ئیسپانیا کاردانەوەی هەندێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەرانبەر شەپۆلی کۆچبەران لە مەغریبەوە بۆ ناوچەی سێوتا، بە خۆپەرستانە ناودەبات.
بی بی سی بەریتانی بڵاویکردەوە، لێپرسراوانی ئیسپانیا رایانگەیاندووە، نزیکەی تەواوی ئەو کۆچبەرانەی کە ژمارەیان دەگاتە 60,000 کەس و لە 30ـی تەممووزدا گەیشتبوونە سێوتا، گەڕێنراونەتەوە.
هاوکات وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا ئاشکرای کرد، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو شەپۆلەوە بۆ لانیکەم 67 کەس بەرزبووەتەوە.
بی بی سی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیتاڵیا بە شێوەیەکی کاتی رێککەوتنی 'شنگن'ـی لەگەڵ ئیسپانیا هەڵپەسارد و جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیاش دیمەنەکانی بە شۆکهێنەر ناوبرد.
ئەوەشی ئاشکراکردووە، وڵاتانی فئنلاند و دانیمارک پشتیوانیان لەو بڕیارەی ئیتاڵیا کرد و سەرۆک وەزیرانی 'چیک'یش داوای کرد ئیسپانیا لە ئەندامێتی شنگن بە شێوەیەکی کاتی رابگیرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، بڕیارە رۆژی سێشەممە وەزیرانی ناوخۆی یەکێتی ئەوروپا لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆببنەوە بۆ تاووتوێکردنی ئەم پرسە.
ئەوەش هاوکاتی ئەوەش، پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کردبوو بۆ جەختکردنەوە لەوەی کە پاراستنی سنورە دەرەکییەکان بەرپرسیارێتی هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپایە.
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا 'یوفا' لە بەیاننامەیەکدا پێشوازی لە بڕیارەکەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ 'فیفا' کرد بە وازهێنان لە پلانەکەی بۆ فرۆشتنی پشکی مۆندیال و پاڵەوانێتییەکانی دیکە بە کەرتی تایبەت.
یوفا رایگەیاند، لە هەفتەکانی داهاتوودا لەگەڵ ئەندامانی دیکەی یەکێتییەکەیان و یەکێتییەکانی دیکەی کیشوەرەکان کاردەکەن بۆ داڕشتنی پلانێک کە رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی هەنگاوی لەو شێوەیە.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، سەرکردایەتی ئێستای فیفا متمانەی یوفا و زۆرێک لە ئەندامانی دیکەی خێزانی تۆپی پێی لەدەستداوە.
ئەمەش دوای ئەوە هات، دوای ئەوەی فیفا لەناکاو پلانی فرۆشتنی بەشێک لە پشکەکانی بە وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت راگەیاندبوو، رووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەوە سەبارەت بە نەبوونی شەفافیەت لە بڕیارەکانیدا.
ئەم پێشنیازە کە سێشەممەی رابردوو راگەیەندرا، کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە و یەکێتییە ناوچەییەکان رایانگەیاند کە بێ ئاگادارکردنەوە و راوێژ پێکردنی ئەوان ئەو هەنگاوە نراوە.
ئەم پاشەکشە خێرایەی فیفا، گومان و نیگەرانییەکانی لەسەر شێوازی سەرکردایەتیی 'جیانی ئینفانتینۆ' زیادکردووە، بەتایبەت کە ئامادەکاری دەکات بۆ خۆکاندیدکردنەوە بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتی فیفا.
لای خۆشییەوە، ئینفانتینۆ رایگەیاند، دوای ئەوەی بە وردی گوێیان لە هەموو رایەکان گرتووە، بڕیاریانداوە واز لەو پلانە بهێنن.
واشنتۆن مەرجێكی نوێی بەسەر هاووڵاتیانی 50 وڵاتدا سەپاند و دەبێت لەمەودا 20 هەزار دۆلار وەك بارمتە دابنێن لە كاتی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەمریكا.
