دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بەداخە چونکە زیانی بە مـوجتەبا خامـنەیی گەیاندوە و بریندارە بەهۆی هێرشەکانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد بۆ ئەوەی جیهان زیانی زیاتری بەرنەکەوێت جەنگەکەی راگرتوە.
دۆناڵد ترمپی سەرۆکی ئەمریکا بە پێگەی ئەکسیۆسی راگەیاند، درێژکردنەوەی جەنگەکە بۆ ئارامکردنەوەی لایەنە توندڕەوەکان دەکرا ببێتە هۆی پاشەکشەی جیهانی، پێشی وایە ئەوەی رویداوە لە ئێران گۆڕینی دەسەڵاتە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردوەتەوە، گەمارۆی دەریایی ئێران زیاتر لە جاران هۆکار بوو بۆ ئەوەی تاران بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و گەیشنن بە رێککەوتن دەکڕێت وەک خۆبەدەستەوەدانی ئێران سەیر بکرێت.
لەباەری رەوشی موجتەبا خامنەییشەوە، دۆناڵذ ترەمپ بە ئەکسیۆسی راگەیاندوە، بەداخە چونکە زیانی بە موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران گەیاندوە و بە سەختی بریندار، بەڵام ئەو کەسێکی زۆر بوێرە و جیاوازیشە لە باوکی.
باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا دوای جەنگی ئێران سەرەڕای بە فیڕۆدانی ملیارەها دۆلار لە رەوشێکی خراپتردایە.
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "تودەی شۆ" لە تۆڕی (NBC News)، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر بە راگەیاندنی ئاگربەست، رەخنەی توندی لە سیاستەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گرت.
ئۆباما رایگەیاند، ئەمریکا دوای جەنگی ئێران، ئێستا لە رەوشێکی خراپتردایە بە بەراورد بە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە لە مانگی شوباتدا.
ئۆباما ئاماژەی بەوەکردوە، رێککەوتنی ئەتۆمی (برجام)، کە دۆناڵد ترەمپ لێی کشایەوە ئێران رازی ببوو چەکی ئەتۆمی گەشە پێ نەدات، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنەکە کشایەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئێران توانای ئەتۆمیی زیاتر بەدەستبهێنێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە تێچووە قورسەکانی ئەو جەنگە کردوە و دەڵێت؛ ئێمە چوینەتە ناو جەنگێکەوە، کە ملیارەها دۆلاری تێدا خەرج کراوە و گوشارێکی یەکجار زۆرمان خستەوەتە سەر سوپای وڵاتەکەمان.
ئۆباما وتوشیەتی؛ لەم پێناوەدا کەسانی زۆر کوژران و ئێستاش وا دیارە رێک گەڕاوینەتەوە بۆ هەمان ئەو خاڵەی کە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە لێی بووین؛ بەو جیاوازییەی کە رەنگە ئێستا رەوشمان کەمێک خراپتریشبێت.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند کە وڵاتەکەی چاوپۆشی لە هیچ جۆرە هێرشێک ناکات کە سەربازەکانی بکاتە ئامانج، و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە حزبوڵا "باجێکی زۆر قورس" دەدات لە ئەنجامی هەر هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل.
نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای ئەو هێرشەی کە هێزەکانی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان کردە ئامانج، لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپادا کۆبوونەوەی راوێژکاری و هەڵسەنگاندنی ئەمنیی ئەنجامداوە، و رونیکردەوە کە فەرمانی بە سوپا کردووە بە توندی وەڵامی ئەو کارە بدەنەوە کە بە "پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربرست" وەسفی کرد.
باسی لەوەش کرد کە سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر نزیکەی 80 پێگەی سەر بە حزبوڵا، کە بە گوتەی خۆی - بووەتە هۆی کوژرانی دەیان چەکدار، جگە لەوەی بارەگایەکی سەرکردایەتی ئەو حزبەشیان لە ناوچەی بیقاع کردووەتە ئامانج.
نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە سوپا بەردەوام دەبێت لە جووڵەکانی بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل یان خاکەکەی، و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل هێزەکانی لە ناوچەی ئەمنیی باشووری لوبنان دەهێڵێتەوە تا ئەو کاتەی کە بە پێویستی بزانێت بۆ پاراستنی شارۆچکەکانی باکوور.
