بە نێوەندگیری پاكستان، ئێران و ئەمریكا یاداشتنامەكەی نێوانیان ئیمزا كرد، مەراسیمی ئیمزاكردنەش لە سویسرا هەڵوەشایەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و مەسعود پزیشكیان، سەرۆكی ئێران، بە جیا یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوانیان ئیمزا كرد بۆ ئەوەی بە رەسمی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە گرنگترین بەندەكانی ئەم یاداشتنامەیەش، راگرتنی شەڕ و لادانی گەمارۆكان و دەستەبەركردنی هاتوچۆی ئارامە لە گەروی هورمز.
شەهباز شەریف، سەرۆك وەزیرانی پاكستان لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئیمزاكردنی یاداشتنامەكە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، وەك هەنگاوی یەكەمیش، ئێران بەبێ دواكەوتن گەروی هورمز دەكاتەوە و ئەمریكاش دەستبەجێ گەمارۆ دەریاییەكە هەڵدەگرێت.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ وتی، یاداشتنامەی لێكگەیشتنەكەیان لەگەڵ ئێران بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا ئیمزاكردووە،هەروەها سوپاسی چین و روسیاشی كرد بۆئەوەی لە كانی جەنگەكەیان لەگەڵ ئێران بێلایەنیان هەڵبژارد.
هاوكات ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، یاداشتنامەكە بە رەسمی لەلایەن پزیشكیانەوە ئیمزا كراوە، بەڵام مەراسیمی ئیمزاكردنەكە كە بڕیار بوو سبەینێ هەینی لە سویسرا بەڕێوەبچێت، هەڵوەشاوەتەوە.
هەروەها ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا وتی، رێككەوتنەكە رێگا بۆ ئاشتییەكی بەردەوام لە ناوچەكە خۆش دەكات و دەرفەتی دووبارەكردنەوەی گەروی هورمز خۆش دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی وزە لە ماوەیەكی نزیكدا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران تەواوی ئەو ئامانجانەی بەدیهێناوە کە وڵاتەکەی دەستی بۆ دەبرد، بەتایبەت رێگریکردن لە تاران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و کردنەوەی گەروی هورمز.
ئاماژەی بەوەش کرد کە دوابەدوای ئەم رێککەوتنە، نرخەکانی نەوت بۆ ئاستێکی بێپێشینە دابەزینیان بەخۆوە بینیوە و ئەگەر ئەم رێککەوتنە ئیمزا نەکرایە، گەروی هورمز نەدەکرایەوە و بۆردومانەکانیش بەردەوام دەبوون.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە، دوو رۆژی رابردوو کاتێکی یەکجار سەخت بووە و بە رونی بە ئێرانییەکانیان راگەیاندووە کە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، ئەوا بۆ شەوی دووەمیش بۆردومانیان دەکەنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا وتویەتی؛ کۆتاییان بە سەرکردەکانی ئێران و هێزی دەریاییەکەیان هێنا، بەڵام نەیدەویست ببینە شاهیدی قەیرانێکی ئابووری، بۆیە ئەم رێککەوتنەی ئیمزا کرد بۆ ئەوەی رێگری لە کارەساتێکی ئابوری گەورە بکات.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە لە لوتکەی گروپی حەوت (G7)دا، وردەکارییەکانی رێککەوتنەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان تاوتوێ کردووە و ئەوانیش یەکجار دڵخۆشن بەم هەنگاوە، دوو رۆژی رابردووش دەرفەتێکی باش بووە بۆ قسەکردن لەگەڵ نزیکترین دۆستەکانی لەبارەی رێککەوتنەکەوە.
ترەمپ گەشبینی خۆی نیشانداوە، کە لەمەودوا سەرکردەکانی ئێران بە شێوازێکی تەواو جیاواز رەفتار دەکەن و ناگەڕێنەوە بۆ کارەکانی رابردویان و جەختی لەوە کردوەتەوە، ئەگەر دەستوەردانی ئەو نەبووایە، ئێران تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیلی لەناودەبرد.
