جیهانجیهان

فڕۆكەیەك بە 20 سەرنشینەوە لە ویلایەتی تێنسی ئەمریكا كەوتە خوارەوە، بەڵام هیچ كەسێك تیایدا گیانی لەدەستنەدا.

پۆلیسی ویلایەتەكە بڵاویكردەوە، فڕۆكەكە بۆ گەشتی كورت و تایبەت لە فڕۆكەخانەی تولاهۆما بە 20 گەشتیار و پەڕەشوتەوانەوە بەڕێکەوتووە و دوای چەند خولەكێك لە شاری كوفی كەوتەخوارەوە.

هەروەها پۆلیس دەڵێت، بەهۆی نزمی فڕینەكەیەوە دووچاری كێشەی تەكنیكی بووەو بزوێنەرەكانی لە کار كەوتووە.

چوار سەرنشینی فڕۆكەكە رەوانەی نەخۆشخانە كراون كە دووانیان برینەكانیان قورسە.

فڕۆكەكە لە دروستكراوی كەنەدایەو بۆ گەشتی كورت بەكاردەهێنرێت، 20 سەرنشین دەگرێت و نرخەكەی حەوت ملیۆن دۆلارە، یەكێكە لە باوترین فڕۆكە بچووكەكان كە زیاتر بۆ وەرزشی پەڕەشوتەوانی بەكاردەهێنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی پێکدادانی پاسێکی خوێندکاران و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە مالیزیا، 15 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

تیمەکانی فریاگوزاری مالیزیا رایانگەیاند کە پاسی زانکۆکە لە ناوچەی جێرتیح لە ویلایەتی تێرێنگانوەوە بەرەو کەمپی سەرەکی زانکۆکە گەراوەتەوە.

بەرگری شارستانی مالیزیا لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، روداوەکە لە ناوچەی بانون رویداوە و تائێستا کۆی ژمارەی بریندارەکان گەیشتووەتە 48 کەس.

لە لێدوانەکەی بەرگری شارستانیتدا هاتووە، بەهۆی پێکدادانەکەوە پاسی خوێندکارەکان کەوتووەتە سەر لا و ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەش زیانی زۆری بەرکەوتووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەهۆی روداوەکەوە 15کەس گیانیان لەدەست داوە و ژمارەی بریندارەکانیش بۆ 48کەس بەرزبووەتەوە کە بەشێکی زۆریان خوێندکارن.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی  ئێران رایگەیاند سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران نایاساییە و پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتیەكانە.

ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سزا نوێكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران نایاسایی و پێشێلكردنی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەكانە، هەروەها بەڵگەن لەسەر دوژمنایەتی بەردەوامی حكومەتی ئەمریكا بەرامبەر بە گەلی ئێران.

وتیشی، گومانی تێدا نییە كە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران كە بە ئامانجی زیادكردنی فشارەكانە لەسەر ئێران، سزاكانی گەلی ئێران و زەوتكردنی مافەكانیانە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، كە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا سزای بەسەر 10 كەسایەتی و 27 كۆمپانیا ودامەزراوەدا سەپاند كە تایبەتن بە دابینكردنی لۆجیستی و پیشەسازی پترۆ كیمیایی و بازرگانی گشتی.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماوەی دوو رۆژە خۆپیشاندان لە ویلایەتی كالیفۆڕنیای ئەمریكا بەردەوامە دژی بەزۆر ناردنەوەی كۆچبەران.

دژی دەستگیركردنی 44 كۆچبەری نایاسایی لە شاری پارا ماونت لە ویلایەتی كالیفۆرنیا، خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەكان بەردەوامی هەیە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش بریاریداوە بە ناردنی 2000 هەزار پاسەوانی نیشتیمانی بۆ ئەو شارە.

تۆم هومان لێپرسراوەی ئاسایشی سنورەكانی ئەمریكا بە كەناڵی فۆكس نیوزی راگەیاندوە، لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن لە ناردنەوەی كۆچبەران بۆ وڵاتەكانیان.

شاری پاراماونت لە ویلایەتی كالیفۆرنیا لە 80٪ی دانیشتوانەكەی بە رەچەڵەك لاتینین و لە ماوەی هەفتەیەكیشدا 118 كۆچبەر لەو ویلایەتە دەستگیر كراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كاندیدێكی هەڵبژاردنەكانی كۆڵۆمبیا دەستڕێژی گوللـەی لێكرا، پۆلیسیش دەڵێت، مێرمنداڵێكی 15 ساڵان تەقەی لێكردووە.