بەمزووانە مێشكی مرۆڤ دەبێتە گۆڕەپانی سەرەكی كارلێكە دیجیتاڵییەكان، ئەوەش دوای دەستپێشخەرییەكەی چین دێت بە خستنەبازاڕی چیپێكی نوێ بۆ یارمەتیدانی مرۆڤ لە بیركردنەوەو هاوسەنگگردنی دروون.
لە كاتێكدا جیهان چاوەڕێی هەنگاوە رەسمییەكانی داهاتووی كۆمپانیا گەورەكانی وەك ئەپڵ دەكات بۆ چوونە ناو بواری تەكنەلۆژیای چیپی مێشك، پێشهاتێكی كتوپڕ نەخشەی ئەم كێبڕكێیەی گۆڕی.
چین بە رەسمی رەزامەندی لەسەر بەجیهانییەكردنی یەكەم چیپی مێشكی بازرگانی لە جیهاندا بە ناوی نیۆ دەربڕی، بەمەش پێش كۆمپانیای نیورالینكی ئیلۆن مەسك و تەواوی ركابەرە رۆژئاواییەكانی تر كەوت.
ئەم هەنگاوە نوێیە رەوشێكی نوێ لە ململانێی تەكنەلۆژیا دروست دەكات كە تێیدا مێشكی مرۆڤ دەبێتە گۆڕەپانی سەرەكی كارلێكە دیجیتاڵییەكان.
پڕۆژەی ئەپڵ لەم بوارەدا، كە زیاتر لە چوارچێوەی توێژینەوە و داهێنانە تۆماركراوەكاندایە، ئامانجی دروستكردنی چیپێكی پێشكەوتووە كە بە شێوازی بێ نەشتەرگەریی قووڵ یان لە رێگەی هەستەوەرە دەرەكییە زیرەكەكانەوە كاربكات.
هێشتا هیچ بەروار و نرخێكی رەسمی بۆ بەرهەمەكەی ئەپڵ دیاری نەكراوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت تێچووی سەرەتایی گەیشتن بەم تەكنەلۆژیایە بگاتە هەزاران دۆلار.
لە لایەكی ترەوە، چیپی نیۆی چین كە لەلایەن زانكۆی تسینگهوا و كۆمپانیای نیوراكڵ تەكەنەلۆجییەوە پەرەی پێدراوە، فشارێكی زۆری خستووەتە سەر ركابەرە ئەمریكییەكان.
ئەم چیپە كە قەبارەی وەك دراوێكی كانزایی بچووكە، لەنێوان كەللەسەر و مێشكدا جێگیر دەكرێت بە بێ ئەوەی زیان بە شانەكانی مێشك بگەیەنێت، ئەمەش وایكردووە لە رووی سەلامەتییەوە پەسەندتر بێت.
ئەم تەكنەلۆژیایە لە پلەی یەكەمدا بۆ یارمەتیدانی ئەو نەخۆشانە پەرەی پێدراوە كە بەدەست ئیفلیجی یان پێكانەكانی دڕكە پەتكەوە گرفتارن، تا لە رێگەی شیكردنەوەی شەپۆلە دەمارییەكانەوە توانای جووڵە و پەیوەندییان بۆ بگەڕێتەوە.
ململانێی راستەقینە ئێستا تەنها لەسەر چارەسەری پزیشكی نییە، بەڵكو لەسەر بازاڕێكی گەورەیە كە بەپێی پێشبینییەكان تا ساڵی 2035 قەبارەكەی دەگاتە 1.7 ملیار دۆلار.
ئەم گەشە خێرایە لەكاتێكدایە كە مەترسییەكانی وەك هاككردنی داتا دەمارییەكان و سەرپێچیكردنی تایبەتمەندییە هەرە هەستیارەكانی مرۆڤ بوونەتە جێگەی بایەخی ناوەندە زانستییەكان.
كۆمپانیا جیهانییەكان ئێستا لە پێشبڕكێیەكی تونددان بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كام تەكنەلۆجیا سەلامەتتر و كاراترە بۆ بەرزكردنەوەی توانای دەروونی و هۆشیاری مرۆڤ لەم سەردەمە نوێیەدا.