سكرتێری گشتی ناتۆ رەتیكردەوە ئەمریكا دەستبەرداری ناتۆ بێت هەرچەندە ژمارەی سەربازەكانی لە ئەوروپا كەمدەكاتەوە.
مارك روتە سكرتێری گشتی پەیماننامەی ئەتڵەسی باكور (ناتۆ) رایگەیاند، ئەمریكا ژمارەی سەربازەكانی لە ئەوروپا كەمدەكاتەوە، بەڵام دەستبەرداری ناتۆ نابێت و واشنتۆن پابەندبوونەكانی خۆی بە جۆرێك داڕشتووە لەگەڵ مۆدێلی هێزەكانی ناتۆدا بگونجێت.
وتیشی، شوێنی ئێستای هێزەكانی ئەمریكا دەگۆڕێت و وڵاتانی ناوچەكەش رۆڵ و ئەركی خۆیان دیاری دەكەن و پێویستە ئەوروپا و كەنەدا بەرپرسیارێتی سەرەكیی بگرنە ئەستۆ و بەرگرییان بەهێز بكەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە حكومەتی ئەمریكا ژمارەی سەربازەكانی و پێداویستی جەنگی لە ئەوروپا كەمدەكاتەوە و تەنانەت فرۆكەی جەنگی و سیخوڕییەكان و درۆنەكانیش دەگرێتەوە.
کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ دوای 52 ساڵ گەڕاوەتەوە مۆندیال و یەکەم یاری بەرانبەر پرتوگال ئەنجام دەدات.
کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ یەکێکە لە هەڵبژاردە بەشدارەکانی مۆندیالی 2026 کە لە هەرسێ وڵاتی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت، ئەم هەڵبژاردەیە کۆتا مۆندیال کە بەشداری کرد ساڵی 1974 بوو.
لەوکاتەدا کۆنگۆ ناوی (زائیر) بوو، ئەمەش ویستی سەرۆکی وڵاتەکە بوو کە ناوی (مۆبوتو سێسێ سێکۆ) بوو، بە دیکتاتۆر دەناسرا و هەرچی بویستایە ئەنجامی دەدا.
ئەنجامەکانی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لە کۆتا مۆندیال هیچ باش نەبوون، ئەوەش بوو بووە هۆی توڕەبوونی سەرۆکی وڵات و دوای مۆندیالیش زۆربەی یاریزانەکان خۆری ژیانی وەرزشییان ئاوابوو.
لە یەکەم یاری مۆندیالدا، هەڵبژاردەکە بەرانبەر سکۆتلەندا بە ئەنجامی (2-0) شکستیهێنا، لە یاری دووەمیشدا بە ئەنجامی (9-0) بەرانبەر یوگۆسلاڤیا شکستیهێنا کە ئەمە یەکێکە لە ئەنجامە قورسەکانی مۆندیال، یاری سێهەمیش بە ئەنجامی (3-0) بەرانبەر بەڕازیل دۆڕا و ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.
کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لە مۆندیالی 1974، هیچ خالێکی بەدەستنەهێنا و هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکرد، لە بەرانبەردا 14 گۆڵی لێ تۆمارکرا.
دوای 52 ساڵ، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ گەڕاوەتەوە مۆندیال و لە کۆمەڵەی (پرتوگال – کۆڵۆمبیا – ئۆزباکستان)دایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی 6ـی 2026، هەڵبژاردەی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، لە یەکەم یاری خۆیدا لە مۆندیالی ئەمسال، سەعات 8ـی شەو بەکاتی هەرێمی کوردستان روبەڕوی هەڵبژاردەی پرتوگال دەبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەم دواییەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران، هیچ پابەندییەکی دارایی ناخاتە سەر واشنتۆن بۆ پێدانی پارە بە تاران.
هاوکات جەختیشی کردەوە کە واشنتۆن توانای یاسایی نییە رێگری لە لایەنە نێودەوڵەتییەکانی تر بکات بۆ وەبەرهێنان لە ناوخۆی ئێراندا.
