بەهۆی بومەلەرزەکەی ئەفغانستانەوە زیاتر لە هەزار و 400 گیانیان لەدەستداوە
٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
تادێت ئاماری گیان گیان لەدەستدان و قوربانیانی بومەلەرزەکەی ئەفغانستان زیاتر دەبێت و ژمارەی گیان لەدەستدانیش گەیشتوەتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس و زیاتر لە پێنج هەزار خانوو روخاون.
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، بەهۆی بومەلەرزەکەی دوێنێی رۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە ئاماری گیان لەدەستدان بۆ هەزار و 411 کەس بەرزبووەتەوە, سێ هەزار 124 کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها پێنج هەزار و 400 خانوش روخاون، چەندین گوندیش بەهۆی زیانی زۆرەوە دانیشتوانەکەی گوازراونەتەوە بۆ ناوچەیەکی سەلامەت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشبینی دەکرێت سەدان کەس لەژێر داروپەردووی خانو و شوێنە روخاوەکاندا بەجێمابن، هەروەها هەوڵە فریاگوزاریەکان بەردەوامە بۆ رزگارکردن و چارەسەرکردنی بریندارانی بومەلەرزەکە.
ئەفغانستان، بە بەردەوامی روبەڕوی بومەلەرزە دەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی وڵاتەکەیە کە دەکەوێتە سەر هێڵی بەریەککەوتنی پلێتە تەکتۆنیە ئاسیایی وئەوروپیەکان لە ناوچەی شاخاوی هیندو کوش، هەروەها هەڵکەوتەی شاخاویی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان مەترسی داڕمانی زەویی لێ دەکەوێتەوە، ئەمەش ئۆپەراسیۆنی تیمەکانی فریاگوزاری بۆ گەیاندنی یارمەتی و رزگارکردنی هاووڵاتیان زۆر قورس دەکات.