واشنتن سێ ملیۆن دۆلار پاداشت دەداتە هەرکەسێک زانیاری لەسەر هێرشکارانی سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی لە عیراق بداتێ.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی پڕۆگرامی "پاداشت بۆ دادپەروەری" بڕی سێ ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دیاری کردووە بۆ هەرکەسێک کە زانیاریی ورد و دروست بدات لەسەر ئەو گروپە میلیشیایانەی هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر.

ئەم بڕیارەی واشنتۆن لە کاتێکدایە کە ناوچەی سەوز لە بەغداد و بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان رووبەڕووی هێرشی درۆنی و موشەکیی گروپە چەکدارە نایاساییەکان دەبنەوە.

وەزارەتی دەرەوە داوا لە هاووڵاتیانی عیراقی دەکات هاوکاربن لە ناسنامە و شوێنی ئەو کەسانەی کە ئاسایشی نێردە دیپلۆماسییەکان دەخەنە مەترسییەوە.

ئەو کەسانەی زانیارییان لایە دەتوانن لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی (واتسئەپ، تێلێگرام، یان سیگناڵ) پەیوەندی بە ژمارە تەرخانکراوەکانی پڕۆگرامی پاداشت بۆ دادپەروەرییەوە بکەن، و واشنتنیش جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی نهێنی و ناسنامەی سەرچاوەکان گەرەنتی کراوە.