نوسینگەی راگەیاندنی حکومەتی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سوپای ئیسرائیل لە ھێرشەکانیدا بە ئەنقەست و بەشێوەیەکی دڕندانە شوێنی نیشتەجێبوون و خانووی ھاووڵاتیان بۆردومان دەکات و ژن و منداڵ و خەڵکی بەساڵاچوو دەکوژێت و دانیشتووانی غەززەش مافی خۆیانە بە ھەموو رێگە و شێوازەکان بەرگری لەخۆیان بکەن.
راشیگەیاندووە، بەرپرسیارێتی کوژرانی ژن و منداڵان و بەردەوامی شەڕ و کۆمەڵکوژییەکان لە کەرتی غەززە دەکەوێتە ئەستۆی کۆمەڵەتی نێودەوڵەتی، چونکە لەئاست دڕەندەیی و تاوانەکانی سوپای ئیسرائیل بێدەنگە و ھیچ ھەڵوێستێکی نییە.
لە دەستپێکی لوتکەکەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، جیھان پێویستی بە بڕیارێکی سیاسییە بۆ روبەڕوبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا، نەبوونی سەرچاوەی داراییش کێشەی سەرەکییە.
ھاوکات شا چارڵزی سێیەم پادشای بەریتانیا رایگەیاند، ھەوڵی جدی پێویستە بۆ روبەڕوبوونەوەی قەیرانی کەشوھەوا و زانایانیش ماوەیەکی دوورودرێژە ھۆشدارییان داوە.
سەرۆکی بەرازیلیش وتی، مرۆڤایەتی روبەڕووی لافاو و زریان و وشکەساڵی بووەتەوە.
بڕیارە نیوەڕۆی ئەمڕۆش د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق وتارێک سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق، پێشکەش بکات.
بەیانی ئەمڕۆ، ئەو ئاگربەستەی لە رۆژی ٢٤ی مانگی رابردووەوە راگەیەندرا لەنێوان حکومەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان، کۆتاییھات.
لەگەڵ کۆتاییھاتنی ئاگربەستەکە، شەڕ لەنێوان ھەردوولا دەستیپێکردەوە و سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەڕیان لەدژی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە دەستپێکردووەتەوە، چونکە حەماس مووشەکی ئاڕاستەی خاکی ئیسرائیل کردووە.
میدیاکانی فەڵەستینیش بڵاویانکردووەتەوە، ئیسرائیل مووشەک و ھاوەن ئاڕاستەی ماڵی ھاووڵاتیان دەکات لە خۆرئاوای غەززە.
ئەگەرچی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تەلئەبیب داوایکردبوو ئەو ئاگربەستە درێژبکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ ئاماژەیەک بۆ درێژکردنەوەی یاخود راگەیاندنی ئاگربەستی نوێ نییە.
ئەو ئاگربەستە کە ماوەی حەوت رۆژ بەردەوامبوو، ئاڵوگۆڕی دەیان بارمتەی لە بەرمبەر سەدان زیندانیکراوی فەڵەستینی لێکەوتەوە، ھەروەھا ئاسانکاری کرا بۆ گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.
سابیرینا سینگ جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای ھێرشەکەی رۆژی سێشەممەی رابردوو کە لە سوریا کرایە سەر ھێزەکانی ئەمریکا و ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبوو، کۆی ژمارەی ھێرشەکان لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە تائێستا لە عێراق و سوریا بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە ٧٤ ھێرش.
وتیشی، لە دوای راگەیەندنی ئاگربەستە مرۆییەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل، ھێرشەکەی رۆژی سێشەممەی رابردوو لە سوریا یەکەم ھێرش بووە کە لەو وڵاتە و عێراق کرابێتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا.
بلینكن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمریكا هەموو كارێك دەكات بۆ درێژكردنەوەی ئاگربەست لە كەرتی غەززە و پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی ناوچەكە.
لەمڕۆوە وڵاتی ئیمارات میوانداری کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕوبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا دەکات، کە بە کۆپ ٢٨ ناسراوە و چاوەڕوان دەکرێت وڵاتان ھەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە وزەی پاک چڕبکەنەوە.
بڕیارە زیاتر لە ١٤٠ سەرکردەی جیھان لەو کۆنگرەیە بەشداربن و وتاری خۆیان پێشکەش بکەن، لە نێویاندا د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، کە بڕیارە وتارێک لەبارەی مەترسییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و چارەسەرەکان پێشکەش بکات.
بەڵام جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ سەرۆکی چین بەشداری کۆنگرەکە نابن، ئەگەرچی وڵاتەکانیان ھۆکارن بۆ دەردانی ٤٠٪ی گازە گەرمەکان لە جیھاندا.
پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکانیش بەھۆی نەخۆشییەوە، بەشداریکردنی ھەڵوەشاندووەتەوە.