رۆژنامەی فیدراڵی ئەمریكا بڵاویكردەوە، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بڕیاریداوە لەمەودوا بیكاتە مەرج بۆ هاووڵاتیانی 50 وڵاتی جیهان، كە لە كاتی داواكردنی ڤیزای ئەمریكا، 20 هەزار دۆلار وەك بارمتە لای حكومەتی ئەمریكا دابنێن.
راشیگەیاندووە، ئەو رێكارە داراییە لەلایەن كارمەندانی كۆنسوڵخانەكانی ئەمریكاوە لەو 50 وڵاتە كە زۆربەیان لە ئەفریقان، جێبەجێ دەكرێت و مامەڵەی ڤیزاكانی جۆری بی یەك و بی دوو دەگرێتەوە كە بۆ مەبەستی گەشتیاریی و بازرگانیی دەردەكرێن.
رۆژنامەی فیدراڵی ئەمریكا باسی لەوەشكردووە، ئەو بڕیارە دوای بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنێكی ورد دەركراوە و ئامانج لێی گەرەنتیكردنی گەڕانەوەی ئەو گەشتیار و سەردانیكەرانەیە بۆ وڵاتەكانیان، كە ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی ئەمریكا.
ژمارەی قوربانییانی ئەو کۆچبەرانەی بەکۆمەڵ هەوڵی بەزاندنی سنوورەکانیان دا بەرەو ناوچەی "سەبتە"ی ئیسپانیا، بەردەوام لە هەڵکشاندایە و هێزە ئەمنییەکان لەگەڕان بەدوای تەرمی قوربانییاندا بەردەوامن.
بەپێی راپۆرتێکی رادیۆی "کادینا سەر"ی ئیسپانی، تا ئێستا بەلایەنی کەمەوە 61 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە لە مەغریبەوە بۆ ناو سەبتە گیانیان لەدەستداوە.
هێزە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە کە پرۆسەی دۆزینەوەی تەرم لەسەر کەناراوەکانی "تاراحال" لە نزیک سنوورەکە بەردەوامە، بەوەش پێشبینی دەکرێت ئاماری گیانلەدەستدان زیاتریش بێت.
لە لایەکی ترەوە، "خوان خیسۆس ڤیفاس" سەرۆکی شارەوانیی سەبتە رایگەیاند کە تەنها لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا، نزیکەی 60 هەزار کەس بە شێوازێکی بێپێشینە لە خاکی مەغریبەوە چوونەتە ناو ناوچەکەوە.
هاوکات، کەناڵی ئاسمانیی (RTVE) لەسەر زاری وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیایەوە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی رێکارە ئەمنییەکان و ئۆپراسیۆنەکانی گەڕاندنەوەدا، تا ئێستا زیاتر لە 48 هەزار و 300 کۆچبەر رەوانەی خاکی مەغریب کراونەتەوە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی ئیدارەی وڵاتەکەی لە هاوینەهەواری "کامپ دێڤید" رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە "رێکخراوێکی نایاسایی" دەزانێت و واشنتۆن بە کرداری دەستی بە گرتنەبەری هەنگاو کردووە بۆ ئەوەی رێکخستنەوەی بۆ بکات.
ئەم لێدوانەی روبیۆ لە چوارچێوەی کەمپینێکی فراوانتردا دێت کە واشنتن لە 13ی تەممووزی 2026دا بۆ "هەڵوەشاندنەوەی" دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەستی پێکردووە، دوای ئەوەی کۆشکی سپی دادگاکەی بە "هەڕەشەیەکی بەرگەنگەگیراو بۆ سەر سەروەریی ئەمریکا" وەسف کرد.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو رێکارانەی ئیدارەی ئەمریکا تاوتوێیان دەکات بریتین لە سەپاندنی سزای دارایی، قەدەغەکردنی گەشت، و رەتکردنەوەی ڤیزا بۆ فەرمانبەرانی دادگاکە، و دروستکردنی گوشار لەسەر وڵاتانی هاوپەیمان تاوەکو لە دادگاکە بکشێنەوە یان رەتی بپەرژێنن دان بە دەسەڵاتی دادوەریکردنی دادگاکەدا بنێن بەسەر هاووڵاتیانی ئەمریکیدا.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا و ڤلۆدۆمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانین خوازیاری بەدەستهێنانی رێککەوتنن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، بەڵام ئیمزاکردنی هەر رێککەوتنێک پێویستی بە پێشکەشکردنی سازشی قورس هەیە لەلایەن هەردوو لاوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، پێیوایە زیلینسکی و پوتن هەردووکیان دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن، بەڵام هیچ کامێکیان ئامادە نین سازش بکەن، لەکاتێکدا پێویستە هەردوولا قوربانی بدەن بە بەشێک لە داواکارییەکانیان.
