میدیاکان: مەزڵوم عەبدی و باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق کۆبونەتەوە
بڵند
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٦
سەرچاوە نزیکەکان لە حکومەتی سوریا ئاشکرایان کردووە، کە لە هەفتەی رابردوودا، دیمەشقی پایتەخت شایەدی کۆبوونەوەیەکی بێپێشینە بووە لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و نوح یەڵماز، باڵیۆزی تورکیا لە سوریا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لەم دیدارەدا هەردوولا پرسی پرۆسەی ئاشتییان تاوتوێ کردووە، کە ئەنقەرە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستی پێکردووە، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر کاریگەرییەکانی ئەم پرۆسەیە لەسەر کوردانی سوریا و پرسی چوونە دەرەوەی کادرە کۆنەکانی پەکەکە لە خاکی سوریا.
بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان، باڵیۆزی تورکیا ئاماژەی بە ئەگەری پێشوازیکردن لە مەزڵوم عەبدی لە ئەنقەرە داوە لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر لەلایەن تورکیاوە وەک کەسێکی داواکراو دەبینرا.
هەروەها جەخت لەسەر خێراکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی "هەسەدە" لەناو دامەزراوەکانی حکومەتی سوریادا کراوەتەوە وەک بەشێکی سەرەکی لە لێکتێگەیشتنەکانی قۆناغی گواستنەوە، ئەمە لە کاتیكدایە تا ئێستا هێزەکانی سوریای دیموکرات هیچ لێدوانێکی رەسمیان لەسەر ئەم هەواڵە نەداوە.


