لە دوای تێپەڕبوونی سێ هەفتە بەسەر دەستپێكردنی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران  ، لە ئێستادا هەریەك لە تاران و واشنتۆن دەیانەوێت بگەرێنەوە بۆ دانوستان، بەڵام هەردوولا مەرجی توندیان بۆ یەكتر هەیە .

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئەمریكی، ئیدارەی ئەمریكا هەنگاوی سەرەتایی بۆ دیاریكردنی ئاراستەی قۆناغی داهاتوو دەستپێكردوە ، ئاماژەكانیش زیاتر سەبارەت بە كردنەوەی رێرەوی دیپلۆماسین لەگەڵ ئێران .

بەپێی ئەو سەرچاوانە ، واشنتۆن ئەگەر دانوستان لەگەڵ ئێران بكات شەش مەرجی   سەرەكی هەیە ،  دیارترینیان وەستاندنی بەرنامە موشەكییەكەیەتی بۆ ماوەی پێنج ساڵ، لەگەڵ وەستاندنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییە گەورەكان لە نەتەنز و  ئەسفەهان  و فۆردۆ ، هەروەها  چاودێریكردنی توندی نێودەوڵەتی بۆ چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران و ئیمزاكردنی  رێككەوتننامەی كۆنترۆڵكردنی چەك لە ناوچەكە و كۆتاییهێنان بە دابینكردنی بودجە بۆ گروپە هاوپەیمانەكانی وەك حزبوڵا و حوسییەكان  و حەماس  ، لە دیارترین مەرجەكانی ئەمریكان . ئەوەش ئەو مەرجانەیە كە چەندین جار لەلایەن ئێرانەوە رەتكراونەتەوە.

هەرچەندە  تا ئێستا هیچ پەیوەندییەكی راستەوخۆ لە نێوان واشنتۆن و تاراندا نییە ، بەڵام كەناڵە ناراستەوخۆكان لە رێی نێوەندگیرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانەوە كراونەتەوە  ، دیارترین نێوەندگیرەكانیش میسر و قەتەر و بەریتانیان و پەیامەكانی ئەمریكا و ئێران بە یەك دەگەیەنن ، بەپێی زانیارییەكان ، لە رێی ئەو نێوەندگیرانەوە ئێرانیش ئامادەیی بۆ دانوستان دەبریوە ، بەڵام  چەند مەرجێكی توندی هەیە كە گرنگرترینیان ئاگربەستی بەپەلە و پێدانی گرەنتیە بۆ دەستپێنەكردنەوەی جەنگ  و قەرەبوكردنەوەی زیانەكانی جەنگ .

 بەپێی راپۆرتێكی پێگەی ئەكسیۆسیش ، لە ئێستادا جارید كۆشنەر و ستیڤ ویتكۆڤ نوێنەرانی ترەمپ ، تاوتوێی ئەگەری دەستپێكردنی دانوستان دەكەن و دەیانەوێت بنەماكانی رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران دابرێژن كە لە رێیەوە جەنگ كۆتایی بێت .