سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: جیهان روبەڕووی سەختترین قەیرانی مێژوی وزە بوەتەوە
بڵند
٢٣ی ئازاری ٢٠٢٦
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، هۆشدارییەکی توند سەبارەت بە رەوشی بازاڕەکانی جیهان و رایگەیاند، بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە دژی ئێران، جیهان رۆژانە بڕی 11 ملیۆن بەرمیل نەوت لەدەست دەدات.
فاتیح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە جەختی کردوەتەوە، کە ئەم قەیرانە تەنیا سنووردار نابێت بە ناوچەکە، بەڵکو هیچ وڵاتێک لە جیهاندا لە لێکەوتە توندەکانی ئ پارێزراو نابێت و کاریگەرییەکان هەموو کەرتەکان دەگرێتەوە.
سەبارەت بە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان، ناوبراو ئاماژەی بەوەکردوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە سەرقاڵی راوێژە بۆ ئەگەری خستنەبازاڕی بڕێکی زیاتری نەوت لە یەدەگە ستراتیژییەکان، ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە لە 11ی ئازاردا بڕیاری خستنەبازاڕی 400 ملیۆن بەرمیل درا وەک هەنگاوێکی پێوانەیی.
بيرول ئەوەشیخستوەتەڕوو، کە تا ئێستا نرخێکی دیاریکراو بۆ بەرمیلێک نەوت دەستنیشان نەکراوە بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی بەکارهێنانی یەدەگەکان، بەڵکو بڕیارەکە بەپێی هەڵسەنگاندنی وردی بازاڕ و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام دەبێت.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی ئاژانسەکە ئەم تەنگژە ئەمنییەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە "زۆر سەخت" وەسف کرد و بە مەترسیدارتر لە هەردوو قەیرانی نەوتی ساڵانی حەفتاکان و جەنگی ئۆکرانیا لەقەڵەمی دا و ئەو پێی وایە تەنها چآرەسەر لە کردنەوەی گەرومی هورمزدایە بەڕویی کەشتییە بازرگانییەکاندا.


