رۆیتەرز ئاشکرایکرد، ترەمپ سورە لەسەر رێککەوتن لەگەڵ ئێران و لێپرسراوانی ئیسرائیل گەشبین نین

ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری سێ لێپرسراوی باڵای ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری کۆتایی داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، بەڵام پێناچێت تاران بە هەموو مەرجەکانی واشنتن رازی بێت.

دۆناڵد ترەمپ رۆژی دووشەممە رایگەیاند ، ئێران خواستی جدی هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و ئاشکرایکرد، دانوستانی سەرەتایی لە شەوی شەممەوە دەستی پێکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، سێ لێپرسراوەکەی باڵاکەی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوەکردووە، زۆر ئەستەمە تاران مەرجەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ قبوڵ بکات، سەرەڕای ئارەزووی ترەمپ بۆ دیپلۆماسی.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، لێپرسراوانی ئێران پێشتر هەموو جۆرە دانوستانێکی راستەوخۆیان لەگەڵ واشنتۆن رەت کردبووەوە، بەڵام ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە "تاران رێککەوتنی دەوێت".