ترەمپ: شیکاگۆ مەترسیدارترین شاری جیهانە
٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
سەرۆکی ئەمریکا شیکاگۆ بە مەترسیدارترین شاری جیهان ناودەبات و بەڵێن دەدات کێشەی تاوان لەو شارە چارەسەربکات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی لە شیکاگۆ ئەگەرێکی بەهێزە، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی تاوان لەو شارە.
وتیشی، شیکاگۆ مەترسیدارترین و خراپترین شاری جیهانە، لەئێستادا پێویستە بەخێرایی چارەسەری ئەو شارە بکرێت لە رووی ئاسایشەوە.
ترەمپ، بەڵێن دەدات بە خێرایی کێشەی تاوان لەو شارە چارەسەردەکات، وەک چۆن لە ماوەی رابردوودا کێشەی واشنتۆن دی سی چارەسەرکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، جەی بی پریتزکەر حاکمی دیموکراتەکانی ویلایەتی ئیلینۆیسە کە شیکاگۆی لێیە، زۆر پێویستی بە یارمەتی هەیە، بەڵام هێشتا درکی پێناکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماری رێژەی تاوانی لەو شارە ئاشکراکردووە، کە تا کۆتایی هەفتەیی رابردوو 54 کەس لە شیکاگۆ تەقەیان لێکراوە و هەشت کەسیان کوژراون.
لە کۆتایی قسەکانیدا ترەمپ ئاماژەی بەوەکردووە، بەمزووانە سەلامەتی و ئاسایش دەگەڕێنێتەوە بۆ شیکاگۆ.
جێگەی ئاماژەیە، سەرۆکی کۆمارییەکان چەندین جار هەڕەشەی ناردنی هەزاران سەربازی ئەمەریکای کرد بۆ مۆڵگەکانی دیموکراتەکانی وەک شیکاگۆ و بالتیمۆر، ئەو شارانەی بە وتەی خۆی بەدەست رێژەی بەرزی تاوان و ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە دەناڵێنن.
هەروەها ترەمپ لە مانگی ئابدا هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی بۆ واشنتۆن رەوانە کرد، ئەمەش بە وتەی خۆی ئاسایشی شارەکەی بەرزکردوەتەوە.