میگێل ئوریبێ كاندیدێكی دیاری راستڕەوەكانی كۆڵۆمبیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە لە كاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژادنەكان تەقەی لێكرا و دوو گوللـە بەر سەری كەوت.

پۆلیسی وڵاتەكە دەڵێت، ئەو كەسەی تەقەی كردووە مێرمنداڵێكی 15 ساڵان بووە  و بە دەمانچە سێ گوللـەی بە  كاندیدەكەی سەرۆكایەتیی كۆڵۆمبیاوە ناوە.

گوتاڤۆ پێدرۆ سەرۆكی كۆڵۆمبیا رایگەیاند، تاوانەكە تەنها دژی كەسێك نییە، بەڵكو دژی دیموكراسی و ئازادی رادەربڕین و یاسای وڵاتەكەیە و وتی، 700 هەزار دۆلار وەكو خەڵات دیاریكردووە بۆ ئەو كەسەی پاڵنەری پشت تاوانەكە ئاشكرا بكات.

لای خۆیەوە ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئیدانەی هێرشەكەی كرد و بە تیرۆریستی و هەڕەشە بۆسەر دیموكراسی ناوبرد.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە شاری میونشنی ئەڵمانیا ژنێکی 30 ساڵ بە چەقۆ هێرشیکردە سەر چەند هاووڵاتییەک و بەهۆیەوە دە کەس بریندار بوون.

بەپێی زانیاری ئاژانسەکان، هێزەکانی پۆلیسی شارەکە ناچاربوون بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژنەکە تەقەبکەن و لە ئەنجامدا ژنەکە بریندار بوو. 

تائێستاش ئامانجی هێرشەکە دیارنیە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لە هۆکاری پشت روداوەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا یاسایەک دادەرێژێت کە سزای دارایی تا 500 هەزار روبڵ (نزیکەی 6365 دۆلار) لەسەر فرۆشتنی خواردنەوەی وزەبەخش بۆ منداڵان دادەنێت.

ئەم یاسایە بڕگەیەکی نوێ زیاد دەکات بۆ یاسای کارگێڕی کە سزای دارایی دیاری دەکات بۆ پێشێلکردنی ڕێسا و ڕێکارەکانی فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشیەکان لە روسیا.

سزاکان بریتین لە:

بۆ تاکەکان: سزای دارایی لە 30 هەزار (382 دۆلار) تا 50 هەزار روبڵ (636 دۆلار)

بۆ بەرپرسان: لە 100 هەزار (1273 دۆلار) تا 200هەزار ڕووبڵ (2546 دۆلار)

بۆ دامەزراوە یاساییەکان: لە 300 هەزار (3819 دۆلار) تا 500 هەزار روبڵ (6365 دۆلار)

پێشتر، سەرۆکی ئەنجومەنی دووما ڤیاچێسلاڤ ڤۆلۆدین ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەم بڕیارە درێژەدانێکە بۆ کاری یاسادانانی سیستەمی بۆ پاراستنی تەندروستی نەوە گەنجەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن ماسك، زنجیرەیەک لە تویتەکانی سڕییەوە کە تیایاندا سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپی تۆمەتبارکردبوو بە ئەوەی ناوی لە دۆسیەکانی جێفری ئێپستین دایە کە بە تاوانەکانی "بازرگانیی سێکسیی منداڵان"تاوانبارکراوە.

کاتێک هەوڵ دەدرێت دەستڕاگەیشتن بە یەکێک لەم تویتانە بکرێت، پەیامی "ئەم لاپەڕەیە بوونی نییە" بۆ بەکارهێنەران دەردەکەوێت، کە دڵنیایی لە سڕینەوەکە دەکاتەوە.

وردەکاری گرژی نێوان مەسک و ترەمپ:

لە رۆژی پێنجشەممەدا، مەسك لە سەعات 3:10ی پاش نیوەڕۆ بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا پۆستێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا بانگەشەی بەشداربوونی ترەمپی لە کێشەی ئێپستاین دەکرد، پاشان لە کاتژمێر 4:43ی پاش نیوەڕۆدا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە ترەمپی لە ئاهەنگێکدا لەگەڵ ئێپستاین نیشاندەدا.