بەجیهانیبوونی چیپی نیۆ و هەوڵە بەردەوامەكانی ئەپڵ و نیورالینك، ئاماژەن بۆ دەستپێكی سەردەمێكی نوێ كە تێیدا سنووری نێوان مرۆڤ و ئامێر بەرەو نەمان دەچێت.
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ هەینی داوای لە ئیسرائیل کرد پابەند بێت بە پرۆتۆکۆڵی ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا واژۆ کراوە، کە دەقەکەی لەسەر راگرتنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات، بە لوبنانیشەوە.
ژان نوێل بارۆ رایگەیاند: رێککەوتنەکە دەقەکەی لەسەر راگرتنی کارە دوژمنکارییەکان دەکات و پێویستە حکومەتی ئیسرائیل پابەندی بێت، بەتایبەتیش دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو فشارێکی پێویست بخاتە سەر حکومەتی ئیسرائیل بۆ جێبەجێکردنی ئەمە.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای زنجیرەیەک هێرشی نوێی ئاسمانیی ئیسرائیل دێن، کە لە کاتی شەودا ناوچەی "نەبتیە"یان لە باشووری لوبنان کردبووە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، دانوستانە پلان بۆ داڕێژراوەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ هەینی لە ناوچەی گەشتیاری بورگنستۆک بەڕێوەبچێت، ئەنجام نادرێت.
ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بە رەسمی ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەی ئێران وئەمریکا بە نێوەندگیر وڵاتانی راگەیاند، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت.
ئەم راگەیاندنە دوای ئەوە هات، کە وتەبێژی کۆشکی سپی هەر ئەمڕۆ رایگەیاند بوو، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس گەشتێکی پلان بۆ داڕێژراوی بۆ سویسرا هەڵوەشاندەوە، بەهۆکاری لۆجیستیکی، بۆ ئەوەی لەگەڵ دانوستانکارانی ئێران کۆببێتەوە و دەست بە دانوستانەکان بکات سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتۆن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکان گومانی لە قۆناغی داهاتووی دانوستانەکان دروست کردووە. تاران و واشنتۆن پێشتر رێککەوتنێکی کاتییان ئیمزا کردوە، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەروی هورمز بوو.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی لەبارەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دا و جەختی لەوە کردەوە کە دەستوەردانی کردووە بۆ رێگریکردن لە ئیسرائیل لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا، لە هەمان کاتدا رەخنەیەکی دەگمەن و نائاسایی ئاراستەی هاوپەیمانە ئیسرائیلییەکەی کرد.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی "ئەکسیۆس" رایگەیاند کە نەتانیاهۆ "باشە"، بەڵام لە دوایاندا وتی: "دەبوو هاوسەنگییەکەی بپارێزین، ئەمەش وەک ئاماژەیەک لەلایەن چاودێرانەوە لێکدرایەوە کە رەخنەیە لە شێوازی مامەڵەکردنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە رڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران.
ترەمپ دووپاتی کردەوە کە سەرکەوتوو بووە لە رێگریکردن لە ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان، و متمانەی خۆشی دەربڕی بەوەی کە تەلئەبیب پابەند دەبێت بەوەی واشنتۆن داوای دەکات و وتی: ئیسرائیل منیشی خۆشدەوێت.
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ ئێران، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکەوتنێکی سەربازیی رونی بەدەستهێناوە، و پێی وابوو ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە واشنتۆن سەپاندبووی، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە ناچارکردنی تاران بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە.
وتیشی: بەردەوامبوونی شەڕ بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە دەبووە هۆی داخرانی گەروی هورمز و پەککەوتنی پێدانی نەوتی جیهانی، ئەمەش ئابوری جیهانی بەرەو سستی و قەیران دەبرد.
کاتێکیش پرسیاری لێکرا کە ئایا شەڕەکە سنوورەکانی هێزی ئەمریکای دەرخستووە، ترەمپ ئەم تێڕوانینەی رەتکردەوە و وتی: هیچ سنوورێک نییە، من هێشتا ئەم وانەیەم فێر نەبووم.