ئەم لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین و روسیا، ئاماژەن بۆ ئاڵۆزیی هەوڵەکانی ئاشتی و دوری هەردوو وڵاتی روسیا و ئۆکراین لە گەیشتن بەرێککەوتن.
سەرۆکی ئەمریکا، کە لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتییدا بەڵێنی دابوو ببێتە "پێکهێنەری ئاشتی"، ئێستا لەگەڵ تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئۆکراینو روسیا لەبەردەم ئاستەنگی جدی سیاسی و بێهیواییدایە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەردەوام دەبێت لە ئاراستەکردنی لێدانی بەهێز و کاریگەرەکانی بۆ سەر ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوەکرد، پرۆسە سەربازییەکانیان دژی تاران بە باشی و بەپێی پلانەکان بەڕێوەدەچن.
جەختیشی کردوەتەوە، تاکە ئەرکی ئەوان لە ئێستادا بەردەوامبوونە لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکان.
دۆناڵد ترەمپ لە قسەکانیدا ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەردەوامبوونیان لەسەر ئەم سەرکەوتنانە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی دروستبوونی گۆڕانکارییەک سەبارەت بە پرسی ئێران.
پۆلیسی ئیسپانیا رایگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەری نایاسایی لە مەغریبەوە روی لە شاری سیوتا کردووە و دەیان هەزار کەس خۆیان گەیاندووەتە خاکی ئیسپانیا، هاوکات دەیان کۆچبەریش لەو رێگە مەترسیدارەدا گیانیان لەدەستداوە و هەزارانی تریشیان گەڕێندراونەتەوە.
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، کە پۆلیسی ئیسپانیا بە ئاژانسی هەواڵی ئەی ئێف پی راگەیاندووە، لە ماوەی 24 سەعاتدا زیاتر لە 49 هەزار کەس بە نایاسایی لە مەغریبەوە پەڕینەتەوە، هەرچەندە دیاریکردنی ئاماری ورد لە ئێستادا زۆر قورسە.
سەرچاوەیەکی حکومی لە ئیسپانیا ئاشکرای کردووە، کە لانیکەم 27 کەس لە هەوڵی گەیشتن بە خاکی ئیسپانیا لەو ماوەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
کۆچبەران تەنها لە رۆژدا نەهاتوون، بەڵکو بە درێژایی شەوی رابردوو بە لێشاو لە مەغریبەوە خۆیان گەیاندووەتە شارەکە و شەپۆلی هاتنیان تا بەرەبەیانی رۆژی هەینی بەردەوام بووە و وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیاش رایگەیاندوە، زیاتر لە 25 هەزار کۆچبەر گەڕێنراوەتەوە بۆ مەغریب.
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتدا نزیکەی 49هەزار کۆچبەر لە سنوورەکانی مەغریبەوە چوونەتە ناو شاری سبتة، ئەمەش شەپۆلێکی بێپێشینەی کۆچکردنی دروستکردووە کە وای لە حکومەتی مەدرید کردووە بەپەلە هێزی سەربازی و ئەمنی بۆ ناوچەکە رەوانە بکات.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا کە میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە: حکومەتی ناوەندی 60 سەرباز و 200 پۆلیسی تایبەتی رەوانەی شارەکە کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی داوای راگەیاندنی باری لەناکراویان کرد، هاوکات تیمی غەواس و یەکەی ئەمنی زۆرتر بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان جێگیرکراون.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم قەیرانە مەترسیی ئابووریشی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیتالیا هەڕەشەی هەڵپەساردنی رێککەوتننامەی "شەنگن"ی لەگەڵ ئیسپانیا کردووە، کە ئەمەش رەنگە رێگری و کۆتوبەند بخاتە سەر هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لەناو ئەوروپادا.