چاوەڕوانیش دەکرێت رۆژی ھەینی، ئسحاق ھرتسوگ سەرۆکی ئیسرائیل و مەحمود عەباس سەرۆکی دەوڵەتی فەڵەستین لەو کۆنگرەیە چاویان بە یەکتر بکەوێت.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ھەردوو لایەنی ئیسرائیل و فەڵەستین جارێکی تر گەیشتونەتە رێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست. وتیشی، ئاگربەستەکە بۆ ماوەی ٢٤ سەعاتە و بەھەمان مەرجەکانی پێشووە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختیشیکردەوە لەوەی لە ئێستادا ھەوڵەکان چڕتربوونەتەوە لەپێناو وەستاندنی بەردەوامی شەڕ لە کەرتی غەززە.
ھاوکات ھەر یەک لە حەماس و ئیسرائیل پابەندبوونی خۆیان بە رێکەوتنی ئاگربەستەوە راگەیاند و نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، لیستێکی نوێ ناوی بارمتەکانیانی پێگەیشتوە کە بڕیارە ئەمڕۆ ئازاد بکرێن.
دامەزراوەی راوێژکاریی ھێنری کیسنجەر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ھێنری کیسنجەر لە ماڵەکەی خۆیدا لە ویلایەتی کۆنتیکتی ئەمریکا کۆچی دوایی کردووە، بەڵام ئاماژەی بە ھۆکاری گیانلەدەستدانی نەکردووە.
ھێنری کیسنجەر لە ساڵی ١٩٢٣ لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، بەڵام خێزانەکەی بەھۆی سیاسەتی نازییەکان بەرامبەر جووەکان لە ساڵی ١٩٣٨ کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا، کیسنجەر لە ساڵی ١٩٦٩ بووەتە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و لە ١٩٧٣ بووەتە وەزیری دەرەوە، بەھۆی ھەوڵەکانی بۆ راگرتنی جەنگی ئەمریکا و ڤێتنام لە ساڵی ١٩٧٣ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێبەخشرا.
کیسنجەر کە لە ماوەی دەسەڵاتی ریچارد نیکسۆن و جیرالد فۆرد، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە، لە دوایین ساڵەکانی تەمەنیشیدا وەک سیاسەتمەدار و راوێژکارێکی دیپلۆماسیی دیار کاریکردووە.
دەستەی فریاگوزاریی ئیسرائیل رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ چەند چەکدارێک بە ئۆتۆمبێلەوە چوونەتە نزیک وێستگەیەکی وەستانی پاس لە ناوچەی رامۆت لە ئورشەلیم (قودسی رۆژھەڵات) و تەقەیان لە چەند کەسێک کردووە.
دەشڵێت، بەھۆی ھێرشەکەوە سێ کەس کوژراون، کە یەکێکیان ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵانە، ھەشت کەسیش برینداربوون، کە پێنج کەسیان برینیان سەختە، دوو تۆمەتباری ھێرشەکەش دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە کوژراون.
سندوقی روبەڕوبونەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا هاوكاری دارایی ئەو وڵاتانە دەكات كە مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەریان دەركەوتووە، لەوانەش روبەڕوی بەبیابانبوون و لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بوونەتەوە.
لە یەكەم قۆناغیشدا ئیمارات و ئەڵمانیا هەریەكەیان 100 ملیۆن دۆلاریان بە سندوقەكە بەخشی، ئەمریكاش زیاتر لە 17 ملیۆن و ژاپۆنیش 10 ملیۆن دۆلاریان بۆ سندوقەكە تەرخان كرد.
لە كۆنگرەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا كە لە شاری دوبەی ئیمارات بەڕێوەدەچێت لە پاڵ كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، هەنگاونان بەرەو وزەی پاك و كەمكردنەوەی دەردانی گازە گەرمەكان و پاراستنی ئاسایشی خۆراكیش تاوتوێ دەكرێن.
راند پاوڵ، سیناتۆری کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا کە ئامادەکاری پڕۆژەکەیە دەڵێت، لە پڕۆژە بڕیارەکەدا داوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکای لە سوریا کردووە بەھۆی ئەوەی ئەمریکا ھیچ بەرژەوەندییەکی زیندووی لەو وڵاتەداانییە و ستراتیژی مانەوەی ھێزەکەش نازانرێت، ھەروەھا بوونی ئەو ھێزە لە سوریا بەبێ رەزامەندی کۆنگرێس بووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، گرژییەکان و دۆخی نائارامی ناوچەکە پاساوی داوەتە ھەندێک لایەن کە سەربازانی ئەمریکا لە سوریا بە ئاسانی بەئامانج بگرن و دەیانەوێت واشنتۆن رابکشێنە ناو شەڕێکی گەورەوە.