هەروەها یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی لەگەڵ ئێران بە شتێک نیشان دا کە لە "خۆبەدەستەوەدانی بێمەرج" نزیکە، هەرچەندە رێککەوتنەکە بە رەسمی ئەم وەسفەی تێدا نەبووە.
کۆشکی سپی رایگەیاند، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گەشتەکەی بۆ سویسرا دواخستووە، کە بڕیار بوو رۆژی هەینی بە مەبەستی بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران ئەنجامی بدات، بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وتەبێژی کۆشکی سپی درەنگانی شەوی پێنجشەممە رایگەیاند: کاروباری لۆجیستی ئەم دانوستانانە بە هیچ شێوەیەک سادە یان پێشبینیکراو نەبوون.
تا ئێستا جێگری سەرۆک ئەمشەو بەڕێ ناکەوێت، وتیشی: بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەستپێکردنی گفتوگۆیە تەکنیکییەکانین لە زووترین کاتدا.
ڤانس رۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە ماوەی 60 رۆژی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە.
ناوبراو بە رۆژنامەنووسانی لە کۆشکی سپی راگەیاند: دەڵێم ماوەی 60 رۆژەکە ئەمڕۆ بە رەسمی دەستیپێکردووە، و ئەمڕۆش دەست بە ژماردنی پێچەوانە دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانە کۆتاییەکان مەرجەکانی تایبەت بە گەروی هورمز بۆ قۆناغی دوای 60 رۆژەکە دیاری دەکەن.
هەروەها رایگەیاند: لە چوارچێوەی رێککەوتنی کۆتاییدا، پێمان وایە ئێران نابێتە خاوەنی هیچ مووشەکێک کە هەڕەشە لە جیهان بکات، وتیشی: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کۆتایی هاتووە.
ڤانس جەختی لەوە کردەوە کە: ئێرانییەکان پێویستیان بە پارەیەکی زۆر دەبێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن پابەندە بە چەسپاندنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داواش لە سەرجەم لایەنەکان دەکات دەرفەت بدەن بە سەرکەوتنی پرۆسەی دانوستانەکان، هاوكات پێشبینی راگرتنی گشتگیری شەڕ دەکات لە هەموو بەرەکاندا.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ هێنانەدی ئارامی، و داوای لە تەواوی هێزەکان کرد کە پابەندبن بە دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ ئەوەی دانوستانەکان "بە جوانی بەڕێوەبچن".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە لایەنی ئابوری رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان کرد و رایگەیاند: "بازاڕەکان دڵخۆشن بەوەی کە رودەدات؛ نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەهای پشکەکانی بۆرسەش رویان لە بەرزبوونەوەی پێوانەیی کردووە."
ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوای خواست کۆتایی بە گرژییە سەربازییەکان بهێنرێت و ئەوەی خستەڕوو: "ئێمە چاوەڕوانی ئاگربەستێکی تەواوەتی و گشتگیر دەکەین لەسەرجەم بەرەکاندا، بە تایبەتی لە نێوان لوبنان، حزبوڵا و ئیسرائیل."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنی وادەی کۆبوونەوە و دانوستانە چڕەکانی لەگەڵ تاران بۆ ماوەی 60 ڕۆژ راگەیاند و هۆشداریش دەداتە لێپرسراوانی ئێران کە ئەگەر رەفتارەکانیان نەگۆڕن، واشنتۆن پەنا بۆ بژاردەی تر دەبات.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکیڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، قۆناغی دانوستانەکان کە 60 رۆژ دەخایەنێت بە رەسمی دەستیپێکردووە.
رونیشیکردەوە، شێوازی مامەڵەکردنی ئیدارەکەی ترەمپ لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا، بە تەواوی جیاوازە لەو رێککەوتنەی کە لە سەردەمی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا ئیمزا کرابوو.