لە لایەکی ترەوە چالاکییە بازرگانییەکان لە سەبتە راگیراون و بەشێک لە خاوەن شوێنکارەکان دووکانەکانیان داخستووە بۆ پاراستنی موڵکەکانیان.
سەبارەت بە شێوازی پەڕینەوەیان، گرتە ڤیدیوییەکان دەریدەخەن کە کۆچبەران لە رێگەی مەلەکردن یان بەکارهێنانی تایەی لاستیکییەوە گەیشتوونەتە ناوچەکە، لە کاتێکدا بەشێکی تریان لە رێگەی تێکشکاندنی دەروازە سنوورییەکانەوە چوونەتە ژوورەوە.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتوووە، دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا تەرمی 9 کۆچبەری تریان دۆزیوەتەوە، بەمەش ژمارەی کۆچبەرە گیانلەدەستداوەکان لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا بۆ 60 کەس بەرزبووەتەوە.
لە بەرانبەردا، پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بە یاوەری وەزیری ناوخۆ سەردانی شاری سەبتە کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، و حکومەتی مەدرید بەڵێنی داوە تەواوی ئەو کەسانەی بە نایاسایی چوونەتە ژوورەوە بپێچێتەوە بۆ وڵاتەکانیان، لە هەمان کاتدا تۆڕەکانی قاچاخچییەتی تۆمەتبار کرد بەوەی بڕیارێکی دادگایان قۆستووەتەوە کە رێگری لە گەڕاندنەوەی دەستبەجێی کۆچبەران دەکات لە کاتی دەستگیرکردنیان لە دەریادا.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە رەوشی مەیدانیی بەرەکانی جەنگ لەگەڵ روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە جەنگدا نادۆڕێت و سوپای روسیاش ناتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
سەرۆکی ئۆکراین لەبارەی زەرەر و زیانەکانی روسیاوە دەڵێت؛ لە دەستپێکی جەنگەکەوە تا ئێستا، روسیا 1.6 ملیۆن سەربازی لەدەستداوە، کە 700 هەزاریان کورژراون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، له روانگەی ئۆکرانیییەکانەوە، مانای سەرکەوتن بریتییە لە پاراستنی خاک و سەربەخۆیی وڵاتەکەیانو لەو روانگەیەشەوە تا ئێستا ئۆکراین بەرەو سەرکەوتن دەچێت.
زیلینسکی جەتیشیکردوە، ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی راستەقینەی بەرەکانی جەنگ بکرێت، خاڵی سەرەکی و گرنگ ئەوەیە، کە دەستپێشخەری و کۆنتڕۆڵی مەیدانی لە دەستی روسیادا نییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، داوای لە ئەمریكا كرد كە فشار بخاتە سەر زێنلسكی بۆ راگرتنی هێرشەكانی كێڤ بۆ سەر ژێرخانە نەوتییەكانی مۆسكۆ، جەختیشی كردەوە كە واشنتۆن بەرپرسیارە لە رەفتارەكانی سەرۆكی ئۆكراین.
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، مۆسكۆ هیوادارە واشنتۆن بەپێی پێویست هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەتەكانی زێلێنسكی بكات و رێگری لە هێرشەكانی كیێڤ بگرێت كە ئاسایشی ناوچەكە دەخەنە مەترسییەوە.
ئەم لێدوانانەی مۆسكۆ دوای زنجیرەیەك هێرشی درۆنیی ئۆكراین دێن بۆ سەر تانكەرە نەوتییەكان و ژێرخانەكانی هێڵی بۆریی نەوتی دەریای قەزوین لە دەریای رەشدا، كە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە كەرتی وزەی روسیا.
