ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ساڵی داھاتووش بڕی ئەو نەوتەی کە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت لە رێگەی عێراقەوە و بە نرخی سۆمۆ بیفرۆشێت وەک خۆی دەمێنێتەوە کە ٢٥٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانەیە.
وتیشی، عێراق لە ئێستادا رۆژانە سێ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ئامانجیشیان ئەوەیە سەرەتای ساڵی داھاتوو ئەم بڕە بگەیەننە سێ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل کە رێکخراوی ئۆپیک بۆی دیاری کردوون.لەبارەی نرخی نەوتیشەوە ئیحسان عەبدولجەبار دەڵێت، ئۆپیک نایەوێت نرخی نەوت بەرز یان نزم بکاتەوە بەڵکو دەیەوێت جێگیری بکات.
زیاد جەباری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ بەیانی کوردسات نیوز رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی پێشوتری سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بڕیاردرا رۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجامبدرێت و بۆچوونی لایەنەکان لەبارەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم، یاسای ھەڵبژاردنەکان و نوسینەوەی دەستوری ھەرێم ئاشکرا بکرێت.
باسی لەوەشکرد، وەکو فراکسیۆنی یەکێتی ئامادەییمان دەبێت لە کۆبوونەوەکە و بۆچوونی خۆمان لەبارەی ھەرسێ پرسەکە ئاشکرا دەکەین و پێمان وایە ھەرسێ پرسەکە گرنگی خۆی ھەیەو رەھەندی نیشمانییان ھەیەو پێویستی بە یەکدەنگی لایەنەکان ھەیە.
تەعریب کردن لەسنوری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بەقەزای دوبز لەپارێزگای کەرکوک بەردەوامە و ژمارەیەک لەو خێزانە ھاوردانەی گەڕاونەتەوە، لەگوندی شەناغە سەر بەناحیەی سەرگەڕان نیشتەجێبوون، کە گوندێکی کوردنشینە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە پەیوەندیدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی گەڕانەوەی ئەو خێزانانە.
ئەو خێزانەی گەڕاونەتەوە، عەرەبی ھاوردەن و خەڵکی پارێزگاکانی کوت و واستن و پێشتریش قەرەبووی ماددەی ١٤٠یان وەرگرتووە و گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی پێشوویان.
وەزارەتی دادی ھەرێمی کوردستان بە نوسراوی ژمارە ٢٠/٨٤٩ لە ٩ی ئەم مانگە بڕیاریداوە بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی دوو و سێی جێبەجێکردنی ھەولێریش بڕیاری کردنەوەیان لەسەر دراوە.
لە ئێستاشدا وەزارەتی داد سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ دانانی فەرمانبەر و دیاریکردنی شوێنێکی گونجاو.
گرنگی کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەش ئەوەیە کە کار دەکان بۆ وەرگرتنی ئەو دۆسێیانەی لە بەغداد و ناوچە کێشە لەسەرەکانەوە دێن.
لەسەر راسپاردەی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان کۆبووە و وتی، پێداچوونەوەی ورد بەو زیادەڕەوییانە دەکەن کە لەسەر زەوی کشتوکاڵیی ئەنجامدراون و سزای ئەو کەسانەش دەدەن کە تێوەگلاون و سەرپێچی بڕیارەکان دەکەن.
مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا بەڵگەی ژەهرخواردنەكەی بۆ میدیاكاران خستەڕوو و رایگەیاند، بە بەڵگە و بە راپۆرتی پزیشكی ئەوە پشتراستكراوەتەوە كە ژەهرخوارد كراوم و هیچ تەمومژێك لەسەر تاوانی ژەهرخواردكردنم نەماوە، وتیشی، لە ناو یەكێتی ولە رێگەی خواردنەوە ژەهرەكەم پێدراوە، ئاشكراشیكرد، ئەوەی بەسەریەكێتیدا هاتووە لەژەهرخواردكردن مەترسیدارترە.
"دلۆڤان محەمەد" بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر بەپێویستی دەزانێت خەڵك ڤاكسین وەربگرن و بەردەوامبن لە خۆپارێزی و دووركەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ، راشیگەیاند، لە خواروو ناوەڕاستی عێراق رێژەی تووشبوون زۆر زیادی كردووە و شەپۆلی چوارەم رووی لە ناوچەكە كردووە، بۆیە پێشبینی دەكەن شەپۆڵی سێیەم و چوارەم لە "هەولێر" تێكەڵ بەیەك بن و ژمارەكەش روو لە زیادبوون بكات.
"پشتیوان عەبدولكەریم" بەڕێوەبەری پێشووی گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان داوایكرد هەنگاوەكانی 10 ساڵی رابردوو درێژەی پێبدرێت و وتی ناوچەكە شوێنی گونجاوی هەیە بۆ كەرتی گەشتیاری و پێویستە دەستی خزمەتگوزاری بۆ ئەوناوچانە درێژبكرێت.