وەڵامی کۆشکی سپی بۆ مەسک:

لەوەڵامی ئەم تۆمەتانەدا، کارۆلاین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی لە ئێوارەی پێنجشەممەدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا بانگەشەکانی مەسكی وەک "شتێکی بێبنەما" وەسفکرد.

لیڤیت لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی "سی ئێن ئێن" رونیکردەوە کە "ئەم روداوە ناڕەزایەتیی مەسك دەردەخات لە پڕۆژەی یاسای گەورە کە سیاسەتە دڵخوازەکانی لەخۆناگرێت، لەکاتێکدا سەرۆک سەرقاڵی پەسەندکردنی یاسا مێژووییەکانە کە شکۆ بۆ ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە".

دۆسییەکەی ئێپیستین چییە؟
 
جێفری ئێپستین سەرمایەدارێکی بەناوبانگی ئەمریکی بوو؛ بە تۆمەتی بازرگانیکردنی سێکسی بە منداڵان دەستگیر کرا و لە دوای ئەمە لە ساڵی 2019 لە زیندان خۆی کوشت، بەڵام خۆکوشتنەکەی بەهۆی ئەو هەموو بەڵگەنامەیەوە کە لە پاشی بەجێما، تەنیا وەک دەستپێکی زنجیرەیەک روداوی پێک پەیوەست دەبینرا، کە تێوەگلانی دەیان کەسایەتیی نێوداری جیهانی لە بازرگانییەکەی (بەمنداڵانەوە) خستە ژێر پرسیار.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەدا، هێزەکانی روسیا شارى خارکێڤ، دووەم گەورەترین شاری ئۆکراینیان بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆردوومان کرد، کە سەرۆکی شارەوانیی ئەم شارە دەڵێت لەوەتەی جەنگەکە دەستیپێکردووە بەم توندییە شارەکەی نەکراوەتە ئامانج.

لەم چەند هەفتەیەی دواییدا روسیا و ئۆکراین لەحاڵێکدان کە لە بواری دانوستاندا هەوڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئاشتی دەدەن، لە بەرەکانی جەنگیشدا هێرشە توندەکانیان بۆسەر یەکدی زیاتر کردووە.

ئیگۆر تیریخۆف، سەرۆکی شارەوانیی خارکێڤ لە راگەیاندنەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لەماوەی یەک کاتژمێر و نیوی بۆردوومانەکەدا زیاتر لە 40 تەقینەوە شارەکەی هەژاندووە.

هەروەها ناوچەی کیفسکیی نیشتەجێبوون کراوەتە ئامانج، کە ئەم هێرشانە بووەتەهۆی کوژرانی پێنج هاووڵاتی و برینداربوونی 17 کەسی دیکە.

لە هەڵوێستێکی پێشوودا، ڤیلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە هەفتەی رابردوودا بەڵێنیدابوو وەڵامی هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکراین بداتەوە کە چەندین فڕۆکەی سەربازیی روسیایان کردەئامانج و تێکیانشکاندن.

هەوڵەکانی ئاشتی و شکستی دانوستان

لە دانوستانەکانی ئاشتی کە لە رۆژی دووشەممەی رابردوو لە شاری ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، ئۆکراین داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و بێمەرجی بۆماوەی 30 رۆژ کردبوو و دوایین پێشنیازەکانی خۆی لەمبارەیەوە بە مۆسکۆ دابوو، بەڵام روسیا ئەم داواکارییانەی رەتکردووەتەوە.

لە بەرامبەردا، ئەلێکساندەر ساڤچوک وتەبێژی گروپی هێزەکانی ناوەندیی سوپای روسیا رایگەیاند کە لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 455 سەربازی ئۆکراین لە چەند هێرشێکدا کوشتووە.

هەروەها دەڵێت لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا توانیویانە 82 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی تێکبشکێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زیاتر لە دوو دەیە "گوگڵ" کورتە رێگایەکە بۆ دۆزینەوەی هەر شتێک بە شێوەی ئۆنلاین، ئەمەش رێگەی بە گوگڵ داوە، ئیمپراتۆریەتێکی 2 تریلیۆن دۆلاری دروست بکات.

بەڵام بڵاوبوونەوەی ChatGPT لە مانگی نۆڤەمبەری2022گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەخۆیەوە بینی و تا ئێستاش کاریگەرییەکانی هەست پێدەکرێن، بەجۆرێک زیاتر هەست بە بێ رۆڵی گوگڵ دەکرێت.