هاوكات، ئانا یێڤستیگنیێڤا، جێگری نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا وڵاتانی رۆژئاوای بەوە تۆمەتبار كرد كە هاوبەشی كێڤن لەو هێرشانەدا و رێگەیان بۆ ئۆكراین خۆش كردووە تاوەكو ئامانجە ستراتیژییەكان بپێكێت.
سەرەڕای لێدوانە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ، کە دەڵێت ئەمریکای گەڕاندوەتەوە بۆ سەردەمی زێڕین و ئێستا جیهان حسابی بۆ دەکات، بەڵام لەناوخۆی وڵاتەکە شتێکی ترە.
بەپێی ئەنجامی سێ راپرسیی سەربەخۆ، کە لەلایەن کەناڵی (سی ئێن ئێن)، ئاژانسی (ئاسۆشیەیتد پرێس-نۆرک) و (زانکۆی کوینیپیاک) ئەنجام دراون، ئاستی جەماوەری و رەزامەندی لە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، بە شێوەیەکی بەرچاو روی لە دابەزین کردوە.
بەگوێرە ئەو سێ راپرسییە، ئاستی جەماوەری دۆناڵد ترەمپ گەیشتوەتە 34٪، 33٪ و 32٪. ئەم ئاستەش بە نزمترین رێژەی ڕەزامەندی هەژمار دەکرێت لە دوای کۆتاییهاتنی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی و رداوەکانی 6ی کانوونی دووەمی 2021.
لە راپرسییەکەی کەناڵی (سی ئێن ئێن)دا، 73٪ی بەشداربووان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ترەمپ سەرنجی پێویستی نەخستووەتە سەر گرنگترین کێشە و گرفت و ئاڵۆزییەکانی وڵات.
هاوکات پێگەی (رۆڵینگ ستۆن) لە راپۆرتێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەم دابەزینە بەپەلەیەی جەماوەریی ترەپپ، هاوکاتە لەگەڵ دەرئەنجامە ئابوورییە ئاڵۆزەکانی جەنگ لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران و زیادبوونی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە کارکردی کابینەکەی.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە راپرسییەکی تر کراوە، کە تێیدا دەرکەوتووە، 23٪ی ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024دا دەنگیان بە دۆناڵد ترەمپ داوە، لە ئێستادا لەو بڕیارەیان پەشیمانن.
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا 'یوفا' بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە کۆدەنگی لەگەڵ 55 ئەندامی یەکێتییەکە، بڕیاریاندا بایکۆتی مۆندیال و سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ 'فیفا' بکەن.
یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا 'یوفا' رایگەیاند، هاوشانی یەکێتییەکەیان، 55 ئەندامی دیکەی یەکێتییەکەیان، بەرەسمی بڕیاریانداوە بایکۆتی مۆندیال و سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ 'فیفا' بکەن، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک دژی پێشنیازەکەی فیفا بۆ فرۆشتنی پشکی مافی خاوەندارێتی مۆندیال بە وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت.
یوفا جەختیشی کردەوە، مۆندیال نابێت وەک "کاڵایەکی بازرگانی و وەبەرهێنان" سەیر بکرێت، چونکە گەورەترین میراتی وەرزشییە و نەوە دوای نەوە لەلایەن یاریزانان و هاندەرانەوە لە سەرانسەری جیهان دروست کراوە.
دەشڵێت: مۆندیال بۆ فرۆشتن نییە، رێگەش نادەن بەرژەوەندییە داراییەکانی کۆمپانیاکان بخرێتە پێش بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی وەرزشی تۆپی پێ، چونکە ئەم هەنگاوە داهاتووی یارییەکە دەخاتە ژێر گوشاری خاوەن پشکەکانەوە.
هەر لە بەیاننامەکەدا، یوفا رەخنەی توند لە شێوازی کارکردنی فیفا دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات، پلانی فرۆشتنی پشکی یارییەکان بە شێوەیەکی "نهێنی" و بێ راوێژکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیشتووەتە قۆناغی بڕیاردان، ئەمەش وەک شکستی سەرکردایەتی و پشتگوێخستنی ئەرکی فیفا وەک "پارێزەری تۆپی پێی جیهانی" وەسف کراوە.