ڤانس جەختی لەوە کردەوە، لە چوارچێوەی هەر رێککەوتنێکی کۆتاییدا، بەهیچ شێوەیەک رێگە نادرێت ئێران ببێتە خاوەنی موشەک، هاوکات داوای لە تاران کرد کە پابەندی بەڵێنەکانی بێت بۆ لەناوبردن و رزگاربوون لە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، وەرگێڕانی فارسی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بە تەواوی لەگەڵ دەقە ئینگلیزییەکەیدا یەکدەگرێتەوە، دەشڵێت؛ گەشتەکەی بۆ سویسرا بەستراوەتەوە بە کاتی گەیشتنی وەفدی ئێرانی، و پێشبینی دەکرێت رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بێت.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی توندی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی تاران کرد و رایگەیاند: "ئەگەر ئێران رەفتار و سیاسەتەکانی خۆی نەگۆڕێت، ئەوا ئەمریکا پەنا بۆ رێگەی تر دەبات،" دووپاتیشی کردەوە کە وڵاتەکەی لەژێر هەر بارودۆخێکدا بێت، لەم کێشمەکێشەدا سەرکەوتوو دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا شانازی بە دەستکەوتە ئابوری و ئەمنییەکانی وڵاتەکەیەوە دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەمریکا لە ئێستادا لە پێگەیەکی بەهێز و رێزلێگیراودایە لەسەر ئاستی جیهان.
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نوسیوویەتی، بازاڕەکانی نەوت جێگیرن، ئابوری و بۆرسە لە بەرزبوونەوەی پێوانەییدان، و هەلی کار گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی لە کاتێکدا نرخەکان لە دابەزیندان و ژیان بۆ هاووڵاتییان گونجاوتر بووە.
سەبارەت بە ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" و بەمەش جیهان پارێزراوتر دەبێت.
ترەمپ راشیگەیاندووە، بازاڕەکانی پشک (بۆرسە) لەوپەڕی گەشەسەندندان و رێژەی بێکاری لە نزمترین ئاستدایە، هەروەها وڵاتەکەیان لە ئێستادا بەهێزتر، ئارامتر و رێزلێگیراوترە لە هەر کاتێکی تر.
سەرۆکی ئەمریکا پەیامەکەی بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش کۆتایی پێهێناوە و نووسیویەتی: "شایەنی نییە!".
لین جیان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، داوای لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کرد کە تێگەیشتنە هەڵەکانی خۆی بەرانبەر بە چین راست بکاتەوە، و دەستبەرداری هاندانی رووبەڕووبوونەوە و لۆمەکردنی لایەنەکانی تر بێت.
لین جیان، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوان و تۆمەتەکانی مارک روتە، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ، رایگەیاند: پێویستە هاوپەیمانی ناتۆ تێگەیشتنە هەڵەکانی بەرانبەر بە چین راست بکاتەوە، لە ئیستفزازکردنی رووبەڕووبوونەوە سەرکوت بکات، و واز لە گۆڕینەوەی تۆمەتەکان بهێنێت.
وتەبێژی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەش کرد کە: هاوپەیمانێتییەکە پێویستی بەوەیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێداچوونەوە بە رۆڵ و کاریگەرییەکانی خۆیدا بکاتەوە، وەک بەرهەمێکی سەردەمی شەڕی سارد لەسەر ئاشتی و سەقامگیری لە جیهانی هاوچەرخدا.
پێشتر مارک روتە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "گاردیان" رایگەیاندبوو کە ناتۆ بە بەردەوامی و لە نزیکەوە چاودێری هاوکارییە سەربازییەکانی چین بۆ روسیا دەکات، بە مەشقپێکردنی سەربازانیشەوە، کە لای خۆیەوە چین پێشتریش تۆمەتی هاوشێوەی رەتکردووەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، لەم دواییانەدا لین جیان لێدوانەکانی کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای بە "ناوزڕاندن" وەسف کرد، کاتێک رایگەیاندبوو کە چین مەشق بە هێزەکانی روسیا دەکات بۆ شەڕکردن لە ململانێی ئۆکرانیادا.
پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، رایگەیاند کە وەزارەتی بەرگری پێداچوونەوە بە دۆسیەی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکادا دەکات لە کیشوەری ئەوروپا، و هۆشداریشی دا کە هەندێک لە هاوپەیمانان لەم پێداچوونەوەیەدا "شکست دەهێنن".
