوەیەکی متمانەپێکراو بتوانن ئیدارەی کەرتی غەززە بگرنەدەست.
جەختیشیکردەوە، ئەمریکا دەستبەرداری بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەت نەبووە، بەڵکو دەیەوێت دەسەڵاتێکی فەڵەستینی ببینێت کە بتوانێت چاکسازییە پێویستەکان جێبەجێبکات و خواستەکانی گەلی فەلەستین بەدیبھێنێت.
دانیال ھاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پێگەی ئێکس ڕایگەیاند، لە شەڕوپێکدادانەکانی ٢٤ سەعاتی رابردوودا سێ سەربازی سوپای ئیسرائیل کوژران و سەربازێکیش بە سەختی برینداربووە لەمیانەی پێکدادانەکانیان لەگەڵ حەماس لە ناوەڕاست و باکووری کەرتی غەززە.
راشیگەیاند، ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لە دوای سەرھەڵدانی شەڕ لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە بۆ ٤٠١ ئەفسەر و سەرباز بەرزبووەتەوە کە زۆربەیان لە یەکەم ڕۆژی پێکدادان لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە دەوروبەری کەرتی غەززە کوژراون.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل وتیشی، ھەروەھا ژمارەی سەربازە کوژراوەکان لە دوای ھێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە کە لە ٢٧ی ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکردووە، گەیشتووەتە ٧٥ ئەفسەر و سەرباز.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەسەڵاتدارانی یۆنان ڕێوشوێنەکانیان چڕترکردووەتەوە بۆ ناردنەوەی کۆچبەران، بەشێوەیەک کاتێک کۆچبەران لە دەریاوە لە خاکی یۆنان نزیک دەبنەوە، راستەوخۆ پێش ئەوەی بگەنە وشکانی دەگەڕێندرێتەوە بۆ تورکیا.
دەزگای لوتکە راشیگەیاندووە، لە پێنج مانگی رابردوودا زیاتر لە ١٤ ھەزار کەس بە زۆرەملێ لەلایەن یۆنانەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ تورکیا، ھەروەھا لە مانگی رابردوودا، نزیکەی دوو ھەزار و ٦٠ کۆچبەر، کە ژن و منداڵ لەنێوانیادا ھەبووە، لەلایەن دەسەڵاتدارای یۆنانەوە لە مافی پەنابەری بێبەشکراون.
ماڵپەڕی تایم ئاماژەی بەوەکردووە، شی جین پینگ، سەرۆکی چین کاندیدە بۆ کەسایەتی ساڵ و ئەو سەرۆکە لە ساڵی ٢٠١٧یش بە کەسایەتی ساڵ دیاریکراوە ڤلادیمیر پوتنیش، سەرۆکی روسیا کاندیدە و یەکێک لە ھۆکارەکانی کاندیدکردنی، مامەڵەکردن بووە لەگەڵ رووداوی ھەڵگەڕانەوەی سەرۆکی ڤاگنەرەکان.
ھەروەھا لە لیستەکەدا ناوی شا چارلزی سێیەمی تێدایە، بەھۆی ئەوەی دەیان ساڵە چاوەڕێی وەرگرتنی دەسەڵات بووە. ھاوکات سام ئاڵتمان، سەرۆکی جێبەجێکاری زیرەکی دەستکرد و داھێنەری چات جی پی تییش کاندیدە. تایلەر سویفتیش، ھونەرمەندی بەریتانی بەھۆی ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی سەرکەوتوو لەمساڵدا دەستنیشان کراوە بۆ کەسایەتی ساڵ.
داواکارانی گشتی ترەمپ، بەھۆی دادگاییکردنی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا ناویان لە لیستەکەدا ھاتووە، ھەروەھا فیلمی باڕبی بەھۆی داھاتە زۆرەیەکەوە کە زیاتر لە یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە و زۆرترین بینەری ھەبووە، کاندیدە بۆ ئەو خەڵاتە.
حزبوڵای لوبنان ئاماژەی بەوەشکرد، چەکدارەکانیان بە ئاڕاستەکردنی ژمارەیەک مووشەک، کۆبوونەوەی سەربازانی ئیسرائیلیان لە رۆژھەڵاتی ناوچەی مەسغاف و ناوچەی شتولا و نزیک گردەکانی کەفرشوبا و شارۆچکەی میس جەبەل و ناوچەی بەغدادی باشوری لوبنان کردە ئامانج.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی لوبنانیش بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ھێرشیان کردووەتەسەر دەورووبەری شارۆچکەی عەیتا شەعب لە باشووری لوبنان و لەو ھێرشەدا بۆمبی فسفۆڕییان بەکارھێناوە.