یوفا جەختیش دەکاتەوە، هەرگیز شەرعیەت نادەن بە مۆدێلێکی لەو شێوەیە کە دەیەوێت ئەو میراتەی ئەوان بە ئەمانەت لایانە بۆ نەوەکانی داهاتوو، بیفرۆشێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتۆن کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانیان و گفتوگۆکردن لەبارەی رەخنە توندەکانی ڤانس بەرامبەر حکومەتی ئیسرائیل.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانی خۆی لە بەرانبەر رەخنە گشتییەکانی ڤانس دەربڕیوە، لە بەرانبەریشدا ڤانس گومانی لە ستراتیژییەکانی ناتانیاهۆ بۆ شەڕ هەبووە و هەردوولا کۆبوونەوەکەیان بە کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ و راشکاوانە ناوهێناو.
ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەشداوە، ناکۆکییەکانی نێوانیان گەیشتە ئاستێک کە ڤانس لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد، ئەمریکا بەرەو شەڕی زیاتر پاڵ هاندەدات؛ تەنانەت ڤانس باسی لە پەیوەندیی نێوان هەواڵگریی ئیسرائیلی و "جێفری ئێپستاین" کردبوو، کە ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای ئیسرائیلییەکان دروستکردبوو.
ئەوەش لە کاتێکدایە، جەی دی ڤانس لە بازنەی نزیکی دۆناڵد ترەمپدا، وەک یەکێک لە گەورەترین رەخنەگرانی سیاسەتەکانی ناتانیاهۆ و داکۆکیکار لە دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دەناسرێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، سوپای ئەمریکا گرێبەستێکی مێژوویی و پێوانەیی بە بەهای تا 58.62 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای "لۆکهید مارتن" ئیمزا کردووە، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی موشەکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە کۆگاکانی چەکی ئەمریکا رووبەڕووی کەمبوونەوەی بەرچاو بوونەتەوە بەهۆی ئەو ململانێ و جەنگە بەردەوامانەی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بەڕێوەدەچن.
ئەم بڕیارەی واشنتۆن دوای ئەوە دێت، کە ئەمریکا بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی رادەستی هاوپەیمانەکانی کردووە و هاوکات لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی خۆیدا لە ئێران بەکاریهێناون، ئەمەش نیگەرانیی جدی لەسەر کەمبوونەوەی یەدەگی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و چەکە وردەکان لێکەوتووەتەوە.
بەپێی رونکردنەوەی سوپای ئەمریکا، ئەم رێککەوتنە گرێبەستێکی پێشوی یەک ساڵەی بە بەهای 4.7 ملیار دۆلار کە لە نیسانی رابردوودا واژو کرابوو دەگۆڕێت بۆ رێککەوتنێکی حەوت ساڵە. کە پلانی کڕینی موشەکی پاتریۆت لە 2026 تا 2032 لەخۆدەگرێت.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان بە توندی لە ئێران دەدەن وخۆشیان باش ئەوە دەزانن، ئاماژەی بەوەشکرد پێشهاتەکان دەریدەخات لەگەڵیان دەگەنە رێککەوتن یان نا.
دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، ئێرانییەکان شەوی رابردوو پێنج موشەکیان ئاڕاستە کردووە و سەرجەمیان خسراونەتە خوارەوە.
لەبارەی بە ئامانج گرتنی کەشتییەکی ئەمریکا لە بەندەرەکانی میسر، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، زانیاریی پێدراوە دەربارەی ئەو روداوانەی لە میسر رویان داوە، بەڵام جارێکا باسیان ناکات.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، لە ئێستادا مامەڵە لەگەڵ گروپێکی جیاواز لە ناوخۆی ئێران دەکەن و ئەو گروپەش داوای لێبوردنیان لێ کردوون، بەڵام بە هەموو شێوەیەک بە توندی لێیان دەدەن و ئێرانییەکانیش بە باشی ئەوە دەزانن.
لەبارەی گەیشتن بەرێکەوتن لەگەڵ تاراندا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بەپێی پێشهاتەکان دەردەکەوێت، ئاخۆ دەگەنە رێککەوتن یان نا.