هیگسێت لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی هاوپەیمانی "ناتۆ"دا رایگەیاند: ئەمڕۆ دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی پێداچوونەوەی شەش مانگی رادەگەیەنم سەبارەت بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی لە ئەوروپا. پێدەچێت شەش مانگ بخایەنێت، یان رەنگە کەمتر... ئەمەش بۆ مسۆگەرکردنی جووڵەی خێرای هاوپەیمانی ناتۆ دەبێت بەرەو سەرکردایەتیکردن لە ئەوروپا و بەهێزکردنی بەرپرسیارێتی هاوپەیمانێتییەکە لە پاراستنی ناوچەکە، هاوکات بۆ دڵنیابوونەوە لە گونجانی هێزەکانمان لەگەڵ پێداویستییە جیهانییەکانی ئەمریکادا.
وتیشی: ئەمە تاقیکردنەوەیەکە کە هەندێک دەوڵەت تێیدا شکست دەهێنن، لە کاتێکدا دەوڵەتانی تر بە ئاسانی تێیدا سەردەکەون، لە کۆتاییدا، ئامانجی تاقیکردنەوەکە باشترکردنی پێکهاتەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا و بەهێزکردنی سیستەمی (ناتۆ 3.0)ە.
لە هەمان کاتدا، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە بەشدارییەکانی داهاتووی ئەمریکا لە ناتۆدا، بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەستراوەتەوە بەوەی کە چۆن وڵاتانی هاوپەیمانێتییەکە خەرجییە بەرگریی و سەربازییەکانی خۆیان زیاد دەکەن.
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی لەوە کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە سەبارەت بە پرسی ئێران بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە دەست بە کارکردن بکرێت.
گرۆسی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە لەسەر بنەمای یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە دەست بە کارکردن بکرێت لەگەڵ ئێران، و لەگەڵ تیمەکانی ئەمریکا و ئێران دابنیشین بۆ گرتنەبەری هەنگاوی کۆنکرێتی و کرداری.
سەبارەت بە رۆڵی ئاژانسەکە لە قۆناغی داهاتوودا، گرۆسی گوتی: ئێمە بەشداری لەو دانوستانانەدا دەکەین کە بڕیارە لە سویسرا لە نێوان واشنتۆن و تاراندا بەڕێوەبچێت، و رونیشیکردەوە کە: چەندین بژاردەی جیاواز لەبەردەستدا هەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێراندا.
سەبارەت بە گرنگی کات و لایەنی ئابوری، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە هۆشداری دا و رایگەیاند: ئەگەر تا کۆتایی مانگی حوزەیران گەروی هورمز نەکرێتەوە، ئەوا ئابوری جیهان دەچێتە ناو هێڵی سوورەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئۆکرانیا شەپۆلێک هێرشی بەربڵاوی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی مۆسکۆی پایتەختی روسیا ئەنجامدا، ئەمەش وەک بەردەوامییەک بۆ بەئامانجگرتنی کەرتی وزەی روسیا.
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ لە زنجیرە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تێلێگرام" رایگەیاند؛ سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی روبەڕووی 180درۆن بووەتەوە کە لە پایتەخت نزیک دەبوونەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەیەک لەو درۆنانە توانیویانە پاڵاوگەیەکی نەوت بپێکن لەو هێرشەدا کە بە هێرشێکی "مەزن و گەورە" وەسفی کرد. ئەمەش دووەمجارە لەم هەفتەیەدا کە ئەو پاڵاوگەیە دەکرێتە ئامانج.
لای خۆشییەوە، ئەندرێی ڤۆرۆبیۆف، پارێزگاری ناوچەی مۆسکۆ رایگەیاند، پاشماوەی یەکێک لە درۆنە تێکشکێنراوەکان بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ناوەندێکی بازرگانیدا لە باشوری رۆژهەڵاتی مۆسکۆ، هەروەها درۆنێکی تر کێشاوێتی بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا لە شاری "ژوکۆڤسکی"، کە زیانی بە بەشێک لە پەیژەی فریاکەوتنی باڵەخانەکە گەیاندووە.
ئیمزاکردنی دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران.
دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە:
بڕگەی 1: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان لەم شەڕە بەردەوامەدا، لە رێگەی ئیمزاکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنەوە، راگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکاندا (بە لوبنانیشەوە) رادەگەیەنن. لەمەودوا بەڵێن دەدەن کە دەستپێشخەری هیچ شەڕ و ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژ بە یەکتر نەکەن، و خۆیان بەدوور بگرن لە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز یان بەکارهێنانی دژ بە یەکتر، هاوکات گرەنتی سەلامەتی خاک و سەروەریی لوبنان دەکەن. رێککەوتنی کۆتاییش جەخت لەسەر راگرتنی هەمیشەیی شەڕ لە سەرجەم بەرەکاندا دەکاتەوە، بە بەرەی لوبنانیشەوە، لەگەڵ سەرجەم ئەو حوکمانەی تر کە لەم بڕگەیەدا هاتوون.
بڕگەی 2: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بەڵێن دەدەن کە رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکتر بگرن، و دەستوەرنەددەنە کاروباری ناوخۆیی لایەنەکەی ترەوە.
بڕگەی 3: ئەمریکا و ئێران پابەند دەبن بە دانوستان و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی زۆرترینی 60 رۆژدا، کە ئەم ماوەیەش بە رەزامەندی هەردوولا شایەنی درێژکردنەوەیە.
بڕگەی 4: دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست دەکات بە لابردنی گەمارۆ دەریاییەکانی و هەر جۆرە رێگری و ئاستەنگێک کە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، و لە ماوەی 30 رۆژدا گەمارۆ دەریاییەکە بە تەواوی کۆتایی پێدەهێنێت.
لەم ماوەیەدا، قەبارەی هاتوچۆی کەشتییەکان هاوتای ئەو رێژەیە دەبێت کە پێش شەڕەکە هەبووە، کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەگەڕێنرێتەوە دۆخی پێشوو، هەروەها ئەمریکا بەڵێن دەدات کە لە ماوەی 30 رۆژدا دوای رێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە دەوروبەری ئێران بکشێنێتەوە.
بڕگەی 5: لە کاتی واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنەدا، ئێران رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر و تەواوی هەوڵەکانی خۆی دەدات بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ وەرگرتنی رسوومات (باج)، تەنها بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، لە کەنداوی عەرەبییەوە بۆ دەریای عومان و بەپێچەوانەشەوە.
هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دەستبەجێ دەستپێدەکات، بە رەچاوکردنی پێویستی لابردنی ئاستەنگە تەکنیکی و سەربازییەکان و پاککردنەوەی مینەکان لەلایەن ئێرانەوە، ئەم هاتوچۆیە لە ماوەی 30 رۆژدا کارا دەکرێت.
ئێران دیالۆگ لەگەڵ سوڵتانییەتی عومان ئەنجام دەدات بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە دەریاییەکانی داهاتوو لە گەرووی هورمز، بە راوێژ لەگەڵ وڵاتانی تری کەناراوەکانی کەنداوی عەرەبی، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان و مافە سەروەرییەکانی وڵاتانی هاوسنووری گەروی هورمز.
بڕگەی 6: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێن دەدات، بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان، پلانێکی کۆتایی هاوبەش دابڕێژێت کە بەهاکەی لە 300 ملیار دۆلاری ئەمریکی کەمتر نەبێت، بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری ئێران. میکانیزمی تایبەت بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە وەک بەشێک لە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا تەواو دەکرێت. ئەمریکا سەرجەم مۆڵەت، بەخشین و رێپێدانە داواکراوەکان بۆ ئەنجامدانی مامەڵە داراییە پەیوەندیدارەکان دەبەخشێت.
بڕگەی 7: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێن دەدات کۆتایی بە هەموو جۆرە سزایەکی سەپێنراو بەسەر ئێراندا بهێنێت، بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، و سەرجەم سزا تاکلایەنەکانی ئەمریکا (سەرەکی و لاوەکییەکان)، بەپێی خشتەیەکی زەمەنی رێککەوتووبەسەردا وەک بەشێک لە رێککەوتنی کۆتایی. ئێران و ئەمریکا داندەنێن بە گرنگیی باڵای پرسی کۆتایهێنان بەو سزایانەی سەرەوە، و خواستی خۆیان دەردەبڕن بۆ چارەسەرکردنی دەستبەجێی ئەم پرسانە لە دانوستانەکاندا بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوبەش.