پێشتریش مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی ھەسەدە رایگەیاندبوو، بەھۆی گرژییەکانی ناوچەکە، ئەمریکا ئەو ٩٠٠ سەربازە لە رۆژئاوای کوردستان ناکشێنێتەوە کە بۆ شەڕی دژی داعش و ھاوکاری ھەسەدە جێگیری کردوون.
لەکۆبوونەوەکانی دوێنێ دەوحە کە ولیەم بێرنز، بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگریی ئەمریکا و دەیڤید بارنیاع، بەڕێوەبەری ھەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) و محەمەد عەبدولرەحمان ئالسانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر و لێپرسراوانی میسر ئامادەبوون، ئیسرائیل ئامادەیی خۆی بۆ ئاگربەستی درێژخایەنی مەرجدار راگەیاندووە.
میدیای ئیسرائیل دەڵێت، بەڕێوەبەری دەزگای مۆساد بە مەرجی ئازادکردنی تەواوی بارمتە ئیسرائیلیەکان، ئامادەی وڵاتەکەی بۆ ئاگربەستێکی درێژخایەن لە غەززە راگەیاندووە، وتوشیەتی ئیسرائیل ئامادەیە ژمارەیەکی زۆر بارمتەی فەڵەستینی ئازاد بکات.
لە بەرامبەریشدا حەماس دەڵێت، ئازادکردنی ژن و منداڵان وکەسانی بەتەمەن لەماوەی ئاگربەست ئەگەرێکی کراوەیەوە، بەڵام تەنھا دوای راگرتنی تەواوەتی شەڕ، ئامادەن بە مەرج و دانوستانی نوێوە گفتوگۆ لەسەر ئازادکردنی سەربازە بارمتەکانی ئیسرائیل بکەن.
رۆژنامەی ئیسرائیل یەوم ئاشکرایکردووە، پرۆژەیەک ئاراستەی کۆنگرێس و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کراوە و تیایدا پێشنیاز کراوە دانیشتووانی کەرتی غەززە بەسەر وڵاتانی میسر، عێراق، تورکیا و یەمەن دابەشبکرێن بەو پێیەی ئەو چوار وڵاتە ساڵانە لە چوارچێوەی ھاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمریکا ئەمریکا لە رووی داراییەوە سودمەند دەبن و ھاوکاری وەردەگرن، ئاماژەی بەوەشکراوە تائێستا ئەو پێشنیازە پشتیوانی زۆری کراوە بەڵام ھێشتا کۆنگرێس و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیاری کۆتاییان لەسەر نەداوە بۆئەوەی بکرێتە پرۆژە و دەنگی لەسەر بدەن.
مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینیش لە وتارێکیدا بەبۆنەی رۆژی جیھانیی پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین رایگەیاند، لەئێستادا گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو کۆمەڵکوژ دەکرێن و پێویستە رێکاری پێویستیش بگیرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو ھەڕەشەیەی لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەت ھەیە، وتیشی، غەززە بەتەنھا نابێتە دەوڵەت و ھیچ دەوڵەتێکیش بە بێ غەززە دروست ناکرێت.
ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا کە تایبەت بوو بە دۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، وڵاتەکەی ھیچ کاتێک بەشدارنەبووە لە ھێرشکردنەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا و وڵاتانی ناوچەکە.
وتیشی، تاران بە تەواوی پابەندە بەو بەڵێن و پەیماننامانەی کە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئیمزای لەسەر کردوون.
نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان داواشی لە ئەمریکا کرد، بوونی سەربازی خۆی لە سوریا کۆتایی پێبھێنێت، چونکە دژی یاسا و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشە.
پات ڕایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ٢٣ی ئەم مانگەوە ھیچ ھێرشێک نەکراوەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا ، ئەوەش واتە لەو کاتەوەی ئاگربەستی کاتی لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە ٧٠ جار لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کراونەتە ئامانج، بەھۆی ئەو ھێرشانەوە دەیان کارمەند و سەربازی ئەمریکی برینداربوون.
لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ ھەریەک لە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) و مەراڵ ئاکشنەر- سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی کە دوو گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیان کۆدەبنەوە و پرسی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان تاوتوێ دەکەن، کە بڕیارە ٣١ی ئاداری ساڵی داھاتوو ئەنجام بدرێت.
پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئاستی پارێزگاکانی تورکیادا ھەماھەنگی لەگەڵ یەکتردا بکەن و لەو ناوچانەی دەنگی پارتێکی ئۆپۆزسیۆن بەھێزە، پارتەکانی دیکە کاندیدی سەرۆکی شارەوانی دیارینەکەن تا ئۆپۆزسیۆن بتوانێت لە دەسەڵات بباتەوە.
لەم بارەیەوە ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەھەپە رایگەیاند، بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان بە ڕەسمی ھاوپەیمانی لەگەڵ ھیچ لایەنێکدا ناکەن، بەڵام لەسەر ئاستی پارێزگاکان ھەماھەنگیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن دەبێت.