ئامرازەکانی چات لە کۆمپانیای OpenAI و کۆمپانیایەکی دەستپێشخەر بە ناوی Perplexity وەڵامی پێشوەختە پێشکەش دەکەن لەبری لیستی ماڵپەڕەکان، ئەمەش هاندەری بەکارهێنەران و هەندێک کۆمپانیای گەورەی تەکنەلۆژیایە بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ئێستا کام ئایکۆن لەسەر شاشەی سەرەکی دەردەکەون.

لە ڕاستیدا، Perplexity سەرنجێکی بەرچاوی بۆخۆی لەلایەن هەندێک لە گەورەترین کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیاوە راکێشاوە و ئەگەر ئەم گرێبەستانە سەرکەوتوو بن، ئەوا بەم زووانە دەتوانێت لەسەر شاشەی سەرەکی مۆبایلە زیرەکەکانت بە پێوەرێک دەربکەوێت کە بتوانێت پاڵنەر بنێت بۆ ئەوەی ببێتە گوگڵی داهاتوو.


گوگڵ پێبڕکێ لەگەڵ کات دەکات:

لە پشت پەردەوە گوگڵ پێشبڕکێ دەکات بۆ تێکەڵکردنی AI ی دروستکراوی خۆی لە بزوێنەری گەڕان، پێشبڕکێیەک کە لە دوای بڵاوبوونەوەی ChatGPTەوە ناچار بووە بەشداری تێدابکات، چونکە تێدەگات کە مامەڵەی دابەشکردن لەگەڵ رکابەرەکانی دەتوانێت لە شەوێکدا خووی بەکارهێنەر بگۆڕێت.


ئامارە سەرەتاییەکان لە ئێستاوە ئاماژە بە گۆڕانکاری لە ئاراستەی ئەوکەسانەدا دەکەن کە گوگڵ بەکاردەهێنن، شیکارییەکی بانکی ئەمریکا دەڵێت؛ کە لە تەواوی جیهان دا سەردانیکەران لە چاو ساڵی رابردودا بۆ گوگڵ زۆر کەمبووەتەوە، لە کاتێکدا سەردانەکان بۆ چاتجی پی تی لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا بە ڕێژەی 160% زیادی کردووە.

لێکۆڵینەوە جیاوازەکانی مۆرگان ستانلی ئاماژە بەوە دەکەن کە ChatGPT وەک هەڵبژاردەی پەسەندکراو بۆ نەوەی Z دەمێنێتەوە، و زۆرێک لەم نەوەیە هەرگیز تەنانەت بیر لە گەڕان لە گوگڵ ناکەنەوە.

سەرەتاکان و ئامارەکان لە ئێستادا بۆ گوگڵ دڵخۆشکەرنین و رەنگە 2025 وەک ساڵی مردنی گوگڵ، یان پاشەکشێیەکی زۆری ئەو کۆمپانیا جیهانیە بێت.




بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، چەند وڵاتێكی ئەوروپا نزیكن لە ئەنجامدانی هەڵەیەكی ستراتیژی، بەرپرسیارن لە هەر رەوشێكی نەخوازراو كە ئاڵۆزی دروست بكات. 

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس سەبارەت بە هەڵوێستی هەریەك لە بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە بەرانبەر دۆسیەی ئەتۆمی وڵاتەكەی رایگەیاندووە، ئەو وڵاتانە نزیكن لە ئەنجامدانی هەڵەیەكی ستراتیژی گەورە، بەرپرسیارێتی تەواویش لە هەر رەوشێكی نەخوازراو لە ئەستۆیاندایە كە ئاڵۆزی دروست بكات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئەو وڵاتانە لەبری ئەوەی بە نیاز پاكییەوە كارەكان بكەن، لە دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رێبازێكی لایەنگرییان لە دژی ئێران گرتوەتەبەر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كرملن وەڵامی دوایین لێدوانی سەرۆكی ئەمریكای دایەوە كە شەڕی سەرۆكی روسیا و سەرۆكی ئۆكراینی بە شەڕی نێوان دوو منداڵ بەراورد كردبوو.

دیمیتری پێسكۆڤ وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا-كرملن لەبارەی بەراوردكردنی جەنگی روسیا و ئۆكراین بە شەڕی منداڵان لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، دەكرێت ترەمپ بۆچوونی تایبەتی خۆی هەبێت سەبارەت بە رەوشی ئۆكراین، بەڵام بابەتەكە بۆ روسیا جیاوازە و پەیوەندیدارە بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و داهاتووی وڵاتەكە.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمریكا بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئۆكراین، روسیاش بۆ ئەوە سوپاسگوزارە و گرنگیشە لە رێگەی جۆراوجۆرەوە بەردەوام بێت لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا.