ترەمپ رونیکردەوە کە رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران گرنگییەکی ستراتیژی گەورەی هەیە، چونکە رێگریی دەکات لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە دەرئەنجامە ئابوورییەکانیش، ئاماژەی بەوە کرد کە راگەیاندنی ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، بووەتە هۆی دابەزینی راستەوخۆ و دەستبەجێی نرخەکانی نەوت، هاوکات هاوکار بووە لە بەرزبوونەوەی پێوەرەکانی بازاڕ و دابەزینی نرخی سووتەمەنی.
لەسەر ئاستی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتی، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە گەروی هورمز بەشێکی کراوەتەوە و پێشبینیشی کرد لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا هاتوچۆ تێیدا بە تەواوی دەستپێبکاتەوە.
لە چوارچێوەی لێدوانەکانیدا لەسەر سیاسەتی دەرەوە، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی گەمارۆدانی سەر ئێران کاریگەر بووە، هاوکات هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و رایگەیاند: ئەگەر ئێرانییەکان بە باشی رەفتار نەکەن، ئەوا دەست دەکەینەوە بە باراندنی بۆمب بەسەر سەریاندا.
ترەمپ رەخنەی توندی لە ئیدارەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا گرت و لایەنی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی لە سەردەمی ئۆبامادا فێڵیان لە ئەمریکا کردووە و ملیاران دۆلاریان دەستکەوتووە.
بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی "بلومبێرگ"ی ئەمریکی، چاوەڕوان دەکرێت لە 19ـی حوزەیراندا، ئەمریکا و ئێران بە شێوەیەکی رەسمی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە وڵاتی سویسرا ئیمزا بکەن. ئەم هەنگاوەش رێگە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی چڕوپڕی 60 رۆژە بە مەبەستی کۆتایهێنانی یەکجارەکی بە جەنگی نێوانیان و سەپاندنی سنوردارکردنی توند و نوێ بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا.
میدیا ئەمریکییەکە دەقی رەشنووسی یاداشتنامەکەی بڵاوکردووەتەوە کە لە 14 خاڵی سەرەکی پێکهاتووە.
خاڵەکانی رەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتۆن و تاران:
یەکەم، راگرتنی دەستبەجێی شەر: بە ئیمزاکردنی ئەم یاداشتە، ئێران و ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە جەنگی ئێستادا، راگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی شەڕ لە سەرجەم بەرەکانی رووبەڕووبوونەوە، بە لوبنانیشەوە، رادەگەیەنن، هەردوولا بەڵێندەدەن هیچ کارێکی دوژمنکارانە دژ بە یەکتر ئەنجام نەدەن و خۆیان لە هەڕەشەکردن یان بەکارهێنانی هێز بەدوور بگرن.
دووەم، رێزگرتن لە سەروەریی خاک: ئەمریکا و ئێران پابەند دەبن بە رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی یەکتر، و خۆیان لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر دەپارێزن.
سێهەم، مۆڵەتی گفتوگۆکان: هەردوولا بەڵێندەدەن لە ماوەی بەرزترینیدا کە 60 رۆژە بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەم ماوەیەش بە رەزامەندی هەردوولا ئەگەری درێژکردنەوەی هەیە.
چوارەم، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و کشانەوەی هێزەکان: دەستبەجێ دوای ئیمزاکردنی یاداشتەکە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەر ئێران هەڵدەگرێت و رێگری لە هەر ئاستەنگێک دەکات، بە جۆرێک لە ماوەی 30 رۆژدا هاتوچۆی دەریایی بۆ رەوشی ئاسایی پێش جەنگ دەگەڕێتەوە، هەروەها ئەمریکا پابەند دەبێت بە کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچە نزیکەکان لە ماوەی 30 رۆژدا دوای رێککەوتنی کۆتایی.
پێنجەم، ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە کەنداو: ئێران دەستبەجێ رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوەوە بۆ دەریای عومان و بەپێچەوانەشەوە لە ماوەی 30 رۆژدا، ئەمەش لەگەڵ پاککردنەوەی مینەکان و لادانی ئاستەنگە تەکنیکییەکان لەلایەن تارانەوە.
