میدیاکانی سوریا، ئەمڕۆ شەممە، وردەکاریی رێککەوتنی ئاگربەستیان لە پارێزگای سوەیدا ئاشکرا کرد، ئەمەش دوای چەند رۆژێک دێت لە پەرەسەندنی گرژییەکان، کە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلیشی بۆ سەر دیمەشق و پێگە سەربازییەکانی سوریا لەخۆگرتبوو بۆ "پاراستنی کەمینەی درووزەکان".
وێنەی گەورە:
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، رایگەیاند، سوریا و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست لە سوەیدا رێککەوتوون. باراک ئاماژەی بەوەشکرد، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، بە پشتیوانی ئەمریکا، تورکیا، ئوردن و وڵاتانی دراوسێ، لەسەر ئاگربەستەکە رێککەوتوون.
نێردە ئەمریکییەکە داوای لە درووز و بەدەوییەکان و کەمینەکانی دیکە کردووە چەکەکانیان دابنێن و پێکەوە کاربکەن بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نوێی یەکگرتوو.
راگەیاندنی ئاگربەستەکە لە کاتێکدایە کە پێکدادانەکان لە سوەیدا بەردەوامە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس لە ناو قەیرانێکی مرۆیی پەرەسەندوودا. پێشتر هێزەکانی حکومەت دوای رێککەوتنێکی ئاگربەست لەگەڵ گروپە درووزییەکان، لە پارێزگاکە کشابوونەوە.
هەڵوێستی سەرۆکایەتیی سوریا:
پێشتر سەرۆکایەتیی سوریا رایگەیاندبوو کە لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ ناردنی هێزێکی تایبەتمەند بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان لە سوەیدا و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە بە شێوەیەکی ژیرانە. ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ رێوشوێنی سیاسی و ئەمنی کە ئامانج لێی چەسپاندنی سەقامگیری و گەڕاندنەوەی ئارامییە بۆ سوەیدا لە زووترین کاتدا.
سەرۆکایەتیی سوریا روداوەکانی باشوری وڵاتی بە دەرئەنجامی "زیادبوونی گروپە چەکدارە دەرچووە لە یاساکان" وەسف کرد کە چەکیان وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع بەکارهێناوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هێرشکردنە سەر خێزانە ئارامەکان و ترساندنی منداڵان و پێشێلکردنی کەرامەتی خەڵک، بە هەموو پێوەرێک سەرکۆنە و ڕەتکراوەیە.
خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنی ئاگربەست لە سوەیدا:
-
گەڕانەوەی دامەزراوە ئیداری و ئەمنییەکانی دەوڵەت بۆ پارێزگای سوەیدا.
-
تێکەڵکردنی ئەندامانی گروپە چەکدارەکانی پارێزگاکە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت.
-
رادەستکردنی چەکی قورس و مامناوەند لەلایەن بەدەوی و درووزەکانەوە.
-
بەشداریکردنی درووزەکان لە داهاتووی سیاسیی وڵات لە قۆناغی داهاتوودا.
-
رێگەدان بەو کەسانەی رێککەوتنەکە رەتدەکەنەوە، لە رێگەیەکی ئارامەوە وڵات بەجێبهێڵن.
-
لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکان لە هەردوو لایەنی بەدەوی و درووز بەپێی یاسا.
-
راسپاردنی ئەندامانی گروپە چەکدارەکانی سوەیدا بە هاوکاریکردنی یەکەکانی دیکە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگاکە.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە کە هێزەکانی ئاسایشی گشتیی سوریا بەرەو شاری سوەیدا جوڵەیان پێکراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایش و جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە، بەڵام دواتر وەزارەتی ناوخۆی سوریا ئەو هەواڵەی رەتکردەوە.