پێشتر ترەمپ شەڕی روسیا و ئۆكراینی بە شەڕی دوو منداڵ كە رقیان لە یەكترە بەراورد كرد و ئاماژەی بەوە دا، پێی وانییە ئەو دوو وڵاتە بیانەوێت رێككەوتن ئەنجام بدەن، پێشنیازیشی كرد، رێگە یان پێبدرێت بۆ ماوەیەك شەڕ بكەن و یەكتر لەناو ببەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسرائیل ئەمریكا دڵنیا دەكاتەوە تا دانوستانەكانیان لەگەڵ ئیران بە رەسمی شكست نەهێنن بە هیچ شێوەیك هێرش ناكەنە سەر تاران.

ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمریكی ئاشكرای كردووە، وەفدێكی ئیسرائیلی كە هەفتەی رابردوو سەردانی واشنتۆنیان كردبوو كە لە نێویاندا رۆن دێرمر وەزیری كاروباری ستراتیژی، دەیڤید بارنیا، بەڕێوەبەری مۆساد و تزاچی هانێگبی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل پەیامێكی دڵنیاكەرەوەیان گەیاندۆتە كۆشكی سپی، كە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران ناكانە ئامانج ، تا ئەو كاتەی بە رەسمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا شكیستهێنان دانوستانەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئێران رانەگەیەنێت.

لە چەند هەفتەی رابردوودا ئیدارەی ترەمپ نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی كە رەنگە ئیسرائیل ئامادەكاری بكات بۆ هێرشكردنە سەر ئێران لەكاتێكدا دانوستانەكان بەردەوامن.

هەر لەبەر ئەم هۆكارە، ترەمپ لە مانگی ئایاری رابردوودا رایگەیاندبوو كە هۆشداری داوەتە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی لە هەر هێرشێكی سەربازی بۆسەر تاران لە كاتی دانوستانەكاندا بەڵام ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر هەست بكات دانوستانەكان گەیشتوونەتە بنبەست، ئەوا دەتوانێت بە یەك پەیوەندی تەلەفۆنی بیرۆكەكەی بگۆڕێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی ئەمریكا پێشنیاز دەكات رێگە بدرێت روسیا و ئۆكراین بۆ ماوەیەك شەڕ بكەن و یەكتر لەناو ببەن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، هەرچەندە داوای لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا كردووە وەڵامی هێرشەكەی ئۆكراین بۆ سەر بنكە ئاسمانییەكان نەداتەوە، بەڵام رەنگە وا باشتر بێت رێگە بە روسیا و ئۆكراین بدرێت بۆ ماوەیەك شەڕ بكەن و دواتر جیا بكرێنەوە.

ترەمپ شەڕی روسیا و ئۆكراینی بە شەڕی دوو منداڵ كە رقیان لە یەكترە، بەراورد كرد و ئاماژەی بەوە دا، پێی وانییە ئەو دوو وڵاتە بیانەوێت رێككەوتن ئەنجام بدەن. هۆشداریشیدا، مەترسی سەپاندنی سزا بەسەر روسیا و ئۆكرایندا بە كراوەیی دەمێنێتەوە.

سەرۆكی ئەمریکا ئەوەشی خستەروو، كاتێك دەبینێت جەنگ ناوەستێت، زۆر توند و تیژ دەبێت و فشاری زیاتر دەخاتە سەر لایەنەكانی شەڕ بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە كوشتار.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی پەرەسەندنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان مەسک و ترەمپەوە، پشکەکانی تێسلا بەڕێژەی 8% دابەزینیان بەخۆوە بینی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە پشکی کۆمپانیای تێسلا بەڕێژەی 8% دابەزی، بەهۆی ئەو گفتوگۆیەوە کە لەبەردەم کۆنگرێسدا لە نێوان ئیلیۆن مەسک و دۆناڵد ترەمپ دا رویدا.

ئەم دابەزینە دوای ئەوە دێت کە پشکەکانی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە مانگی ئایاردا بە ڕێژەی 22% بەرزبووەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەی مەسک وەک سەرۆکی وەزارەتی کارایی حکومەتی ئیدارەی ترەمپ (DOGE) کۆتایی هات.