شەشەم، پلانێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران: واشنتۆن بە هاوکاری هاوبەشە هەرێمییەکانی، پلانێکی گشتگیر و پەسەندکراو لەلایەن هەردوولاوە بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابوری ئێران دادەنێت، بە گرەنتی تەرخانکردنی بودجەیەک کە لە 300 ملیار دۆلار کەمتر نەبێت.
حەوتەم، هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە کۆتایهێنان بە سەرجەم جۆرەکانی سزای سەر ئێران (سزای یەک لایەنە، سەرەکی و لاوەکی)، بەپێی خشتەیەکی زەمەنی کە لە رێککەوتنی کۆتاییدا دیاری دەکرێت، لەوانەش بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.
هەشتەم، بەرنامە ئەتۆمییەکە: ئێران دووبارە جەخت دەکاتەوە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت، چارەنووسی مادە پیتێنراوەکان و سەرجەم دۆسیە ئەتۆمییەکانی تر لە رێککەوتنی کۆتاییدا یەکلایی دەکرێنەوە.
نۆیەم، تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی: رەوشی ئێستا وەک خۆی دەمێنێتەوە؛ ئێران پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی نادات و ئەمریکاش چیدی سزای نوێ ناسەپێنێت و هێزەکانی لە ناوچەکەدا زیاد ناکات.
دەیەم، ئاسانکاری بۆ هەناردەی نەوتی ئێران: لە دوای ئیمزاکردنی یاداشتەکەوە تا کاتی هەڵگرتنی سزاکان، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بڕیاری تایبەت بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران، بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان و سەرجەم خزمەتگوزارییە بانکی و گواستنەوەکان دەردەکات.
یانزەیەم، ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان: ئەمریکا بەڵێندەدەن سەرجەم سەرچاوە دارایی و داراییە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکات بۆ ئەوەی بە تەواوی لەلایەن بانکی ناوەندی ئێرانەوە بەکاربهێنرێن.
دوانزەیەم، میکانیزمی چاودێری: هەردوولا رێکدەکەون لەسەر دروستکردنی میکانیزمێکی جێبەجێکردن بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی رێککەوتنی کۆتایی.
سیانزەیەم، قۆناغی گفتوگۆی کۆتایی: دوای وەرگرتنی گرەنتی لەسەر دەستپێکردنی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ( 4،5،10،11) ، ئەمریکا و ئێران دەچنە قۆناغی گفتوگۆ تەنها بۆ یەکلاییکردنەوەی خاڵەکانی دیکەی رێککەوتنی کۆتایی.
چواردەیەم و کۆتایی، پەسەندکردنی نێودەوڵەتی: رێککەوتنی کۆتایی لە رێگەی بڕیارێکی پابەندکەرەوە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند دەکرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
گروپی حەوت رایانگەیاند، رێككەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران رێگری لە ئێران دەكات ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
گروپی حەوت 'جی 7" لە راگەیەنراوی كۆتاییدا جەختیان لەوە كردەوە، ئامانج لە رێككەوتنی نێوان ئەمریكا و ئێران، رێگریكردنە لە تاران لە بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی، هەروەها ئاماژە بە پێویستی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە موشەكییەكانی ئێران كراوە، هەروەها جەخت لەوە كراوەتەوە كە ئازادی هاتوچۆی دەریایی و مافی تێپەڕبوونی بێ بەربەست، بەردی بناغەی بازرگانی نێودەوڵەتین.
هەر لەراگەیەنراوەكەدا كۆمەڵەكەدا هاتووە، بەریتانیا، فەرەنسا و وڵاتانی تر بەشدار دەبن لە پاراستنی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز، هاوكات لەگەڵ پشكنین و پاككردنەوەی ناوچەكە لە مین بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی ئەم رێڕەوە ئاوییە گرنگە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، گروپی حەوت پشتگیری خۆی بۆ راگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە لوبنان و هەوڵەكانی سەركردایەتی لوبنان بۆ داماڵینی چەكی حزبوڵا دەربڕیوە.