تونجەر باکرھان، ھاوسەرۆکی ھەدەپ لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی حیزبەکەیدا کە دوو رۆژ دەخایەنێت وتیشی، بڕیارەکەی ٢٣ی تشرینی دووەمی دادگای باڵای تورکیا بۆ گۆڕینی کورتکراوەی ناوی (ھەدەپ) بڕیارێکی سیاسییە، بەڵام ئەوان پابەندی بڕیارەکە دەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دوو رۆژەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ھەدەپدا ئەو بابەتە تاوتوێ دەکەن و ھەشتی ئەم مانگەش لەکۆبوونەوەی رێکخستنەکانی حیزبەکەیدا، کورتکراوی نوێی ناوی پارتەکەیان ئاشکرا دەکەن.
لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا ھۆشداری دایە ئیسرائیل سەبارەت بە پاراستنی ھاوڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززەو رایگەیاند، پاراستنی گیانی ئەوان ئەرکێکی ھەم ئەخلاقیەو ھەم پێویستیەکی ستراتیجیە.
وتیشی، ناکرێت ھاوڵاتیانی مەدەنی بکرێنە ناوەندێکی ھەڕەشەکردن لە شەری ئیسرائیل دژی حەماس.
داواشیکرد، بەرپرسانی ئیسرائیل لێدوانی نابەرپرسیارانە ڕابگرن و ڕێگری لە توندوتیژیی بگرن دژی ھاوڵاتیان کەناری ڕۆژئاوا، ھۆشداریشیدا ئەوکارانە دەبێتە ھۆی ئەوەی مەترسیی کردەوە توندرەوەییەکان زۆر زیاتربیبێت.
پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەردانەکەیەدا بۆ تەلئەبیب رایگەیاندبوو، ھەموو ھەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و پاراستنی گیانی مەدەنییەکان.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری دەسەڵاتدارانی فەرەنساوە رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی شەممە لە نزیک بورجی ئیڤڵ لە پاریس کەسێک بە چەقۆ ھێرشی کردوە لە ئەنجامدا کەسێک کە بەرەگەز ئەڵمانیە کوژراوە و دووانی تریش کە فەرەنسین بە سەختی برینداربوون.
راشیگەیاند، ئەو کەسەی ھێرشەکەی کردووە لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٧ دایک و باوکی لە ئێران لە دایکبووە، وتیشی لە ئێستادا ھێرشبەرەکە دەستگیرکراو خۆی وەک ئیسلامی توندڕەو ناساندوە لێکۆڵینەوەکانیشان لە رووداوەکە بەردەوامە.
ھاوکات، جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا لە شوێنی ھێرشەکە رایگەیاند، تۆمەتبارەکە لە ساڵی ٢٠١٦دا بەھۆی ئەوەی ویستویەتی ھێرشێکی دیکە ئەنجام بدات، سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
دەستەی ئاماری ئەوروپی (یۆرۆستات) رایگەیاند: وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ماوەی ٢٠ مانگی رابردودا لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ تا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، ٦١ ملیار مەتر سێجا غازییان لە ئەمریکا کڕیوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەھای غازە فرۆشراوەکەی ئەمریکا بە یەکێتی ئەوروپا ٦٦ ملیار و ٧٠٠ ملیار یۆرۆ بوە و بە تێکڕایی لە مانگێکدا زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا غاز لە ئەمریکاوە بە بەبەھای سێ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن یۆرۆ ھاوردەکراوە.
یۆرۆستات دەشڵێت، پێش دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراین، ئەمریکا تەنیا یەک ملیار مەتر سێجا غازی بۆ ئەوروپا ھەناردە دەکرد کە بەھاکەی ٧٢٥ ملیۆن یۆرۆ بووە و بەھۆی جەنگەکەوە ئەمریکا غازی زیاتری ھەناردە کردوە و ٥٢ ملیار یۆرۆی دەستکەوتوە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١.
یەنیس ستۆلتنبێرگ، ئەمینداری گشتی ناتۆ رایگەیاند، پێویستە ھەموان خۆیان بۆ ھەواڵی خراپ لە بارەی ئاڵۆزییەکانی ئۆکراین ئامادە بکەن و دەبێت پاڵپشتی ئۆکراین بن لە کاتە سەختەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەندامانی ناتۆ نەیاتوانیوە داواکاری ئۆکراین بۆ زیادکردنی ھاوکارییە سەربازییەکان بەجێبگەیەنن و ئەگەر دۆخەکە ئاوا بڕوات وڵاتەکە توشی ناھەمواری دەبێتەوە.
راشیگەیاند، ئۆکراین توانای کۆنتڕۆڵکردنەوەی خاکە داگیرکراوەکانی نییە و توانا سەربازییەکانی لە دابەزیندایە و رەنگە دووچاری زیان ببێتەوە.
بەپێی میدیاکانی تورکیا، شەپۆلێکی سەرما پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم و ئەردەخان و قەرس و ئاگری لە باکوری کوردستان گرتووەتەوە و پلەکانی گەرما کە بۆ خوار شەش پلەی ژێر سفری سەدی دابەزیوە، ئەوەش بووەتە ھۆی زوقم بەستنی شەقامەکان.
شەپۆلی سەرما کاریگەری لەسەر ژیانی ھاوڵاتیان دروست کردووە، لە ھەندێک شوێن ئاستەنگی ھاتوچۆ دروستبووە.