قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە یازدەیەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابوریی دێڵفی لەگەڵ دیمیتریس پاپاستێرجیو، وەزیری حکومڕانی ئەلیکترۆنی و زیرەکیی دەستکردی یۆنان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی هەینی (24/4/2026) بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی حکومڕانیی ئەلیکترۆنیی یۆنان و بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بۆ باشتر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.

لەمبارەیەوە بڕیاردرا لینکێکی نوێی پەیوەندی لە نێوان پسپۆڕانی هەردوو حکومەتی یۆنان و هەرێم بکرێتەوە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان. هەروەها بە پێویست زانرا سەنتەرێکی زانیاری بۆ حکومەتی هەرێم دروست بکرێت تا یارمەتیدەربێت لە باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی حکومەت.

هەردوولا هاوڕابوون حکومڕانیی ئەلیکترۆنی یارمەتیدەر دەبێت لە پرسی شەفافییەت و متمانەی نێوان حکومەت و هاووڵاتییان بەهێزتر دەکات، جگە لەوەش شێوازی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان خێراتر دەکات.

لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە هەوڵەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی حکومەتی هەرێم، لەوانە بایۆمەتری و پۆرتاڵی خزمەت و ماڵپەڕی شەفافییەت و روونیکردەوە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا ژێرخانێکی باش بۆ حکومڕانی ئەلیکترۆنی دانراوە و هەرچەندە هێشتا زۆر هەنگاو ماوە بنرێت، بەڵام ئەو کارانەی تا ئێستاش کراون، کارئاسانی باشیان بۆ حکومەت و هاووڵاتییان دروست کردووە.

جێگری سەرۆکوەزیران وتیشی ئامانجمانە پۆڕتاڵی خزمەت و هەموو پرۆژەکانی دیکەی بەئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکان بە زیرەکیی دەستکردەوە ببەستینەوە تا بە شێوەیەکی شەفاف و خێرا مامەڵەی هاووڵاتییان جێبەجێ بکرێت.