لە لایەكی تریشەوە، ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی گروپی حەوت جەختیانكردووەتەوە لەسەر چڕتر كردنەوەی هەوڵەكانیان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆكراین، ئەوەش لە رێگەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیادا.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بەڵێنیدا تەواوی لێکتێگەیشتنی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێراندا لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاشکرا دەکات، ئاماژەی بەوەشکردوە دەیەوێت تەواوی خاڵی رێککەوتنەکە وشە بە وشە بۆ میدیاکان بخوێنێتەوە.
ئەمرۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە پەراویزی لوتکەی ((G7لە فەرەنسا لە میانی دیداری لەگەڵ محەمەد بن زایدی سەرۆکی ئیمارات رایگەیاند، چاوەڕێکی کاتێکی گونجاو دەکات بۆ ئاشکراکردنی دەقی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردوە، هیچ کێشيیەکی لەگەڵ ئاشکراکردنی رێککەوتنەکەدا نییە، رێککەوتنەکە گەورەیە و کۆتا دێڕی بریتییە لەوەی " ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت".
ئەم قسانی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە یاداشتنامەی رێککەوتەنەکی بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئیمزاکرد، بەڵام هێشتا دەقی تەواوی بڵاونەکراوەتەوە و تەنانەت ئەندامانی کۆنگرێس و سەرکردەکانی جیهانیش بە تەواوی نەیانخوێندووەتەوە.
لای خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی پشتڕاست کردوەتەوە، رێککەوتنی واشنتۆن و تاران رۆژی هەینی لە ناوچەی گەشتیاری بورگنستۆکی سویسرا ئیمزا دەکرێت.
کییەر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، یۆرانیۆمی پیتێندراو دەدەنە ئۆكراین و سزای نوێش بەسەر روسیادا دەسەپێنن.
لە راگەیەندراوێكدا ستارمەر ئیدانەی ئەو بۆردوومانانەی روسیای كردووە كە دەیكاتە سەر ئۆكراین و رایگەیاند، لەندەن هەنگاوەكانی جدیتر دەكات و ئەو سەرچاوانەش وشك دەكات كە شەڕەكەی ڤلادمیر پوتن سەرۆكی روسیا پارەدار دەكەن، جەختیشیكردەوە، وزە بۆ وەرزی زستانی داهاتوو بۆ ئۆكراین دابین دەكەن.
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا راشیگەیاند، رێگە بە كۆمپانیای ئۆرینكۆی بەریتانی دەدات یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ كۆمپانیای ئینەرگۆئەتۆمی ئۆكراین دابین بكات، كە بەرهەمهێنەری كارەبای ئەتۆمی ئەو وڵاتەیە.
ستارمەر جەختیشی لە بەردەوامی هاوكارییەكانی وڵاتەكەی كردەوە و رایگەیاند، لەگەڵ ئۆكراین دەمێننەوە تا ئەو كاتەی پێویست بێت.
سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە لە سویسرا، گەروی هورمز بە تەواوی دەكرێتەوە و پەیوەندییەکی باشیشیان لەگەڵ ئێران دەوێت کە ببێتە مایەی قازانج بۆ هەموو لایەک.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا فەڕەنسیەكەی وتی، 19ی ئەم مانگە دوای تەواوبوونی پرۆسەی لابردنی مینە دەریاییەكان، گەروی هورمز بەبێ وەرگرتنی رسوومات دەكرێتەوە و بە تەواوی دەكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆك بەشداری لە رێوڕەسمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە دەكات لە سویسرا.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش كرد، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئێران دەوێت كە ببێتە مایەی قازانج بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوەش كرد، ئێران رازی بووە چەكی ئەتۆمی نەبێت و بۆ كێشەی لوبنانیش لەگەڵ ئیسرائیل گفتوگۆ دەكەن.
دوپاتیشیكردەوە، ئێستا سەركردایەتییەكی ژیر لە ئێراندا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا رێككەوتنی ئێستا لەگەڵ ئێران جیاوازە لە رێككەوتنە خراپەكەی ئۆباما.