بڕگەی 8: ئێران دووبارە جەخت دەکاتەوە کە ههوڵی بەدەستهێنان یان پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نادات، ئەمریکا و کۆماری ئێران رێککەوتوون لەسەر چارەسەرکردنی پرسی لەناوبردنی ماددە پیتێنراوە کۆگاکراوەکان، ئەمەش بە پشتبەستن بە میکانیزمێک کە لە نێوان هەردوولادا لەسەری رێککەوتن دەکرێت بەپێی ئەو خشتە زەمەنییەی لە بڕگەی 7دا هاتووە، بە مەرجێک کەمترین ئاستی ئەم میکانیزمە بریتی بێت لە کەمکردنەوەی پلەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە پێگەکەدا لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدا، هەروەها هەردوولا رێککەوتوون لەسەر تاوتوێکردنی پرسی پیتاندن و پرسە رێککەوتووەکانی تری پەیوەندیدار بە پێداویستییە ئەتۆمییەکانی ئێران، بە پشتبەستن بە چوارچێوەیەکی گونجاو کە لە رێککەوتنی کۆتاییدا لەسەری رێککەوتن دەکرێت، ئەمریکا و ئێران داندەنێن بە گرنگیی باڵای بابەتە ئەتۆمییەکانی سەرەوە، و خواستی خۆیان دەردەبڕن بۆ چارەسەرکردنی دەستبەجێی ئەم پرسانە لە دانوستانەکاندا بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش.
بڕگەی 9: تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئەمریکا و ئێران رێککەوتوون لەسەر هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی، ئێران دۆخی ئێستای بەرنامە ئەتۆمییەکەی وەک خۆی دەهێڵێتەوە، و ئەمریکاش هیچ سزایەکی نوێ ناسەپێنێت و هێزی زیادە لە ناوچەکەدا بڵاو ناکاتەوە.
بڕگەی 10: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێن دەدات کە دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە و تا کاتی کۆتایهاتنی سزاکان، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا مۆڵەتی بەخشین (ئەنجامدانی کار بەدەر لە سزا) بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێرانی، بەرهەمە پترۆڵییەکان، بەرهەمە لادراوەکان (المشتقات) و سەرجەم خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکانیان دەر بکات، بە مامەڵە بانکییەکان، دڵنیایی، گواستنەوە و هاوشێوەکانیانەوە.
بڕگەی 11: ئەمریکا بەڵێن دەدات کە دەستبەجێ دوای جێبەجێکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، پارە و داراییە بلۆککراوەکان یان سنووردارکراوەکانی سەر بە ئێران بۆ بەکارهێنانی تەواوەتی بەردەست بکات، ئەمریکا و ئێران بە شێوەیەکی هاوبەش لەسەر رێوشوێنەکانی ئازادکردنی ئەم پارانە لە کاتی دانوستانەکاندا رێکدەکەون، هەروەها پێویستە ئەم پارانە، چ لە هەژمارە ئەسڵییەکەیدا بمێننەوە یان بگوازرێنەوە، بە تەواوی بەردەست بن بۆ بەکارهێنان لە سەکردنی (پێدانی) شایستە داراییەکان بە هەر سودمەندێکی کۆتایی کە لەلایەن بانکی ناوەندی ئێرانەوە دیاری دەکرێت. ئەمریکا بەڵێن دەدات سەرجەم مۆڵەت و ڕێپێدانە پێویستەکان بۆ بەدیهێنانی ئەمە دەربکات.
بڕگەی 12: ئەمریکا و ئێران رێککەوتوون لەسەر دامەزراندنی میکانیزمێکی جێبەجێکردن بۆ چاودێریکردنی سەرکەوتنی جێبەجێکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە و پابەندبوونی داهاتوو بە رێککەوتنی کۆتاییەوە.
بڕگەی 13: دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، و بە مەرجی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی (1، 4،5، 10، 11) و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی ئەم رێوشوێنانە، ئەمریکا و ئێران دانوستانەکان دەستپێدەکەن سەبارەت بە رێککەوتنی کۆتایی تەنها بەو جۆرەی پەیوەندی بە بڕگەکانی تری ئەم یاداشتەوە هەیە.
بڕگەی 14: رێککەوتنی کۆتایی بە بڕیارێکی پابەندکەر لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە پەسەند دەکرێت.