لە دوای لێدوانەکانی ترەمپ کە باسی لە بێهیوایی خۆی کرد لە مەسک، مەسک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: ئەگەر من نەبوومایە، ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا دەدۆڕا.

لە ئێستادا چاوەکان لەسەر پەیوەندی مەسک و ترەمپن و پێدەچێت ئیتر ئەو دوو هاوڕێیەی جاران نەمێنن کە هەبوون.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ  "نیگه‌رانی قوڵ"ی له‌ ڕه‌خنه‌كانی ئیلۆن مه‌سك له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گه‌وره‌ ده‌ربڕی و گومانی خۆی له‌ به‌رده‌وام بونی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ندترین کەسی جیهان ئاشكرا کرد.

تره‌مپ له‌ کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ رۆژنامه‌نوسان له‌ ئۆفیسی ئۆڤاڵ، له‌ کاتی پێشوازیکردنی له‌ فریدریش مێرز راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، وتی: "من و ئیلۆن مه‌سك په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌مان هه‌بوه‌، نازانم به‌رده‌وام ده‌بێت یان نا".

سه‌رۆكی ئه‌مریكا ناڕه‌زایه‌تی خۆی دەربڕی و وتی: "سه‌رسام بوم به‌و ره‌خنانه‌ی کە له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌مه‌ندترین كه‌سانی جیهانه‌وه‌ ئاراسته‌ی بودجه‌ كراوه‌، چه‌ند رۆژێك دوای ئه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی وه‌ك سه‌رۆكی كۆمسیۆنی كارایی حكومه‌تی ئیداره‌ی كۆمارییه‌كان به‌جێهێشت".

تره‌مپ بە دەنگێکی بەرز و پڕ له‌ سکاڵا وتی: "زۆر بێ هیوا بوم له‌ ئیلۆن مه‌سك، زۆر یارمه‌تیمدا، ئه‌و ورده‌كارییه‌كانی پڕۆژه‌ یاساكه‌ باشتر له‌ هه‌مو كه‌سێك ده‌زانێت، هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌كی نه‌بو به‌رامبه‌ر به‌و بابه‌ته‌، له‌ناكاو، كێشه‌یه‌كی هه‌بو و ته‌نها كاتێك خراپتر بو كه‌ زانیمان بڕیاره‌ ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی كه‌م بكه‌ینه‌وه‌".

وه‌ڵامی توندی مه‌سك بۆ ترەمپ:

چه‌ند خوله‌كێك دوای ئه‌م لێدوانه‌، ئیلۆن مه‌سك بە شێوازێکی راستەوخۆ وه‌ڵامی تره‌مپی دایه‌وه‌ و له‌ پۆستێكدا له‌ سه‌ر پلاتفۆرمی ئێكس نوسی: "تره‌مپ هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ هه‌رگیز جارێكیش نه‌خراوه‌ته‌ به‌رده‌مم، له‌ شه‌ودا ئه‌وه‌نده‌ به‌ خێرایی په‌سه‌ند كرا كه‌ كه‌س له‌ كۆنگرێس نه‌یتوانی بیخوێنێته‌وه‌".

ئه‌و ملیاردێره‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌ بانگهێشتی هاووڵاتیانی ئه‌مریكی كردبو فشار بخه‌نه‌ سه‌ر یاسادانه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ یاسای گه‌وره‌ی خه‌رجییه‌كانی تره‌مپ رەتبكه‌نه‌وه‌.

مەسک وتیشی؛ من نەبوومایە لە هەڵبژاردنەکاندا ترەمپ دەدۆڕا و نەدەبووە سەرۆکی ئەمریکا.

مه‌سك له‌ پۆستێكی تریشیدا نوسیبووی: "په‌یوه‌ندی به‌ سیناتۆره‌كه‌ته‌وه‌ بكه‌، په‌یوه‌ندی به‌ كۆنگرێسمانه‌كه‌ته‌وه‌ بكه‌، ئیفلاسكردنی ئه‌مریكا قبوڵ ناكرێت! په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ یاساكه‌ خۆكوژیه‌".

رەخنەکانی ئەو دوو هاوڕێیە لەیەک لە کاتێکدایە کە ماوەکانی پێشوو مەسک و ترەمپ، پێکەوە کاریان دەکرد و هەردوولا زۆر ستایشی یەکیان دەکرد بۆ هەنگاوەکانیان دژ بە گەندەڵی و کەمکردنەوەی بودجە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...137138139140141...641