جێگری سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرایدەكات، دەقی رێككەوتنەكەی نێوان واشنتۆن و تاران لەم هەفتەیەدا بڵاودەكرێتەوە و دوپاتیشیدەكاتەوە، رێككەوتنەكە رێگرییەكی درێژخایەنە بۆ ئەوەی ئێران هەرگیز چەكی ئەتۆمی بەدەستنەهێنێت.
جەی دی ڤانس، بە كەناڵی سی ئێن بی سی راگەیاند، هیوایان هەیە دەقی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ ئێران لەم هەفتەیەدا بڵاوبكرێتەوە، پێشیوایە ئیسرائیل لەكۆتاییدا رێككەوتنەكە هەر قبوڵ بكات.
ئاماژەی بەوەش كرد، چاوەڕوان دەكرێت لەكاتی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئێران و چەند نوێنەرێكی تری ئەو وڵاتە ئامادە بن.
رونیشیكردەوە، پابەندییەكی درێژخایەن هەیە كە زامنی ئەوە دەكات ئێران هەرگیز چەكی ئەتۆمی پەرە پێ نەدات یان بەدەستی نەهێنێت، هەروەها، بێبەش دەبێت لە سوودبینین لە هەر بڕە پارەیەك بۆ بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی.
ڤانس وتیشی، ئەمریكا چاوەڕوان دەكات گەرووی هورمز لە دوورمەودادا بەبێ هیچ باج و رسوماتێك بكرێتەوە، ئەوەش یەكێكە لەو بابەتانەی لە دانوستانە تەكنیكییەكاندا باسی دەكەن.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ناتانیاهۆ کەسێکی سەختە و هێندەی نەمابوو بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان رێکەوتنەکەیان لێ تێکبدات، ئاماژەی بەوەشکردوە ئەگەر ئەمریکا نەبوایە ئێران ئێستا خاوەنی چەکی ئەتۆمی بوو.
دوناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دوای راگەیاندنی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاراندا، رایگەیاند بڕیارەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و دواتر سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئەو وڵاتەدا رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە قازانجی ئەمریکا گۆڕیوە.
لە چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی شی جین پینگی سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیای کردوە بۆ هاوکارییەکانیان لەم رێککەوتنەدا.
لە بەرانبەردا، بە توندی رەخنەی لە بنیامین نەتانیاهۆ گرتوە و وتویەتی؛ هێرشەکانی ئەو خەریک بوو ببێتە هۆی تێکچوونی رێککەوتنی کۆتایی.
دۆناڵد ترمپ بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاندوە، ناتانیاهۆ ئەو کەسێکی سەخت و دژوارە، لە راستیدا دەبێت زۆر سوپاسگوزاری ئەوان بێت، چونکە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبوایە، ئیسرائیل تەنانەت دوو سەعاتیش بەرگەی نەدەگرت.
روسیا ئامادەیی دەربڕێت هاوكاری ئێران بكات لە نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارە مێژووییە زیانلێكەوتووەكان بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە.
حوجەتوڵا ئەیوبی سەرۆكی ناوەندی كاروباری نێودەوڵەتی لە وەزارەتی میراتی كلتووری ئێران رایگەیاند، لە پەراوێزی كۆڕبەندی نێودەوڵەتی گەشتیاریی لە روسیا، لێپرسراوانی مۆسكۆ ئامادەیی تەواویان نیشانداوە بۆ بەشداریكردن لە نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنەوارە مێژووییانەی ئێران كە بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە زیانیان پێگەیشتووە.
وتیشی، بڕیارە بەمزوانە چەند تیمێكی پسپۆڕی روسیا سەردانی ئێران بكەن و لە چەندین روەوە هاوكاری و راوێژ پێشكەشی تاران بكەن بۆ زوو ئاساییبوونەوەی رەوشی گشتیی لە ئێران.
سەرۆكی ناوەندی كاروباری نێودەوڵەتی لە وەزارەتی میراتی كلتووری ئێران باسی لەوەشكرد، هەر لە پەراوێزی ئەو كۆڕبەندەدا هەردوولا پلانی هاوكاریی گەشتیاریی تاران-مۆسكۆیان بۆ ساڵانی 2026 تا 2028 ئیمزا كردووە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لە ماوەكانی رابردوودا، بەهۆی شەڕەوە، بەلایەنی كەمەوە 56 مۆزەخانە و مۆنۆمێنتی مێژوویی لە چەندین پارێزگا بەهۆی شەڕەكەوە زیانی زۆریان بەركەوتووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین بڵاوکراوەیدا لە تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی: ئەم هێرشەی کۆتایی ئیسرائیل بۆسەر بەیروت، نەدەبووایە بکرابایە.
لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، وڵاتەکەی و ئێران زۆر نزیکن لە گەشتن رێککەوتنێک کە ئاشتی باو ناوچەکە و لوبنانیش دەهێنێت، بۆیە نەدەبووایە نە حزبوڵا هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل و نە بەپێچەوانەشەوە.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، لەمەودوا بە هیچ شێوەیەک نابێت تەلئەبیب هێرشبکاتە سەر لوبنان، بەڵام لە بەرانبەریشدا نابێت حزبوڵا هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل.
لە کۆتاییشدا نووسیویەتی: نزیکین لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن، ئەمەش دەکرێت ببێتە سەرەتای ئاشتییەکی درێژخایەن و جوان، با لەدەستی نەدەین.
بڵاوکراوەکەی سەرۆکی ئەمریکاش دوای ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابردوودا حزبوڵا هێرشی کردبووە سەر ئیسرائیل و سوپای ئەو وڵاتەش لە وەڵامدا، هێرشی ئاسمانی کردەسەر پێگە ئابورییەکانی ئەو گروپە چەکدارییە.
هاوکات لەگەڵ گەیشتنی وەفدێکی قەتەری بۆ تاران بە مەبەستی داڕشتنی کۆتا دەقی لێکگەیشتنەکان، لێپرسراوێکی باڵای ئێران ئاشکرایکرد، واشنتۆن لە چوارچێوەی رەشنووسی یاداشتی لێکگەیشتنەکەدا، رازی بووە بە کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاست بەرز لە ناوخۆی خاکەکەیان.
ئەو لێپرسراوە باڵایە ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە، میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا تاوتێ دەکرێت، هەروەها تاران بە رەسمی رازی بووە کە بەپێی رێککەوتنەکە چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت و نەبێتە خاوەنی.
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی خاڵەکانی رەشنووسی رێککەوتنەکە، ئێران دەستبەجێ گەروی هورمز بەروی سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکاندا دەکاتەوە، لە بەرانبەریشدا ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت.
ئەو لێپرسراوە باڵایەی ئێران راشیگەیاند، واشنتۆن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سزاکانی سەر نەوتی ئێران هەڵدەگرێت، ئەمەش رێگە بە تاران دەدات نەوتەکەی بفرۆشێت و دەستی بە داهاتەکەی بگات.
ئاشکراشیکرد، لایەنی ئەمریکی رازی بووە بە ئازادکردنی 25 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، کە گواستنەوەی نەختیی راستەوخۆ و هێڵە کریدیتە داراییەکان دەگرێتەوە.
ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، کە تاران ئامادە نییە، ئەمڕۆ یەکشەممە، هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ واشنتۆن ئیمزا بکات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی رێکەوتەکە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی لەدایکبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
"بەپێی سەرچاوەکان، تاران لە ترسی ئەوەی ترەمپ ئەم بۆنەیە بۆ مەرامی پڕوپاگەندە و ریکلامی میدیایی بەکاربهێنێت، ئەو بڕیارەی داوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەندێک لە چاودێران پێیان وایە پێداگریی ترەمپ لەسەر دیاریکردنی ئەمڕۆ بۆ وادەی ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، ئامانج لێی گۆڕینی ئەم روداوە سیاسییە نێودەوڵەتییەیە بۆ دەستکەوتێکی کەسی و پڕوپاگەندەی میدیایی کە هاوکات بێت لەگەڵ رۆژی لەدایکبوونی خۆیدا.